دەركەوتووترین رووداوەكانی مانگی تشرینی دووەمی 2016 لە عیراق

‌دەنگدان لەسەر یاسای حەشدی شەعبی یەكێك بوو لە رووداوە گرنگەكان

وێستگە نیوز- 

لە ساڵی 2016دا زۆرێك رووداو لە عیراقدا رویاندا و كاریگەرییان بۆسەر عیراق و ناوچەكە هەبوو، بە تایبەتیش لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو. 

لەم راپۆرتەدا گرنگترین ئەو رووداوانە دەخەینەڕوو كە لە عیراقدا رویانداو و كاریگەرییەكی گەورەیان لە دوای خۆیانەوە جێهێشت:  

-لە مانگی تشرینی دووەمدا، سێ‌ سەرۆكایەتییەكە راسپاردەیەكیان بۆ یەكخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو خستەڕوو كە هەردووك لە یەك رۆژی دانگدابن. 

-لە كوردستان، مەسعود بارزانی دەستپێشخەری بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی سیاسی هەرێم پێشكەش كردو داوای لە پارتە سیاسییەكان كرد، سەرۆكێكی كاتی لە بری ئەو دابنێن تا كاتی هەڵبژاردن. 
ئەو لێدوانە بە ئامادەبوونی بارزانی بۆ سازشكردن لەسەر سەرۆكایەتی هەرێم، لانی كەم بە شێوەیەكی كاتی لێكدانەوەی بۆكرا. 

-لە بەغدا بە زۆرینەی دەنگ یاسای حەشدی شەعبی پەسەندكرا، بەڵام بەبێ‌ دەستخستنی رەزامەندی فراكسیۆنە نەیارەكان، چونكە هاوپەیمانی نیشتمانی هاوشان لەگەڵ ئەندامانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان ئەو هەنگاوەیان هەڵنا، ئەوەش تەنگژەیەكی تری لەنێوان یەكێتی هێزە عیراقییەكان و هاوپەیمانی نیشتیمانی دروست كرد. 

-لەڕووی ئەمنییەوە، تەقینەوەكان روویان لە زیادبوون كرد و تەنیا لە بەغدا چوار تەقینەوە رویاندا، هاوكات سێ‌ خۆكوژ لە قەزای عەین تەمر لە كەربەلا بە پشتێنی بۆمبڕێژكراوەوە خۆیان تەقاندەوە، لە قەزای شوملی لە بابلیش لە تەقینەوەیەكدا لە نزیك بەنزینخانەیەك، نزیكەی 100 زیارەتكەری ئێرانی گیانیان لەدەستدا. 


هەر لە مانگی تشرینی دوومدا، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، چاودێری زیاترییان خستە سەر هێزە سەربازییەكانی عیراق، رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی  لای خۆیەوە لە راپۆرتێكیدا، هێزە حكومییەكانی بە ئەشكەنجەدان و كوشتنی مەدەنییەكان تۆمەتبار كرد. 

-رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ لای خۆیەوە راپۆرتێكی لەبارەی پێشێلكارییەكانی هێزەكانی پێشمەرگە لە پارێزگاكانی نەینەوا و كەركوك بڵاوكردەوە كە تێیدا باسی روخاندنی روخاندی ماڵ و خانووی گوند و شارچكەكانی لەو دوو پارێزگایە لەلایەن پێشمەركەوە كردبوو، رێكخراوەكە لەڕێی ئەو وێنانەی لە مانگە دەستكردەكانەوە گیرابوون، ونبوون و سڕینەوەی ژماریەك گوندی بە تەواوەتی لەسەر نەخشە خستبووەڕوو. 

لە كۆتایی تشرینی دووەم، رۆژنامەی (الشرق الاوسط)ی سعودی، راپۆرتێكی هەڵبەستراوی بڵاوكردەوە سەبارەت بە دووگیانبوونی ناشەرعی ژنان لە كەربەلا و لە راپۆرتەكەدا باس لەوەكرابوو كە پشتیان بە زانیارییەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی بەستووە، ئەو رێكخراوەش لای خۆیەوە بێ‌ ئاگابوونی خۆی لەبەرانبەر ئەو زانیاریانە دەربڕی، بەو هۆیەوە هەڕەشەی لێپرسینەوەی یاسایی لە رۆژنامەكە كرا. 

ئەو راپۆرتەی (الشرق الاوسط) وای لە رۆژنامەكە كرد، ریپۆرتەرەكەی لە بەغدا لەسەركار لاببات و دواتر سەلمان دۆسەری سەرنوسەر لەكارەكەی دووربخاتەوە. 





PM:06:26:29/12/2016


ئه‌م بابه‌ته 2924 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو