راگه‌یاندنی په‌رله‌مانی عیراق: عه‌بدولعه‌زیم عه‌جمان به‌ رووداوی هاتوچۆ گیانی له‌ده‌ستداوه‌


وێستگه‌ نیوز ـ
راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 10 كانوونی یه‌كه‌می 2016  رایگه‌یاند، عه‌بدولعه‌زیم عه‌جمان په‌رله‌مانتاری عیراق به‌هۆی رووداوی هاتووچۆوه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌، نه‌ك ته‌قه‌ی لێكرابێت و كوژرابێت.


 به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌نراوێكی  فه‌رمانگه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، گیانله‌ده‌ستدانی عه‌بدولعه‌زیم عه‌جمان په‌رله‌مانتاری عیراق و یه‌كێك له‌ پاسه‌وانه‌كانی، به‌هۆی وه‌رگه‌ڕانی ئوتۆمبێله‌كه‌یه‌وه‌ بووه‌، كه‌ له‌ناوكاودا یه‌كێك له‌ تایه‌كانی ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ ته‌قیوه‌ كه‌ ناوبراوی تێدا بووه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی پۆلیسی پارێزگای زیقار رایگه‌یاند، په‌رله‌مانتار عه‌بدولعه‌زیم عه‌جمان به‌ رووداوی هاتوچۆ گیانی له‌ ده‌ستداوه‌ نه‌ك به‌ هێرشی چه‌كداری.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵ له‌ رووداوه‌كه‌دا، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ و یه‌كێك له‌ پاسه‌وانه‌كانی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و دوو پاسه‌وانی دیكه‌شی بریندار بوون.

ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمی حكومه‌تی عیراق له‌ هه‌واڵێكی به‌په‌له‌دا ئاشكرایكرد، عه‌بدولعه‌زیم عه‌جمان په‌رله‌مانتاری عیراق له‌سه‌ر پشكی پارێزگای به‌سره‌ له‌ هێرشێكی چه‌كداریكدا كوژراوه‌.

 ته‌له‌فزیۆنی عیراقییه‌ بڵاویكرده‌وه‌، له‌ كاتی تێپه‌ڕبوونی كاروانی ئۆتۆمبێله‌كانی عه‌بدولعه‌زیم عه‌جمان به‌ پارێزگای زیقاردا، له‌ نێوان شاری ناسریه‌ و ناحیه‌ی به‌تحا‌و ده‌ستڕێژی ته‌قه‌ی لێكراوه‌ و كوژراوه‌، بێ ئه‌وه‌ی هیچ زانیارییه‌كی دیكه‌ ئاشكرا بكات.

عه‌بولعه‌زیم عه‌جمان په‌رله‌مانتاری خولی ئێستای ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقه‌ له‌سه‌ر پشكی پارێزگای به‌سره‌  له‌ به‌ره‌ی چاكسازی و ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینیه‌، خاوه‌نی بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسه‌ له‌ زمانی عه‌ره‌بیدا له‌ زانكۆی به‌سره‌ و له‌ شاری به‌غدا نیشته‌جێبووه‌.


PM:03:49:10/12/2016






ئه‌م بابه‌ته 1805 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو