له‌ڕێگه‌ی قاچاخی هاتن بۆ هه‌رێم بیانییه‌ك گیانی له‌ده‌ست دا و 7ی تریش ده‌ستگیركران
وێستگه‌نیوز-
له‌ڕێگه‌ی قاچاخی هاتن بۆ هه‌رێمی كوردستان هاوڵاتییه‌كی بیانی به‌ڕه‌گه‌ز نه‌یجیری گیانی له‌ده‌ست دا و 7ی تریش ده‌ستگیركران.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌نێوان گوندی شێنێ و گۆڕه‌شێر واتا له‌نێوان رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و باشووری كوردستان كۆمه‌ڵێك هاوڵاتی بیانی ویستویانه له‌وڵاتی ئێرانه‌وه به‌قاچاغ بێنه هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام یه‌كێكیان گیانی له‌ده‌ست دا و 7ی تریان له‌لایه‌ن پۆلیسی فریاكه‌وتنی پشده‌ر ده‌ستگیركراون.
رابه‌ر حه‌سه‌ن وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی راپه‌ڕین له‌لێدوانێكدا بۆ وێستگه‌نیوز، وتی: "ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی بیانی ویستویانه له ئێرانه‌وه به‌قاچاغ بێنه هه‌رێمی كوردستان كه 8 كه‌س بوون".
وتیشی: "حه‌وتیان ده‌ستگیركران و یه‌كێكیان كه ناوی عه‌بدولمه‌جید نیامۆت-ه و له‌دایكبووی 1966ه و به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك نه‌یجیرییه گیانی له‌ده‌ست داوه".
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه "به‌وته‌ی شایه‌تحاڵه‌كان ئه‌و كه‌سه له شاخ هه‌ڵدێراوه و به‌وهۆیه‌وه گیانی له‌ده‌ست داوه".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه "شوێنه‌واری برین به‌سه‌ر جه‌سته‌یه‌وه هه‌یه، ته‌رمه‌كه‌شی گواستراوه‌ته‌وه بۆ نه‌خۆشخانه‌ی گشتی قه‌ڵادزێ و له‌وێشه‌وه بۆ په‌یمانگای دادوه‌ری سلێمانی به‌مه‌به‌ستی زانینی هۆكاری مردنه‌كه‌ی".
وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی راپه‌ڕین راشیگه‌یاند كه ئه‌و كه‌سانه ویستوویانه له‌وڵاتی ئێرانه‌وه به‌شێوه‌ی نایاسایی بێنه هه‌رێمی كوردستان هه‌ربۆیه ده‌ستگیركراون.
PM:10:37:26/04/2024
ئه‌م بابه‌ته 1544
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت