شوێن مێرده داعشه‌كه‌ی كه‌وت و دواتر له‌ده‌ستی رایكرد
وێستگه نیوزـ
راپۆرتێكی رۆژنامه‌یه‌كی به‌ریتانی له راپۆرتێكدا چیرۆكی ژن و مێردێكی گێڕاوه‌ته‌وه كه به‌ره‌و توندڕه‌وی رۆشتن و په‌یوه‌ندییان به رێكخراوی داعش له سوریا كرد.
رۆژنامه‌ی سه‌نده‌ی تایمز-ی چاپی به‌ریتانیا راپۆرتێكی له‌سه‌ر (جۆن جۆرج لاس)ی به ره‌گه‌ز ئه‌مریكایی ته‌مه‌ن 33 ساڵ بڵاوكردووه‌ته‌وه كه نازناوه‌كه‌ی له‌ناو داعشدا (یه‌حیا ئه‌بو حسام)ه و رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بووه له راكێشانی توندڕه‌وكانی وڵاتانی خۆرئاوا به‌تایبه‌ت به‌ریتانیا بۆ "زه‌ویی خه‌لافه‌ت" یه‌كێكیش له‌و قوربانیانه‌ش، (جۆیا شاوهده‌ری)-ی هاوسه‌ری بووه.
جۆن هه‌رچۆنێك بێت جۆیای به‌ریتانیی به ره‌گه‌ز به‌نگلادیشیی و سێ منداڵه‌كه‌ی قایل كرد كه بچنه سوریا و دوای بینینی دۆخه‌كه‌ش هه‌رچۆنێك بێت ئه‌و خانمه توانیویه‌تی له‌ده‌ست داعش هه‌ڵبێت و له جۆن جیابێته‌وه و خۆی بگه‌یه‌نێته ئه‌مریكا.
جۆیا له به‌ریتانیا له‌ناو خانه‌واده‌یه‌ك ژیاوه كه ژیانێكی خۆش و مامناوه‌ندیان هه‌بووه، باوكی ژیانێكی ئارامی له له‌نده‌ن بۆ دابینكردبوون و تا ئه‌و رۆژه‌ش كه له كاره‌كه‌ی له نوسینگه‌ی پۆسته و گه‌یاندن خانه‌نشینكراوه، رێزێكی زۆری لێگراوه.
جۆیا كه له‌ناو هاوڕێكانیدا به تانیا بانگ ده‌كرا، له‌سه‌ر ژیانێكی خۆرئاوایی راهاتبوو، چوبووه قوڵاتیی ژیانه‌وه و ده‌ستی كردبوو به كێشانی مادده‌ی هۆشبه‌ر، هیچ گرنگی و بایه‌خێكی بۆ بابه‌ته ئاینییه‌كان نه‌بوو، به‌ڵام له‌پڕ شته‌كان گۆڕٍدران، جۆیا بڕیاریدا حیجاب بپۆشیت بێئه‌وه‌ی ده‌موچاوی داپۆشێ، ئینجا ده‌ستیكرد به لۆمه‌كردنی دایك و باوكی و پێی وتن كه بۆچی ناوێكی ئیسلامی‌یان لێ نه‌ناوه، ئه‌وانیش ده‌ڵێن كه چه‌ند خوێندكارێكی جه‌زائیری كاریگه‌رییان له‌سه‌ری هه‌بووه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له جۆیا وتویه‌تی كه ئه‌ندامانی خێزانی ئه‌و كچه له رێی ئینته‌رنێته‌وه هه‌وڵی هاوسه‌رگیری ده‌ده‌ن و هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه كه كچه‌كانی ئه‌و خانه‌واده‌یه كه ته‌مه‌نیان له 20 ساڵیدایه، له په‌یوه‌ندیدا بن.
له نسیبی جۆیا، ئه‌مریكاییه‌ك به‌ناوی جۆن جۆرج لاس بوو به توشییه‌وه كه هاتبووه سه‌ر ئایینی ئیسلام و ساڵی 2000 بۆ په‌یوه‌ندیكردن به بزووتنه‌وه‌ی تالیبان چووبووه ئه‌فغانستان و ساڵی 2003 جۆیای ناسی.
مێرده داعشه‌كه‌ی جۆیا له ژیانێكی خۆشدا له ئه‌مریكا ژیاوه و باپیری پیاوێكی سه‌ربازی بووه كه له جه‌نگی جیهانیی دووه‌م له ئه‌وروپا خزمه‌تی سه‌ربازیی كردووه و دواتر چووه‌ته ده‌سته‌ی ئه‌ركانی هاوبه‌شی سوپا له وه‌زاره‌تی به‌رگری، باوكیشی له ئه‌كادیمیای وێست پۆینت-ی سه‌ربازی ده‌رچووه و وه‌ك پزیشك خزمه‌تی سوپای كردووه و به پله‌ی عه‌قید خانه‌نشینكراوه.
جۆن یان ئه‌بو حسام له ساڵانی 1980 له خوێندنگه‌ی كامبریج-ی به‌ریتانیا خوێندوویه‌تی ئه‌وكاته‌ی كه باوكی له‌و وڵاته كاری كردووه، له ساڵی 2001 جۆن دایك و باوكی توشی شۆك كرد كاتێك زانییان چووه‌ته‌سه‌ر ئایینی ئیسلام و ناوی خۆی ناوه یه‌حیا، كاریگه‌ریی ئه‌وه‌ش چه‌ند خوێندكارێك بوون كه له ولایه‌تی ته‌كساس له‌گه‌ڵیان خوێندوویه‌تی و دواترش چووه‌ته دیمه‌شق بۆ فێربوونی زمانی عه‌ره‌بی.
دوای هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵ جۆیا، هه‌ردوكیان كه‌وتنه‌ژێر كاریگه‌ریی بانگخوازێكی به‌ریتانیی توندڕه‌و كه هانی جیهادی ده‌دا، دوای هێنانه‌كایه‌ی منداڵی یه‌كه‌م، نه‌یانده‌توانی له هه‌ژاریدا بژین، بۆیه جۆن بڕیاریدا بچنه ته‌كساس تا له‌پاڵ خانه‌واده ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی بژی، جۆیا له‌و ژیانه بێزار بوو به‌تایبه‌ت له جۆن-ی توندڕه‌وی مێردی كه شه‌و و رۆژ به‌سه‌ر كۆمپیوته‌ره‌كه‌یه‌وه بوو.
جۆن كارێكی له بواری ئه‌لیكترۆنی له شاری داڵاس ده‌ستكه‌وت، كه‌چی ئه‌و كاره‌ی بۆپشتیوانیكردن له چه‌كدارانی قاعیده له‌سه‌ر ئینته‌رنێـ به‌كارهێنا و به‌بێ مۆڵه‌ت چووه ناو پێگه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنیی كه تایبه‌ت بوو به لیژنه‌ی ئه‌مریكا و ئیسرائیل و ئه‌مه‌ش وایكرد سزای 34 مانگی به‌سه‌ردا بسه‌پێت.
كه له گرتوخانه ئازادكرا، جۆن بڕیاریدا له وڵاتێكی عه‌ره‌بی بژی كه زۆربه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی موسڵمان بێت، بۆیه لیبیا-ی هه‌ڵبژارد، كاتێك كه ره‌فزی بۆ هاته‌وه، روویكرده میسر و له‌وێ تا ساڵی 2013 مایه‌وه و پاشان له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی بڕیاریاندا به‌بیانووی هاوكاریكردنی په‌نابه‌ران بچنه توركیا، كه‌چی له‌بری ئه‌وه له سوریا گیرسانه‌وه و له‌وێ جۆن پله و پۆستی به‌رزبووه‌وه.
له سوریا و له‌مانگی یه‌كه‌می مانه‌وه‌یان له‌و وڵاته ته‌ندروستیی جۆیا به‌هۆی دووگیانییه‌وه به‌ره‌و خراپی رۆیشت، بۆیه جۆن دوودڵ نه‌بوو له‌وه‌ی ره‌وانه‌ی توركیای بكاته‌وه و له‌وێشه‌وه ئه‌و خانمه رووی كرده به‌ریتانیا و پاشا چووه‌وه ئه‌مریكا و له‌وێ منداڵی چواره‌می بوو.
جۆیان دوای گه‌ڕٍانه‌وه‌ی بۆ ئه‌مریكا چووه دادگا و هه‌موو رێوشوێنێكی گرته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له میرده داعشه‌كه‌ی جیابێته‌وه و گه‌ڕایه‌وه سه‌ر شێوازه ژیانه‌كه‌ی پێشووی وه‌ك كه‌سێكی خۆرئاوایی و ئێستا خۆی به به‌رگریكار له ئازادیی تاكه‌كه‌س ده‌زانێت، به‌تایبه‌ت كه ژیانی به‌ده‌ست هاوسه‌رێكی توندڕه‌و فه‌وتا.
PM:04:33:08/01/2017
ئه‌م بابه‌ته 10375
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت