‌كونسوڵی روسیا لە يۆنان بە مردوویی دۆزرایەوە
PM:10:33:09/01/2017

وێستگە نیوز-  

ئاژانسەكانی هەواڵ لە زاری باڵیۆزخانەی وڵاتەكەوە لە یۆنان بڵاویانكردەوە كە كونسوڵی ڕوسیا لەو وڵاتە بە مردوویی لە شوقەكەیدا دۆزراوەتەوە.

ئەمڕۆ دوو شەممە 9ی كانوونی دووەمی 2017،  وەك میدیاكانی روسیا ئاماژەیان پێكردووە، ئەندریە مالاتین كونسوڵی روسیا لە یۆنان بە مردوویی لە شوقەكەیدا لەئەسینای پایتەختی ئەو وڵاتە دۆزراوەتەوە.

ئاژانسی نۆڤۆستی ڕوسیش بەبێ‌ ئەوەی زانیاریی زیاتر لەبارەی رووداوەكەوە ئاشكرا بكات بڵاویكردەوە كە لێكۆڵینەوەكان لە هۆكاری گیانلەدەستدانی كونسوڵی ڕوسیا لە یۆنان بەردەوامن.

١٩ی كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، ئەندرێ‌ كارلۆف باڵیۆزی ڕوسیا لە توركیا لەلایەن پۆلیسێكی ئەو وڵاتەوە لە پێشانگایەكی هونەری روسی لە ئەنقەرە، تەقەی لێكراو كوژرا. 

هەر لەسەر رووداوەكەی ئەمڕۆ نۆڤۆستی  بە پشتبەستن بە میدیاكانی یۆنان بڵاویكردووەتەوە،  ئەندریە مالاتین كونسوڵی روسیا سەرلەبەیانی ئامادەی شوێنی كارەكەی نەبووە و وەڵامی تەلەفۆنیشی نەداوەتەوە، تا دواتر هاوڕێكانی لەگەڵ هێزێكی پۆلیسدا چونەتە شوێنی نیشتەجێبونی و دەرگای شوقەكەیان شكاندووە.





ئه‌م بابه‌ته 731 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


هەواڵی زیاتر

Copyright 2016. westga.net. All Rights Reserved.