دوای‌ رووداوه‌كه‌ی‌ دوكان، هاتووچۆی سلێمانی رێوشوێنێك ده‌گرێته‌به‌ر


وێستگه‌نیوز-
دوای‌ رووداوه‌كه‌ی‌ به‌یانی‌ ئه‌مڕۆی‌ قه‌زای‌ دوكان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی سلێمانی بڕیاری‌ دا رۆژانی‌ هه‌ینی‌ هاتووچۆی‌ ئۆتۆمبێلی‌ بارهه‌ڵگر له‌ چه‌ند رێگایه‌ك و بۆ ماوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌ بكرێت.


كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی سلێمانی ئاگادارییه‌كی‌ ئاراسته‌ی‌ شۆفێرانی بارهه‌ڵگر كرد و تیایدا هاتووه‌ كه‌ "‎له‌ پێناو سه‌لامه‌تی گیانی هاوڵاتییان و گه‌شتیاران به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی سلێمانی بڕیاریدا له‌ ڕۆژانی هه‌ینی هاتووچۆی بارهه‌ڵگره‌كان له‌ كاتژمێر 7ی به‌یانی بۆ 7ی ئێواره‌ قه‌ده‌غه‌ بكات".

به‌پێی‌ ئاگادارییه‌كه‌، هاتووچۆی‌ بارهه‌ڵگره‌كان له‌م شوێنانه‌ی خواره‌وه‌ و له‌و كاته‌دا قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت:

‎ڕێگای دوكان ـ سلێمانی و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌

‎ڕێگای قه‌ره‌داغ

‎شه‌قامی هه‌واری شار بۆ تونێلی پێشڕه‌و

‎ڕێگای سه‌رجه‌م ئه‌و سه‌یرانگایانه‌ی له‌ سنووری شاره‌زووردان


جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "سه‌رجه‌م مه‌فره‌زه‌كان و بازگه‌كان و قه‌زای ناوه‌ند هه‌ڵده‌ستن به‌كاری چاودێری و لێپرسینه‌وه‌ له‌و شۆفێرانه‌ی پابه‌ندی ئه‌م بڕیاره‌ نابن"

‎ هاتووچۆی سلێمانی داواش له‌شۆفێرانی بارهه‌ڵگر ده‌كات :پابه‌ندبن تا به‌دووربن له‌ كاره‌ساته‌كانی هاتووچۆ و هه‌م له‌ لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی".

ئه‌م بڕیاره‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌ ۲٦/٠٤/۲٠۲٤ له‌سه‌ر ڕێگای سلێمانی ـ دوكان   شوفێرێكی به‌ره‌گه‌ز عه‌ره‌ب به‌ ئۆتۆمبێله‌ بارهه‌ڵگره‌كه‌ی له‌ ئه‌نجامی  له‌ده‌ستدانی كۆنترۆڵی  ئۆتۆمبێله‌كه‌ی خۆی ده‌كێشت به‌ دوو ئوتومبێلدا و پاشان به‌ ئاراسته‌ی بازگه‌ی دوكان سلێمانی خۆی ده‌كێشت به‌  سیانزه‌ ئۆتۆمبێلی تردا  له‌ ئه‌نجامی ئه‌م ڕووداوه‌  پانزه‌ كه‌س برینداربوون.


PM:06:34:26/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1068 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت