‌بانكی ناوەندی ئەم بڕە دۆلارەی خستەبازاڕەوە
PM:03:07:04/01/2017
‌ئەمڕۆ بانكی‌ ناوەندی‌ عیراق بڕی 158 ملیۆن و 266 هەزار و 383 دۆلاری‌ فرۆشت

وێستگە نیوز- 

بانكی‌ ناوەندی‌، بڕی 158 ملیۆن دۆلاری‌ خستە بازاڕەوە، ئەوەش بەراورد بە رۆژی پێشوو كە بە هەمان شێوە 158 ملیۆن دۆلار بوو، جێگیربوونی بەخۆوەبینی.  

بانكی‌ ناوەندی‌ عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئەمڕۆ چوار شەممە بڕی 158 ملیۆن و 266 هەزار و 383 دۆلاری‌ بە نرخی‌ 1190 دینار بۆ دۆلارێك فرۆشتووە، لەپرۆسەی‌ فرۆشتنەكەشدا 30 بانك و 17  كۆمپانیای‌ حەواڵەی‌ دارایی‌ بەشدارییان كردووە.
 
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە كە بڕی فرۆشتنی دۆلار بە بانك و كۆمپانیاكانی حەواڵەی دارایی گەیشتووەتە 119 ملیۆن و 186 هەزار و 383 دۆلار، 39 ملیۆن و 80  هەزار دۆلاریش بەشێوەی كاش فرۆشراوە.

بانكی‌ ناوەندی‌ لە بەیاننامەكەیدا جەختی‌ لەسەر بەردەوامبوون لەسەر فرۆشتن‌ و كڕینی‌ دۆلار بە بەهای‌ 1190 دینار كردەوە، بەهای‌ فرۆشتنی‌ دۆلاریشی‌ بۆ كۆمپانیاكانی‌ حەواڵەی‌ دارایی‌ بە 1190 دینار بۆ دۆلارێك دیاریكرد كە عمولەی‌ 24 دینار بۆ هەر دۆلارێكی‌ لەگەڵدا بووە.

هەروەها فرۆشتنیش بەشێوەی‌ كاش بە بەهای‌ 1190 دینار بووە بۆ دۆلارێك، كە 24 دینار بۆ هەر دۆلارێك عمولەی‌ بانكی‌ ناوەندی‌ لەگەڵدابووە.

بەپێی‌ ئامارێك، لە سەرەتای‌ ساڵی‌ 2017 تا  ئەمڕۆ 2017/1/4 بانكی‌ ناوەندی‌ عیراق 480 ملیۆن و 611 هەزار و 58 دۆلاری‌ لە فرۆشتنی‌ ئاشكرای‌ دراوە بیانییەكاندا فرۆشتووە.

لەم ماوەیەی دواییدا  بانكی ناوەندی عیراقی، رێنمایی بۆ بانكە مۆڵەتپێدراوەكان و كۆمپانیاكانی حەواڵەی دارایی و كۆمپانیاكانی كڕین و فرۆشتنی دراوە  بیانییەكان دەركرد كە دەبێت بڕی فرۆشتنی دراوی بیانی و دۆلاری ئەمریكایی بۆ ئەو كەسانە كەمبكەنەوە كە دەیانەوێت سەفەری دەرەوەی وڵات بكەن.

بانكی ناوەندی بڕی فرۆشتنی بۆ ئەو لایەنەنانە بە 3 هەزار دۆلار لە بری 5  هەزار دۆلار بۆ هەر هاوڵاتییەك دیاریی كرد كە دەیەوێت سەفەری دەرەوەی وڵات بكات و دراوی دۆلار بۆ خەرجییەكانی لە دەرەوەی وڵات دابین بكات.
     
ماوەیەكە بەهای‌ دۆلار لەبەرانبەر دیناری‌ عیراقی‌ لە بازاڕەكانی‌ ناوخۆدا بەشێوەیەكی‌ بەرچاو رووی‌ لە بەرزبوونەوە كردووە، ئەمڕۆش بەهای‌ 100 دۆلار لەبەرانبەر دیناری‌ عیراقی‌ لەكاتی كردنەوەی بازاڕدا  لە شاری‌ سلێمانی،‌  بە 130 هەزار 500 دینار بوو.





ئه‌م بابه‌ته 567 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


هەواڵی زیاتر

Copyright 2017. westganews.com. All Rights Reserved.