وه‌زیرێكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم: به‌بێ بوونی كۆتای‌ پێكهاته‌كان، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ناكرێت

‌ئایدن مه‌عروف

وێستگه‌نیوز-
وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌بێ بوونی نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌كان، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ناكرێت.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 20ی نیسانی 2024 ئایدن مه‌عروف، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان بۆ كوردستان24 وتی‌: "بوونی پێكهاته‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ و نوێنه‌رایه‌تییان له‌ په‌رله‌مان گرنگه‌ و پێویسته‌ به‌ هه‌ستیارییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت".

وتیشی‌: "بڕیاره‌كه‌ی دادگه‌ی فیدراڵی ناده‌ستوورییه‌ و دژی بوونی پێكهاته‌كان و فه‌رهه‌نگی به‌یه‌كه‌وه‌ژیانه‌".

وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ "بڕیاره‌كه‌ی دادگه‌ی فیدراڵی دژی سیسته‌می كۆتاكان بوو، له‌ كاتێكدا له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ یاسا ڕێك خراوه‌".

ئایدن مه‌عروف راشیگه‌یاند كه‌ "به‌بێ بوونی نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌كان و نه‌هێشتنی سیسته‌می كۆتا، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ناكرێت".

راشیگه‌یاند كه‌ "هه‌ڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌رامبه‌ر به‌ پێكهاته‌كان و سیسته‌می كۆتا، زۆر جددی بوو".

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، 21-02-2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری‌ دا كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراق ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رپه‌رشتیكردنی خولی شه‌شه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بگرێته‌ ئه‌ستۆ و بۆ خولی شه‌شه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان؛ هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ر چوار بازنه‌ی هه‌ڵبژاردندا دابه‌ش ده‌كرێت و ژماره‌ی كورسی كوتاكان كه‌ 11 كورسین هه‌ڵبوه‌شێندرێنه‌وه‌ و ناده‌ستوورین؛ به‌و پێیه‌ش كۆی ژماره‌ی كورسی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 111 كورسییه‌وه‌ ده‌كرێنه‌ 100 كورسی.

ئه‌م لێدوانه‌ی‌ ئایدن مه‌عروف له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بڕیاری‌ داوه‌ رۆژی‌ 10ی‌ حوزه‌یران هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئه‌نجام بدرێت و كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراقیش به‌رده‌وامه‌ له‌ ئاماده‌كارییه‌كانی‌ بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه‌.


PM:07:13:20/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت