مۆدێلێکی نوێی ریش لەکوردستان
بۆ ئەم راپۆرتە قسە لەگەڵ چەندین گەنج کراوە کە بەو مۆدێلە ریشیان هێشتۆتەوە،
مۆدێلێکی نوێی ریش لەکوردستان
ریش هێشتنەوە لەسیاسەتەوە گۆڕاوە بۆ جوانکاریی
وێستگه- نیقاش موکریان کاوە
ئهگهر جاران ریش هێشتنهوه لهكوردستان بههۆی سیاسهت یان ئاینهوه بووبێت، ئێستا ئهوانی تێپهڕاندووهو ئهو ریشهی دههێڵدرێتهوه بۆ مۆدێلو جوانكارییه.
لەدوای ساڵی ١٩٨٠ کاتێ پێشمەرگە لەچیاکان هێزوبازوویان گەیشتە ئەوپەڕی، ریش هێشتنەوە بووە رەمزێکی ئەوان. ئەم تایبەتمەندییە تا سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوو هەروا مایەوە بۆیە هێشتنەوەی ریش لەناو شارەکانی کوردستاندا، خرایە ناو لیستی قەدەغەکراوەکانەوە لەلایەن حکومەتی ئەو کاتی عێراقەوە.
ئەفسانەی پێشمەرگە لەچیاکان کە پیاوێکی خەڵکی گەرمیان بوو، نازناوەکەی "مامە ریشە" بوو. هەر بۆیە سەدان پێشمەرگە هەبوون "ریشە" بووە پاشگری ناوەکانیانو هەندێکیان تائێستاش هەر بەو نازناوە بانگ دەکرێن.
دوای راپەڕینی خەڵکی کوردستان لەبەهاری ساڵی ١٩٩١و دامەزراندنی حکومەتی هەرێم، ئیتر ریش هێشتنەوە چیتر وەکو رەمزی پێشمەرگە نەمایەوە، بەڵکو تەنیا ئەندامانی هێزێکی وەکو (بزووتنەوەی ئیسلامی لەکوردستان) ریشیان دەهێشتەوە جیاوازییەکەیان لەگەڵ ریش هێشتنەوە پێشمەرگە، لەبەرسمێڵکردنا بوو کە ئەمە نەریتێکی کۆنی موسڵمانانە.
ساڵی ١٩٩٤ کاتێ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان وەکو حزبێکی میانڕەو خۆی راگەیاند، ریشی ئیسلامییەکان مۆدێلێکی دیکەی بۆ زیادبوو، ئەویش ریش هێشتنەوەیەکی تەنک بوو کە لەناو کورددا بە "ریشی قەڵەمی" ناوی دەبەن. ئەم دوو جۆرە لەریش هێشتنەوە بەردەوام بوو تا دەرکەوتنی رەوتێک بەناوی سەلەفییەکان، ریش هێشتنەوەی سەلەفییەکان لە هی هەردوو مۆدێلەکەی دیکە جیاوازە، بەڵام هەرسێکیان تایبەتمەندی کۆنی موسڵمانانی پێوە دیارە.
بۆیە بەدرێژایی سێ دەیەی رابردوو ریش هێشتنەوە لەکوردستان، تایبەتمەندییەکی سیاسییانەی هەبووە. بەڵام ئێستا لەناو گەنجانی کورد مۆدێلێکی دیکەی ریش هێشتنەوە بۆتە باو کە پێشتر وێنەی نەبووە.
بۆ ئەم راپۆرتە قسە لەگەڵ چەندین گەنج کراوە کە بەو مۆدێلە ریشیان هێشتۆتەوە، هیچیان ناوی مۆدێلەکە نازانن، بەڵام دەڵێن چونکە لەگەڵ سیماو روخساریان دەگونجێ، پێیانخۆشە ریش بهێڵنەوە. بەشێک لەوانە ئاماژەیان بەوە دەکرد کە هەلومەرجی سیاسیو ئابووریی کوردستان وای لێکردوون وەکو ناڕەزاییەک ریش بهێڵنەوە. بەڵام ئەوانە کەمینە بوون.
رەسەن کامیل گەنجێکی تەمەن ٢٣ ساڵان لەشاری سلێمانی کە ریشێکی پڕو زۆری هێشتۆتەوە بۆ "نیقاش" وتی "بۆ من گرنگ نییە ناوی مۆدێلەکە چییە، بەڵام باش دەزانم کە جوانو سەرنجڕاکێشەو هاوڕێو خزمەکانم پێشوازیی لەهێشتنەوەی ریشەکەم دەکەن".
رەسەن کاتێ داوای لێکرا لەسێ لای جیاوازەوە وێنەی بگیرێ، بەخۆشحاڵییەوە داواکەی قبوڵ کردو ئاماژەی بەوەکرد خەڵکێکی زۆر هەن کە بەم مۆدێلە ریشیان هێشتۆتەوە، بەڵام ئەوان دەڵێن کە بێزارن بەم رەوشە سیاسیو ئابوورییەی کوردستان.
لە پاڵ مۆدێلی ریش هێشتنەوەی رەسەنو هاوشێوەکانی، بەشێک لەگەنجانی لایەنگرانی تەیارە ئیسلامییەکان دەڵێن، ریش هێشتنەوە سوونەتی ئیسلامەو پێیان ناخۆشە کە گەنجانێک هەبن بۆ جوانکارییو رازاندنەوەی دەموچاویان ریش بهێڵنەوە.
کاروان موسلیم گەنجێکی تەمەن ٢١ ساڵانەو ریشی کە هێشتا تەنکەو پڕ نەبۆتەوە، بەدرێژیی هێشتووەتەوە کە روخساری بەجۆرێک نیشان دەدا گەورەتر بێ لەتەمەنی راستەقینەی خۆی.
کاروان یەکێکە لەشوێنکەوتووانی تەیاری سەلەفی کە ئەوانە بەریشێکی درێژو سمێڵێکی تاشراو دەناسرێنەوە بۆ نیقاش وتی "ریش هێشتنەوە یەکێکە لەسوننەتەکانی پێغەمبەری ئیسلام، من کە دەیبینم خەڵکانێکیش ریش دەهێڵنەوە لەگەڵ سمێڵێکی گەورە، بەراستی بێتاقەت دەبم، چونکە گوناحە بەناوی جوانکارییەوە، سوننەت تێک بدرێ. بەس رێزی ئەوە دەگرم ئازادی شەخسی خۆیانە".
لەپاڵ قسەی ئەو گەنجانەدا، شارەزایانی کۆمەڵناسیی دەڵێن ئەگەر پیشتر مۆرکێکی سیاسییانە زاڵ بووبێ بەسەر ریش هێشتنەوەدا، ئەوا ئێستا بووەتە حەزێکی شەخسییو هیچ پەیوەندی بەپەیامو خەسڵەتی سیاسییەوە نییە... بێجگە لەلایەنگرانی ئیسلامییەکان.
هاوژین مەلا ئەمین مامۆستای زانکۆ لەبەشی کۆمەڵناسیی زانکۆی سلێمانی سەبارەت بەم دیاردە کۆمەڵایەتییە بۆ نیقاش وتی "مۆدێلی هێشتنەوەی ریش بەم ستایلەی ئێستا، سنوورێکی دیاریکردووە لەگەڵ مۆدێلی ریش هێشتنەوەی سیاسییانە. ئەمەی ئێستا پەیوەندی بەدۆخی دەروونی ئەو کەسانەوە هەیە ریش دەهێڵنەوە کە گەنجان پێیانخۆشە جیاوازبن لەخەڵکی گشتی".
هاوژین بێجگە لەمامۆستاییەکەی، بۆ خۆی پسپۆرێتی هەیە لەفەلسەی ئیسلامی، سەبارەت بەریش هێشتنەوەی موسڵمانان وتی "بهگشتی ئاینو ترادیشن – نەریتەکانی پێش مۆدێرنێتە، بەهایەکی کۆمەڵایەتییان داوە بەریش. ئاینی ئیسلام لەهەمووان زیاتر. بەڵام لەدنیای تازەدا ریش هێشتنەوە بابەتێکی شەخسییەو کەس تەکلیف لێکراو نییە بۆ ئەوەی بەهێشتنەوەی ریشی تەعبیر لەبیروڕای بکات".
PM:12:20:22/11/2016
ئهم بابهته 5408
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت