نرخی ئه‌مڕۆی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهان


وێستگه‌ نیوزـ

دوای ڕێککەوتنی وڵاتانی ئۆپیک لەسەر سنوردارکردنی هەناردەی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان، نرخی‌ نەوت ڕووی‌ لەبەرزبوونەوە کردووە ئەمڕۆ سێشەممە 6ی کانونی یەکەمی 2016 نرخی بەرمیلێک نەوتی برنت بە 54 دۆلار و 52 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

 هاوکات نرخی‌ بەرمیلێک نەوتی‌ خاوی‌ ئەمەریکی‌ 51 دۆلار و 28 سەنتە.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە ڕۆژی‌ چوارشەممە 30 تشرینی‌ دووەمی‌ 2016 وڵاتانی‌ بەرهەمهێنی‌ نەوت (ئۆپیک) لە ڤیەننای‌ پایتەختی‌ نەمسا کۆبوونەوە بەمەبەستی‌ سنوردارکردنی‌ هەناردەی‌ نەوت بۆ بازاڕەکانی‌ جیهان.

 ئەگەرچی‌ پێشتر میدیا جیهانییەکان ناکۆکی‌ نێوان ئێران و عێراق و سعودیەیان بە هۆکاری‌ ڕێکنەکەوتی‌ وڵاتانی‌ ئۆپیک دادەنا، بەڵام ئەگەرەکان وا دەرنەچوو، توانیان بەزووی‌ بگەنە ئەنجام و بۆ یەکەمجار لە دوای هەشت ساڵ، وڵاتانی ئۆپیک ڕێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی‌ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، بەپێی ڕێکەوتنەکەش ملیۆنێک و 200 هەزار بەرمیل لە ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانە کەمدەکەنەوە.

پێش ڕێککەوتنەکە ڕۆژانە 33 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرا، لە دوای ڕێککەوتنەکەش، ملیۆنێک و 200 هەزار بەرمیل نەوت لە ئاستی‌ بەرهەمهێنانی‌ ڕۆژانە کەمدەکرێتەوە.


AM:10:38:06/12/2016


ئه‌م بابه‌ته 1103 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت