رزگاركردنی قەزای تەلەعفەر بە هێزێكی حەشدی شەعبی دەسپێردرێت


وێستگە نیوز- 

حەشدی شەعبی، بزوتنەوەی ئەهلی حەقی بۆ رزگاركردنی قەزای تەلەعفەر لە چنگی چەكدارانی داعش لە میحوەری خۆرئاوای شاری موسڵ، راسپارد. 

 جەواد تڵێباوی وتەبێژی هێزەكانی بزوتنەوەی ئەهلی حەق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەپێی ئەو رێنماییانەی لەلایەن ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبییەوە پێمان گەیشتووە، دەبێت هێزەكانی بزوتنەوەی ئەهلی حەق قەزای تەلەعفەر و ناوچەكانی لە چنگی رێكخراوی داعش رزگاربكات". 

وەك تڵێباوی ئاماژەی پێكرد، میحوەری تەلەعفەر، گرنگییەكی گەورەی هەیە، چونكە دەبێتە مایەی رێگرتن لە هێڵی گەیشتنی كۆمەك بە چەكدارانی داعش و بە تەواوەتی رێگەی پەڕینەوەیان لە موسڵەوە لێدەگرێت بۆ سوریا، ئەوەش بە وتەی ئەو، قورسترین میحوەرە كە بە بزوتنەوەكەیان سپێردراوە. 

وەك چاوەڕوان دەكرا، بەرەبەیانی‌ دوو شەممەی رابردوو  2016/10/17، پڕۆسەی‌ كۆنترۆڵكردنەوەی‌ شاری‌ موسڵ‌ دەستی‌ پێكرد، هەواڵەكانیش باسیان لەوە كرد كە چەكدارانی‌ رێكخراوی‌ دەوڵەتی‌ ئیسلامی‌ ناسراو بە داعش لە ناوچەی‌ خۆرهەڵاتی‌ شارەكە كشاونەتەوە.

لە وتەیەكدا كە لە كەناڵی‌ رەسمی‌ عیراقەوە پێشكەشكرا و ژمارەیەك فەرماندەی‌ باڵای‌ سەربازی‌ لە چواردەوری‌ بوون، حەیدەر عەبادی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ عیراق دەستپێكردنی پرۆسەی‌ ئازادكردنی‌ موسڵ‌ی راگەیاند.

عەبادی‌ وتی‌: "ئەمڕۆ رایدەگەیەنم كە ئەم پڕۆسەیە بۆ ئازادكرنی‌ هاوڵاتیانی‌ عیراق و دانیشتووانی‌ شاری‌ موسڵ‌ لە زوڵم و زۆری‌ داعش دەستی‌ پێكردووە".

سەرۆك وەزیرانی‌ عیراق جەختیشی‌ لەوە كردەوە كە تەنها سوپای‌ عیراق و هێزەكانی‌ پۆلیس دەچنە ناو شارەكەوە.

لای‌ خۆیەوە ئاشتۆن كارتەر وەزیری‌ بەرگری‌ ئەمریكا رایگەیاند كە پڕۆسەی‌ سەربازی‌ كۆنترڵكردنەوەی‌ شاری‌ موسڵ‌ لە دەستی‌ چەكدارانی‌ داعش، ساتێكی‌ یەكلاكەرەوەیە لە شەڕ دژی‌ ئەو رێكخراوە توندڕەوە.

ئاشتۆن كارتەر وتی‌: "ئەمە ساتێكی‌ یەكلاكەرەوەیە لە هەڵمەتەكەمان بۆ شكستپێهێنانی‌ هەمیشەیی رێكخراوی‌ داعش".

وتیشی‌: "دڵنیایین هاوپەیمانە عیراقییەكانمان، دوژمنە هاوبەشەكەمان شكست پێدێنن و موسڵ‌  و ناوچەكانی‌ دیكەی‌ عیراق لە وەحشیگەرایی و دژایەتی‌ داعش رزگار دەكەن".

لای‌ خۆیەوە بریت ماك گۆرك نوێنەری‌ باراك ئۆباما سەرۆكی‌ ویلایەتە یەكگرتووەكانی‌ ئەمریكا لە هاوپەیمانی‌ نێودەوڵەتی‌ دژی‌ داعش لە تۆڕی‌ كۆمەڵایەتی‌ تویتەر رایگەیاند كە "شانازی‌ دەكەین بەوەی‌ لە پڕۆسەی‌ موسڵ‌ لەگەڵ‌ عیراقییەكانداین".

بەڵام رێكخراوی‌ گشتی‌ نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانی‌ لە چارەنووسی‌ ملیۆن و نیوێك هاوڵاتی‌ عیراقی‌ نیشتەجێی‌ شارەكە دەربڕی‌.

هەر لەو چوارچێوەیەدا مەسعود بارزانی رایگەیاند، لەیەكەم رۆژی ئۆپەراسیۆنەكەدا بۆ سەر چەكدارانی داعش، توانراوە 200 كلیۆمەتر چوارگۆشە لە دەستی داعش دەربهێنن و سەركەوتنی گەورە بەدەستبهێنن، ئەو رۆژەشی وەك رۆژێكی مێژوویی و وەرچەرخانێك لە شەڕی دژی تیرۆر، وەسفكرد.



         
 


PM:11:47:24/10/2016


ئه‌م بابه‌ته 1637 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت