كچه كوردێكی ئێزدی رزگاربووی ده‌ستی داعش چیرۆكی ژیانی خۆی ده‌گێڕێته‌وه
وێستگه نیوز ـ
له‌ناو كه‌مپی ئاواره‌كانی كوردی ئێزدی سه‌دان كچی رزگاربووی ژێر ده‌ستی داعش هه‌ن كه له 3ی ئابی ساڵی 2014 دا له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه رفێندرابوون بۆ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان له عیراق و سوریا، تا ئێستا به هه‌زاران كچ و ژنی كوردی ئێزدی رفێنراو به‌ڕێگه‌ی جیاجیا رزگار كراون، به‌ڵام ژماره‌یه‌كی زیاتریش له ژێر شمشێره تیژ و ئاڵا ره‌شه‌كانی داعش ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن.
عه‌نیفه ساڵح، كچێكی ته‌مه‌ن 25 ساڵه و دانیشتووی شارۆچكه‌ی شنگاله و یه‌كێكه له رزگاربووانی ژێر ده‌ستی داعش له كه‌مپێكی شێخان له‌ناو خێوه‌تێك له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی ده‌ژیا.
ئه‌و كچه رزگاربووه ژیانی دووساڵی ژێر ده‌ستی داعش بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ ده‌گێڕته‌وه و ده‌ڵێت: "داعش كه له مانگی هه‌شتی ساڵی 2014 دا گه‌یشته شنگال چه‌كداره ریشپانه‌كانی به‌ناو كوچه و كۆڵانی شاردا بڵاو بوونه‌وه و هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر ماڵ به ماڵی شارۆچكه‌كه و به كوشتنی سه‌دان كه‌س له ماڵ و كۆڵانه‌كانی شنگال دانیشتووانی شارۆچكه‌كه‌یان تۆقاند، له‌و ساته‌وه كابوسێكی ترسناك دایگرتین، گریان و هاواری كچ، ژن، پیاو، منداڵ و په‌ككه‌وته پێكه‌وه بۆ ئاسمان به‌رز ده‌بوویه‌وه، تا چه‌ند ده‌نگی هاواره‌كانمان زیاتر هه‌ڵبڕیبایه زه‌بر و زه‌نگی داعش به هێزتر ده‌بوو له‌سه‌رمان".
ده‌شڵێت: "بۆ ترساندنمان هه‌ڵسان به كوشتنی چه‌ند منداڵ و كچێك به به‌رچاوی هه‌مووانه‌وه، داعش به‌و كرده‌وه‌یه‌ی توانی هاوار و ده‌نگی كوردی ئێزدی كپ بكاته‌وه، بۆ ماوه‌ی 12 سه‌عات له‌ناو خوێن كوژراوان ژیایین".
ئه‌و كچه رزگاربووه‌ی ژێر ده‌ستی داعش وتی: "دوای مانه‌وه‌مان بۆ چه‌ند كاتژمێرێك له‌ژێر بۆردومان و ته‌ق و تۆقێكی زۆری هێزه‌كان له شنگال، داعش ئێمه‌ی له چه‌ند شوێنێك كۆكرده‌وه و قۆناغی گواستنه‌وه‌ی كه‌سه به‌دیلگیراوه‌كانی شنگالی ده‌ست پێ كرد و زۆرینه‌ی به‌دیلگیراوه‌كان كچ، ژن و منداڵ بوون. له كاتژمێر هه‌شتی ئێواره تاریكییه‌كی سامناك ناوچه‌كه‌ی داگرت، له‌م تاریكییه‌دا ده‌یان ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگری تیرۆریستانی داعش له ده‌ورووبه‌رمان وه‌ستان، به هه‌ڕه‌شه‌ی لووله‌ی تفه‌نگه‌كانیان ئێمه‌یان په‌لكێشی ناو ئۆتۆمبێله‌كان كرد، به‌ره‌و ته‌له‌عفه‌ر ئێمه‌یان گواسته‌وه له قوتابخانه‌یه‌كی ته‌له‌عفه‌ر ئێمه‌یان كۆكرده‌وه و ئه‌میرێكی شمشێر به ده‌ستی ریشداری داعش كه چه‌ند پاسه‌وانێك ده‌وریاندا بوو به بڵندگۆ داوای لێكردین ده‌ستبه‌رداری ئایینی ئێزدی بین".
ده‌شڵێت: "ده‌نگی به‌رزكرده‌وه به هه‌ڕه‌شه‌وه وتی (هه‌ر كه‌سێك ئه‌و داوایه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عیراق و شام) ره‌تبكاته‌وه به شمشێره‌كه‌م سه‌ری ده‌په‌ڕێنم) بێ ده‌نگیمان باشترین وه‌ڵام بوو له‌و ساته‌دا".
ئه‌و وتیشی: "هه‌ر له ته‌له‌عفه‌ر داعش هه‌ڵستا به‌لێكجیاكردنه‌وه‌ی ئافره‌تانی كوردی ئێزدی، كچانی گه‌نج و شۆخ و شه‌نگیان هه‌ڵبژارد و وتیان ئه‌مانه خه‌ڵاتن بۆ ئه‌میره‌كانمان ده‌یان به‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌رگیریان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، دواتر كچانی حه‌وت ساڵ تا 14 ساڵییان گواسته‌وه بۆ قوتابخانه‌یه‌كی دیكه‌ی ته‌له‌عفه‌ر. ده‌یان جار تیرۆریستانی داعش به به‌رچاوی ئێمه‌وه ده‌ستدرێژی سێكسیان كردووه‌ته‌وه سه‌ر منداڵه هه‌شت ساڵه‌كان ته‌نانه‌ت جاری وا هه‌بوو ده‌ستدرێژی به كۆمه‌ڵیان له‌گه‌ڵ ئه‌و كچه هه‌شت ساڵانه ئه‌نجامداوه، كاتێك ته‌ندروستی ئه‌و كچانه تێچووبایه پزیشكیان ده‌هێنا بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری پزیشكی وه‌ربگرن".
عه‌نیفه ساڵح هه‌روه‌ها وتی: "قوتابخانه‌یه‌كی دیكه له ته‌له‌عفه‌ر تایبه‌ت به‌و كچ و ژنانه‌ی ته‌مه‌نیان له 16 تا 40 ساڵی بوو. له‌و قوتابخانه‌یه ئه‌شكه‌نجه‌دان و برسیكردن پیشه‌ی هه‌میشه‌یی تیرۆریستانی داعش بوو، داعش ئافره‌تانی ئه‌م قوتابخانه‌یه‌ی به‌سه‌ر چه‌كدارانی خۆی له بنكه سه‌ربازییه‌كانی هێڵی شه‌ڕ دابه‌شكردبوو بۆ ئه‌وه‌ی ئاره‌زووی سێكسیان له‌گه‌ڵ به‌تاڵ بكه‌ن، جاری وا هه‌بوو له یه‌ك شه‌ودا یه‌ك ئافره‌تیان بۆ حه‌وت بنكه ده‌گواسته‌وه و ده‌ستدرێژی به كۆمه‌ڵییان له‌گه‌ڵ ئه‌نجامده‌دا".
عه‌نیفه ساڵح باس له برسیكردن و ئه‌شكه‌نجه‌دان ده‌كات و ده‌ڵێت: "جارێك ده‌نگی فڕۆكه‌ی جه‌نگی له ئاسمانی ته‌له‌عفه‌ر بیسترا و چووینه سه‌ر بینای ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ی كه وه‌ك زیندانی لێكرا بوو و له‌سه‌ر بینای قوتابخانه ده‌ستمان به‌رز كرد بۆ ئه‌وه‌ی بگاته فریامان، له‌و كاته‌وه چه‌كدارێك به قۆنداغی كلاشینكۆف له بڕبڕه‌ی پشتی دام و یه‌كسه‌ر په‌ڵكه‌وتم، به چاوی خۆم بینیم ده‌یان چه‌كدار به قۆنداغی كلاشینكۆف، چه‌قۆ، ئاسن و دار كه‌وتنه گیانی ئافره‌ته‌كان به‌شێوه‌یه‌كی زۆر دڕندانه ئه‌شكه‌نجه دراین. دواتر داوایان لێ كردین له گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌كه كۆببینه‌وه و وتیان هه‌ر كاتێك ده‌نگی فڕۆكه بێت ئه‌م حاڵه‌ته‌ی ئێستا دووبار بكه‌نه‌وه سه‌رجه‌متان گوللـه باران ده‌كه‌ین، دوای ئه‌مه قۆناغی برسیكردن ده‌ستیپێكرد، خواردن و خواردنه‌وه‌ی پێویست بۆمان دابین نه‌ده‌كرا ماوه‌ی ساڵێك و سێ مانگ له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی جیاجیای داعش ژیایین، جاری وا هه‌بوو له شه‌و و رۆژێكدا ته‌نها په‌تاته‌یه‌كی كوڵاومان پێده‌درا. له برسیكردن ئافره‌ته به ته‌مه‌نه‌كان پشكی شێریان به‌ركه‌وتووبوو".
ئه‌و كچه ئێزدییه رزگاربووه‌ی ژێر ده‌ستی داعش درێژه به گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌ی ده‌دات و ده‌ڵێت: "به‌یانی زوو دوو ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر هاتن بۆناو قوتابخانه‌ی ته‌له‌عفه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆر له ئافره‌ته‌كانیان وه‌ك ئاژه‌ڵ لێ باركرد كه من یه‌كێك بووم له‌و ئافره‌تانه و به‌ره‌و شارۆچكه‌ی بادۆشی نزیك شاری موسڵ ئێمه‌یان گواسته‌وه كه گه‌یشتین به‌و شوێنه بینیمان ژماره‌یه‌كی زۆر له كچ و ژنی ئێزدی له‌و شارۆچكه‌یه‌ن".
ده‌شڵێت: "هه‌ندێكمان یه‌كترمان ده‌ناسی و له بن گوێی یه‌كتر به هیواشی باسی نه‌هامه‌تییه‌كانمان ده‌كرد، بۆیان گێڕامه‌وه كه له چه‌ند رۆژی رابردوودا وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك دژی كرده‌وه قێزه‌وه‌نه‌كانی داعش سێ كچ خۆیان كوشتووه، ئێمه به‌ترس و له‌رزێكی زۆره‌وه له‌و باسه‌دا بووین قیژه و گریانی كچێكی دیكه هۆڵ و ژووره‌كانی بیناكه‌ی داگرت، دوو چه‌كداری داعش چوون بۆ گه‌رماوی بیناكه لاشه‌ی كچێكیان به‌ناوی (جیلان) ده‌رهێنا و، بینیمان ئه‌ویش له گه‌رماوی بیناكه‌دا له داخی داعش خۆی كوشتووه، حه‌وت مانگ له ژێر زوڵم و سته‌می تیرۆریستانی داعش ژیایین له شارۆچكه‌ی بادۆش".
عه‌نیفه ساڵح ئه‌وه‌شی وت: "له ماوه‌ی ئه‌و حه‌وت مانگه‌ی ژێر ده‌ستی داعش له بادۆش تراجیدیایه‌كی نه‌بیستراو و نه‌بینراومان بینی، ئافره‌تان و منداڵان قوربانی یه‌كه‌م بوون، هه‌ر له بادۆش تیرۆریستانی داعش منداڵانی كوردی ئێزدیان چه‌كدار ده‌كرد و راهێنانی سه‌ربازیان پێ ده‌كردن. له‌گه‌ڵ مه‌شقپێكردن بابه‌تی ئایینی و ئایدۆلۆجییان فێر ده‌كردن. له كاتی راهێنان و وانه وتنه‌وه‌دا هه‌ر منداڵێك هه‌ڵه‌ی بكردایه به به‌رچاوی هه‌موو منداڵه‌كانی دیكه په‌نجه یان ده‌ستێكیان ده‌بڕی، ئه‌وه‌ش بۆ چاندنی ترس بوو له‌ناو دڵی منداڵانی دیكه تا له رێنماییه‌كانی داعش ده‌رنه‌چن و له‌و ماوه‌یه‌دا منداڵه‌كانیان كردن به چه‌كداری لێهاتوو و فێری سروود فه‌رمووده و بابه‌تی ئایینیش كران".
ناوبراو هه‌روه‌ها وتی: "داعش له گواستنه‌وه و جێگۆڕكێكردن به كچ و ژنانی ئێزدی به‌رده‌وام بوو، ئه‌مجاره 20 ئافره‌تیان گواسته‌وه بۆ گوندی كه‌سه‌رئه‌لمحراب له‌و گونده ژماره‌ی چه‌كدارانی داعش به‌شێوه‌ی ناوچه‌كانی دیكه زۆر نه‌بوون ماوه‌ی دوو مانگ له‌و گونده ماینه‌وه ئه‌و تاوانانه‌ی له شارۆچكه‌كانی ته‌له‌عفه‌ر و بادۆش له‌گه‌ڵمان كرا به‌هه‌مان شێوه چه‌كدارانی داعش له‌م گونده‌ش دووباره‌یان كرده‌وه، تاوانێك و بێ ره‌وشتییه‌ك نه‌ما داعش به‌رامبه‌رمان نه‌یكه‌ن".
ئه‌و كچه كورده ئێزدییه رزگاربووه‌ی ژێر ده‌ستی داعش باسی له ساته‌وه‌ختی رزگاركردنی له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه كرد و وتی: "نه‌هامه‌تی و بێ ئۆقره‌ییمان له لووتكه‌دا بوو، هیچ ئومێدێكمان به ژیان نه‌مابوو هه‌رچی بیرۆكه‌ی خراپه بیرمان لێ ده‌كرده‌وه، له‌ناكاو دوو تیرۆریستی داعش به من و سێ كه‌سی دیكه‌یان وت، ئێوه به‌م شه‌قامه‌دا بڕۆن، ئێمه رێگه‌مان گرته‌به‌ر سات به سات ترسی ئه‌وه‌مان هه‌بوو له دواوه ته‌قه‌مان لێ بكرێت و بكوژرێین، چه‌ند كیلۆمه‌ترێكمان به پیاده بڕی دواتر ئۆتۆمبێلێكی سه‌ربازی به‌ره‌و روومان هات، ترس دایگرتین كه گه‌یشته لامان، وتیان، ئێمه پێشمه‌رگه‌ین سه‌ركه‌ون له ئۆتۆمبێله‌كه‌مان ئێوه‌مان رزگار كردووه، دوای سه‌ركه‌وتنمان له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه فرمێسكی شادی به چاومان ده‌هاته خوار".
ئه‌و كچه رزگاربووه‌ی ژێر ده‌ستی داعش وتیشی: "له رێگای گه‌ڕانه‌وه‌ماندا بۆ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه، پێشمه‌رگه‌كان باسیان له چۆنیه‌تی رزگاركردنی ئێمه كرد كه به‌دوو هه‌زار و 500 دۆلار ئه‌و چوار كه‌سه رزگاركراون، پێشمه‌رگه نه‌بووایه خۆكوشتنمان چاره‌سه‌ری كۆتاییمان بوو له‌ژێر ده‌ستی داعش".
باس له باری ده‌روونی ئێستای ده‌كات و ده‌ڵێت: "له ئێستادا چی له‌گه‌ڵمدا كراوه چ شتێكم به‌چاوی خۆم بینیوه دێنه‌وه پێش چاوم، شه‌وانه له‌كاتی خه‌وتن هه‌موو تاوانه‌كانی داعش دێته‌وه پێش چاوم و خه‌وم لێ حه‌رام ده‌بێت، به حه‌ب و ده‌رمان نه‌بێت خه‌وم نییه. زۆرجار له شه‌وان كه خه‌وم لێ ده‌كه‌وێت له ناكاو راده‌چڵه‌كێم و تووشی خه‌وزڕان ده‌بم، ئه‌وه‌ی داعش كردوویه‌تی به‌رامبه‌ر به كوردی ئێزدی له مێژووی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك رووینه‌داوه".
عه‌نیفه ساڵح داواكاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه ئه‌و كچ و ژنانه‌ی له ده‌ست داعش ماون رزگار بكرێن وه‌ك خۆی ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی ژیانی ژێر ده‌ستی داعشی نه‌دی بێت له‌و داوایه‌ی من تێناگات، تكام له هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، عیراق و وڵاتانی جیهان ئه‌وه‌یه كاری به‌په‌له بكه‌ن بۆ رزگاركردنی كچ و ژنانی كوردی ئیزدی له ده‌ست داعش، چونكه ئه‌و ئافره‌تانه به‌رده‌وام كڕین و فرۆشتنیان پێ ده‌كرێت له‌لایه‌ن تیرۆریستانی داعشه‌وه ده‌ستدرێژی سێكسیان ده‌كرێته سه‌ر".
PM:03:59:29/12/2016
ئه‌م بابه‌ته 10339
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت