سەرچاوەیەك: سەدان چەكداری داعش لە سوریاوە روو لە موسڵ دەكەن
وێستگە نیوز-
ناوەندەكانی فەرەنسا باس لەوە دەكەن كە سەدان چەكداری داعش لەم چەند رۆژەی دواییدا لە سوریاوە گەیشتوونەتە شاری موسڵ.
وەك ئاژانسی فرانس پرێس ئاماژەی پێكردووە، چەكدارانی داعش لە سوریاوە روو لە شاری موسڵی عیراقی دەكەن، نەك بە پێچەوانەوە، چەدان چەكداری ئەو رێكخراوەش لەم چەند رۆژەی دواییدا لە سوریاوە گەیشتوونەتە شاری موسڵ.
ئاژانسەكە لە زاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردووەتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە داعش بە هەموو شێوەیەك هەوڵ بدات بەرپەرچی ئۆپراسیۆنەكەی موسڵ بداتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش تەواوی تواناكانی خۆی بخاتەگەڕ.
لە 17ی ئەم مانگەدا ، ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شاری موسڵ بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستیپێكرد و لێوەی هەوڵ دەدرێت ئەو شارە لە چنگی رێكخراوی داعش رزگاربكرێت كە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014وە دەستی بەسەرداگرتووە.
وابڕیارە سبەینێ سێ شەممە، 13 وەزیری بەرگری وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە پاریس كۆببنەوە بۆ تاوتوێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی موسڵ و سیناریۆكانی پێش دەرپەڕاندنی ئەو رێكخراوە لە شارەكە و قۆناغەكانی دوای داعش لە موسڵ.
بەپێی هەڵسەنگاندنە خۆرئاواییەكان، نزیكەی پێنج هەزار بۆ شەش هەزار چەكداری جیهادی لەنێو موسڵدا هەن، كەسە نزیكەكانی وەزیری بەرگری فەرەنساش بەپێویستی دەزانن، رێگە لە مەترسی هەڵاتنی بەكۆمەڵ بگیرێت لە موسڵەوە بۆ رقە كە بە مۆڵگەی جیهادییەكان لە سوریادا دادەنرێت.
فەرەنسا جەخت لەسەر پێویستی ئامادەكارییەكان دەكاتەوە بۆ رزگاركردنی شاری رقە لە دوای موسڵ، ئاشتۆن كارتەر وەزیری بەرگری ئەمریكا پێشتر داوای كرد، هاوكات لەگەڵ هێرشەكان بۆ رزگاركردنی موسڵ، پرۆسەیەك بۆ دابڕینی جیهادییەكان لە رقە ئەنجام بدرێت.
PM:09:10:24/10/2016
ئهم بابهته 4364
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت