مالیكی لەسەر موسڵ هۆشداریی دەداتە توركیا


وێستگە نیوز- 

نوری مالیكی هۆشداریدایە توركیا لە گەمەكردن بە سنوری ئیداریی شاری موسڵ و ئەو وڵاتەشی بە یەكێك لە هۆكارەكانی داگیركردنی شارەكە لەلایەن داعشەوە لەقەڵەمدا. 

نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە میانی چاوپێكەوتنی لەگەڵ  ئیلیا ئەناتۆلیڤیچ مارگۆنۆڤ باڵێوزی كۆماری روسیا لە عیراق بەبۆنەی كۆتایهاتنی ماوەی كارەكەی، هۆشداریدایە توركیا لە گەمەكردن بە سنوری ئیداری شاری موسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا كە لەئێستادا هێزە عیراقییەكان ئۆپەراسیۆنێكی گەورەیان بۆ رزگاركردنی لە چنگی رێكخراوی داعش، دەستپێكردووە.    

دوابەدوای چاوپێكەوتنەكە، مالیكی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، لەپاش گەڕانەوەی موسڵ بۆ ئامێزی نیشتیمان، سەردەمی داعش بەمزوانە كۆتایی دێت، سەرلەنوێ‌ هەموو جۆرەكانی دەستێوەردانی دەرەكی بە بیانووی بەگژداچوونەوەی داعش، رەتكردەوە. 
مالیكی هۆشداریی دادەتە ئەو لایەنانەی كە دەستییان لە كەوتنی موسڵدا هەبووە لە گەمە كردن بە سنوری ئیداری شارەكە و توركیاشی بە یەكێك لەو لایەنانە وەسفكردووە كە دەستیان لە كەوتنی موسڵدا هەبوو، ئاماژەش بەوە دەكات كە دەستوەردانی توركیا لە عیراق، وێنكاریی و كاولكاریی بۆ ئەو وڵاتە دەهێنێت. 

لە 10ی حوزەیرانی ساڵی 2014، چەكدارانی رێكخراوی داعش، شاری موسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوایان كۆنترۆڵ كرد، دواتر بەرەو پارێزگاكانی تر دەستییان بە پێشڕەوی كرد و ناوچەیەكی بەرینیان لە پارێزگاكانی ئەنبار و سەڵاحەدین و دیالە كۆنترۆڵ كرد، وێڕای دەستبەسەرداگرتنی چەند ناوچەیەك لە باشووری پارێزگای كەركوك، لەئێستاشدا هێزە عیراقییەكان بەبەشداریی سوپا و هێزەكانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و حەشدی نیشتیمانی، ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی موسڵییان دەستپێكردووە كە بە دوا مۆڵگەی داعش لە عیراقدا دادەنرێت و لە حەوتەم رۆژی ئۆپەراسیۆنەكەشدا پێشڕەوییەكانی ئەوهێزە لە پارێزگای نەینەوا، بەرەو شاری موسڵ بەردەوامە. 
    


  
 


PM:06:52:24/10/2016


ئه‌م بابه‌ته 3015 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو