ئاشتی هەورامی: هەرێم زیاتر لە دوو ملیار دۆلار قەرزاریی كۆمپانیاكانە


وێستگە نیوز-


وەزیری سامەنە سروشتییەكان ڕایگەیاند، بەهۆی كێشەكانی ساڵانی ڕابردوو، ئێستا حكومەتی هەرێم زیاتر لە دوو ملیار دۆلار قەرزاری كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوتە.

ئاشتی هەورامی وەزیری سامەنە سروشتییەكانی حكمومەتی هەرێمی كوردستان لە دیداری میری لە هەولێر رایگەیاند، بەهۆی كێشەكانی ساڵانی ڕابردوو، ئێستا حكومەتی هەرێم زیاتر لە دوو ملیار دۆلار قەرزاری كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوتە، رەتیشكردەوە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا ببێتە مایەی چارەسەركردنی قەیرانە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.  

بە وتەی ئاشتی هەورامی،  ئەم قەيرانە بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت چارەسەر نابێت و تائێستاش كەس نییە قەرز بدات بە حكومەتی هەرێم، بۆیە بەناچاری پەنایان بۆ كەمكردنەوەی موچە بردووە، ئاماژە بە خەرجكردنی زیاتر لە 20 ملیار دۆلاریش دەكات بۆ دابینكردنی سوتەمەنی ناوخۆ.     
 
ئەو وەزیرەی حكومەتی هەرێم دەڵێت ، قەیرانی دارایی تەنیا كێشەی حكومەت نییە، بەڵكو كێشەی خەڵك و لایەنە سیاسییەكانیشە، بۆیە بەپێویستی دەزانێت قەیرانەكە لە موزایەدەی سیاسی جیابكرێتەوە. 

 سەبارەت بە دابینكردنی موچەی فەرمانبەران، لەگەڵ ئەوەی ئاشتی هەورامی ئاماژە بە هەناردەكردنی 600 هەزار بەرمیل دەكات لە رۆژێكدا، دەڵێت مانگانە پارەمان لە بانكە ئەهلییەكان وەرگرتووە بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەران و بەوهۆیەشەوە، 8 ملیار دۆلاری بانكە ئەهلییەكان قەرزارن. 

ئاشتی هەورامی، دابەزینی نرخی نەوتیشی وەك هۆكارێك بۆ دابیننەكردنی شایستە دارایی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت وەسفكرد كە لەئێستادا هەرێم بە وتەی ئەو، زیاتر لە دوو ملیار دۆلار قەرزاری ئەو كۆمپانیایانەیە و وتیشی: سوپاس بۆ خودا كە نرخی نەوت دابەزی، بۆ ئەوەی تێبگەین كە هەموو ئومێدەكانمان بە نەوتدا هەڵنەواسین و لە ئێستاشدا كە قەیرانە دەست بخەینە سەر گرفت و كێشەكان". 


ئاشتی هەورامی رێككەوتن لەگەڵ بەغدا و رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ)، بە چارەسەر نازانێت و پێی وایە گەر نرخی نەوتیش بەرزببێتەوە، قەیرانە داراییەكانی هەرێم وەك خۆیان دەمێننەوە و چارەسەر نابن. 

لە كۆتایی ساڵی 2014، حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لە هەولێر رێككەوتنێكیان بۆ چارەسەركردنی ناكۆكۆكییەكان لەسەر نەوت ئیمزا كرد، بەپێی رێككەتنەكە، دەبوو هەرێمی كوردستان بە نەوتی كێڵگە نەوتییەكانی كەركوكەوە رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات لەڕێی بەندەری جەیهانی توركیا و نەوتەكەش رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوت عیراق (سۆمۆ) بكات، تا لەبەرانبەردا حكومەتی فیدراڵ پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی و موچەی فەرمانبەران رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات، ئەو رێككەوتنە چەند مانگێك لەنێوان هەردوولادا بەردەوام بوو، بەڵام دواتر لەبەر ئەوەی هەرێم بڕی پێویستی رۆژانەی هەناردەنەدەكرد و ئەوەشی بۆ كێشەی تەكنیكی دەگەڕاندەوە، رێككەوتنەكە لەنێوان هەولێر و بەغدادا هەڵوەشایەوە و هەردوولاش یەكترییان بە پێشێلكردنی رێككەوتنەكە تۆمەتبار دەكرد. 

حكومەتی هەرێمی كوردستان، وێڕای ئەوەی هەناردەكردنی نەوتی بەشێوەیەی سەربەخۆ وەك هەنگاوێك بۆ سەربەخۆیی ئابوری و پاشان راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ دەبینی، بەڵام لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكان و دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان، كێشە داراییەكانی قولتر بونەوە و بۆ ئەو مەبەستەش پەنای بۆ كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران برد كە لەئێستادا كێشەیەكی گەورەتری لە هەرێمدا خولقاندووە، چارەسەری حكومەتی هەرێمیش بۆ ئەم قەیرانەی ئێستا، وەك وەزیری سامانە سروشتییەكان ئاماژەی بۆ دەكات، نە رێككەوتنە لەگەڵ بەغدا و نە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە!     





PM:02:55:25/10/2016


ئه‌م بابه‌ته 3372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو