ژنێك چیرۆكی نەهامەتی خۆی بەدەست چەكدارانی داعشەوە دەگێڕێتەوە

‌ژنێكی عیراقی لە خۆرهەڵاتی موسڵ

وێستگە نیوز- 

تائێستاش توشی شۆك دەبێت و لەرز دایدەگرێت، وێڕای ئەوەی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی رێكخراوی داعش قوتاری بووە لە موسڵ. 
ئەم ژنە هیچ تاوانێكی نەبووە كە دایك و بێوەژنە، تەنیا یەك قسەی كردووە كە بە دڵی چەكدارانی داعش نەبوو لە ساڵی رابردوو، ئەو قسەیەش بووە سەرەتایەك بۆ زنجیرەیەكی توندوتیژی دوورودرێژ لە دژی كە چەندان جۆر ئەشكەنجە و ئازاردان لەخۆدەگرێت.  

ئەو ژنە لە دیمانەیەكدا كە لەلایەن ئاژانسی رۆیتەرزەوە لە رۆژی سێ‌ شەممەی رابردوو لە ئۆردوگای ئاوارەكان لە خازر لەگەڵیدا ئەنجامدراوە رایگەیاندووە: "ئەو هەڵەیەم كرد كە پێم وتن مێردەكەم قوربانی دەستی تیرۆرە، یەكێكیان لێیدام و ددانەكانی شكاندم". 
توندڕەوەكان ئەو بێوەژنەیان لە ژوورێكی پڕَ لە مشك و مێروودا زیندانی كردبوو، پاشان چاوەكانیان بەستبوو دواتر هەردوو دەست و قاچی بە زنجیر، یەكێك لە پیاوەكان- رەنگە زۆرێكیان، چونكە نەدەتوانی بزانێت- دەستدرێژی سێكسیان كردبووە سەر. 
ئەو بێوەژنە تەمەن 37 ساڵە، لە مانگی رابردوودا بەرەو ئۆردوگای خازر هەڵاتبوو، لەئێستادا سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دانیشتوان سەبارەت بە توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری كۆمەڵایەتی،  یارمەتی دەرونی پێشكەش دەكات.  

ئەو ژنە پێیوابوو كە هەڵاتن لە چنگی داعش، كۆتایی چرۆكی ئازار دەگەیەنێت، بەڵام دوای چەند هەفتەیەك بۆ دەركەوت كە دوو گیانە لە یەكێك لەو داعشانەی ئەشكەنجەیان دابوو. 

وێڕای ئەو نەهامەتییەی توشی بووە بەهۆی دەستدرێژییەكەوە، ترسی ئەوەی هەیە لەنێو كۆمەڵگەدا بەو هۆیەی منداڵی دەبێت بەبێ‌ شوكردن، بە خراپە باسی بكەن، ئەوەش نەریتێكی نێو كۆمەڵگەی موحافیزكاری عیراقییە. 

لە ماوەی دوو مانگدا خێرا شوی كرد بە پیاوێك كە رازی بوو ئەو منداڵەی هەڵبگرێتەوە كە لەدایك دەبێت. 

"مێردێك" هەڕەشەی كوشتن دەكات 

چیرۆكی ئەو بێوەژنە یەكێكە لە چیرۆكە زۆرەكانی ئەو خانمانەی دووچاری نەهامەتی هابوون لەو ناوچانەی لەژێر چنگی رێكخراوی داعشدابوون، واقعی دەستدرێژی سێكسی رۆژانە و فرۆشتن لە بازاڕی كۆیلەكان و لێدان و سوكایەتیپێكردن، سیمای دەركەوتووی ژیانی ئەو ژن و كچانەبوون كە لەو شوێنانەدا ژیانیان دەبردەسەر. 

كچێكی تەمەن 13 ساڵ بەو مەرجەی ناوی ئاشكرا نەكرێت بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، باوكی چوار ساڵ لەمەوبەر دابوی بە پیاوێكی دراوسێیان كە لە تەمەندا زۆر لە خۆی گەورەتربوو، دواتر دەركەوت كە لەگەڵ داعش كار دەكات. 

ئەو كچە دەڵێت: "مێردەكەی هەڕەشەی كوشتنی لێدەكرد و رێگەی بە براكانی دەدا دەستدرێژی سێكسی بكەنە سەری".

دوای ئەوەی چەند هەفتەیەك لەمەوبەر لە موسڵ هەڵات، مێردەكەشی بە هەمان شێوە رووی كردبووە یەكێك لە ئۆردوگاكانی نزیك ئەو ئۆردوگایەی ئەوی تێدابوو، بۆیە دەستبەجێ‌  لەگەڵ ئاگاداركردنەوەی دەسەڵاتداران دەستگیریان كردبوو، بەڵام وابەستەبوونی هاوسەرگیری تائێستاش لەنێوان ئەو دوانەدا ماوە. 


لەبەر هۆكاری لاوەكی ئەشكەنجەیان دەدان 

بە وتەی كچێكی عیراقی كە پێشتر قسەی بۆ رۆژنامەی (ئیندبندنت)ی بەریتانی كردبوو، خوشكەكەی دووچاری ئەشكەنجەیەكی توند بووەوە بەو هۆیەی دەستكێشەكانی دەستی لە ماڵەوە بیرچووبوو. 

ئەو كچە توانی لە موسڵ هەڵبێت، بەڵام ئازاری دەرونی و یادەوەرییە ترسناكەكان تائێستاش لە خەیاڵیدا دێن و دەچن، تائێستاش هاواركردنی خوشكەكەی لە گوێچكەیدا دەزرنگێتەوە. 



PM:07:21:22/12/2016


ئه‌م بابه‌ته 7100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو