ئاستى فرۆشتنی دۆلار دابەزی

‌ئەمڕۆ بانكی‌ ناوەندی‌ عیراق بڕی 152 ملیۆن و 798 هەزار و 732 دۆلاری‌ فرۆشت

وێستگە نیوز- 

بانكی‌ ناوەندی‌، بڕی 152 ملیۆن دۆلاری‌ خستە بازاڕەوە، ئەوەش بەراورد بە رۆژی پێشوو كە 157 ملیۆن دۆلار بوو، دابەزینی بەخۆوەبینی.   

بانكی‌ ناوەندی‌ عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئەمڕۆ سێ‌ شەممە بڕی 152 ملیۆن و 798 هەزار و 732 دۆلاری‌ بە نرخی‌ 1182 دینار بۆ دۆلارێك فرۆشتووە، لەپرۆسەی‌ فرۆشتنەكەشدا 32 بانك و 14 كۆمپانیای‌ حەواڵەی‌ دارایی‌ بەشدارییان كردووە.
 
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە كە بڕی فرۆشتنی دۆلار بە بانك و كۆمپانیاكانی حەواڵەی دارایی گەیشتووەتە 123 ملیۆن و 48 هەزار و 732 دۆلار، 29 ملیۆن و 750 هەزار دۆلاریش بەشێوەی كاش فرۆشراوە.

بانكی‌ ناوەندی‌ لە بەیاننامەكەیدا جەختی‌ لەسەر بەردەوامبوون لەسەر فرۆشتن‌ و كڕینی‌ دۆلار بە بەهای‌ 1182 دینار كردەوە، بەهای‌ فرۆشتنی‌ دۆلاریشی‌ بۆ كۆمپانیاكانی‌ حەواڵەی‌ دارایی‌ بە 1190 دینار بۆ دۆلارێك دیاریكرد كە عمولەی‌ 24 دینار بۆ هەر دۆلارێكی‌ لەگەڵدا بووە.

هەروەها فرۆشتنیش بەشێوەی‌ كاش بە بەهای‌ 1182 دینار بووە بۆ دۆلارێك، كە 24 دینار بۆ هەر دۆلارێك عمولەی‌ بانكی‌ ناوەندی‌ لەگەڵدابووە.
بەپێی‌ ئامارێك، لە سەرەتای‌ ساڵی‌ 2016 تا  ئەمڕۆ 2016/10/18 بانكی‌ ناوەندی‌ عیراق 25 ملیار و 14 ملیۆن و 457 هەزار و 509 دۆلاری‌ لە فرۆشتنی‌ ئاشكرای‌ دراوە بیانییەكاندا فرۆشتووە.

لەم ماوەیەی دواییدا  بانكی ناوەندی عیراقی، رێنمایی بۆ بانكە مۆڵەتپێدراوەكان و كۆمپانیاكانی حەواڵەی دارایی و كۆمپانیاكانی كڕین و فرۆشتنی دراوە  بیانییەكان دەركرد كە دەبێت بڕی فرۆشتنی دراوی بیانی و دۆلاری ئەمریكایی بۆ ئەو كەسانە كەمبكەنەوە كە دەیانەوێت سەفەری دەرەوەی وڵات بكەن.

بانكی ناوەندی بڕی فرۆشتنی بۆ ئەو لایەنەنانە بە 3 هەزار دۆلار لە بڕی5  هەزار دۆلار بۆ هەر هاوڵاتییەك دیاریی كرد كە دەیەوێت سەفەری دەرەوەی وڵات بكات و دراوی دۆلار بۆ خەرجییەكانی لە دەرەوەی وڵات دابین بكات.
     
ماوەیەكە بەهای‌ دۆلار لەبەرانبەر دیناری‌ عیراقی‌ لە بازاڕەكانی‌ ناوخۆدا بەشێوەیەكی‌ بەرچاو رووی‌ لە بەرزبوونەوە كردووە، ئەمڕۆش بەهای‌ 100 دۆلار لەبەرانبەر دیناری‌ عیراقی‌ لەكاتی كردنەوەی بازاڕدا  لە شاری‌ سلێمانی،‌  بە 130 هەزار و 250 دینار بوو


PM:04:14:18/10/2016


ئه‌م بابه‌ته 2098 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت