‌پەرلەمانتارێكی گۆڕان: سەروەری یاسا لەهەرێم ڕۆژ بە ڕۆژ پاشەكشە دەكات
PM:05:02:11/01/2017

وێستگە نیوز- 

پەرلەمانتارێكی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، ڕێگریكردن لە پەرلەمانتارانی كوردستان (سۆران عومەر و عەلی حەمە ساڵح) لە بازگەی پردێ، پێشێلكارییەكی ئاشكرای یاسا و سەروەری یاسایە لە هەرێمی كوردستان.

سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عیراق بە وێستگە نیوزی راگەیاند، ڕێگریكردن لە پەرلەمانتارانی كوردستان (سۆران عومەر و عەلی حەمە ساڵح) لە بازگەی پردێ، پێشێلكارییەكی ئاشكرای یاسا و سەروەری یاسایە لە هەرێمی كوردستان، بەپێویستیشی زانی لایەنە سیاسییەكان "لەم پێشێلكارییە زەق و ئاشكرایانە بێ دەنگ بن". 
بە وتەی سروە عەبدولواحید:" لەگەڵ ئەوەی پەرلەمانتاران حەسانە (پارێزبەندی)یان هەیە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بێجگە لەوەی رێز لەو حەسانەیەش ناگیرێت پێشێلكارییان بەرامبەر دەكرێت و سوكایەتییان پێ دەكرێت". 

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان وتیشی: " ئەوەی بەرامبەر سۆران عومەر و عەلی حەمە ساڵح  كرا، دەیسەلمێنێت كە یاسا و سەروەری یاسا لەهەرێمی كوردستان لەژێر مەترسییەكی گەورەدایە و ڕۆژ بە ڕۆژ پاشەكشە دەكات و زمانی چەك و توندوتیژی زاڵ دەبێت".

ڕوداوەكە وەك سروە عەبدولواحید ئاماژەی پێكردووە " گەر هەڵوێستەیەكی جدی لەسەر نەكرێت، بەردەوام دەبێت و زیاتریش دەبێت، بۆیە لایەنە سیاسییەكان پێش ئەوەی لەسەر ناكۆكییەكانیان ڕێكبكەون، پێویستە لەسەر ئەوە ڕێكبكەون كە شكۆ بۆ یاسا و سەروەری یاسا بگەڕێننەوە". 

شەوی رابردوو لە بازگەی پردێ رێگە نەدرا هەریەكە لە سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی و عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان بچنە ناو شاری هەولێرەوە.

دوای گەڕانەوەیان بۆ سلێمانی، لەسەر رێگری كردنیان لە بازگەی پردێ بۆ چوونە ناو هەولێر، عەلی حەمە ساڵح، لە پەیجی تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی "فەیسبوك" بڵاویكردەوە: "كاتژمێر هەشت و نیوی ئەم شەو لەگەڵ خێزانم دەگەڕاینەوە بۆ هەولێر، كاك سۆران عومەرو خێزانەكەشی بۆ هەولێر دەهاتن".

بە وتەی عەلی حەمە ساڵح: "لە بازگەی پردێ، كە ئۆتۆمبێلی سۆران عومەر پێش ئۆتۆمبێلی من بوو، دوای ئەوەی دوای هەویەی لێدەكەن، هەویەكەیان پێدەدات، دواتر پێیدەڵێن: ئۆتۆمبێلەكە لادە، پاشان دەبێت بەدەمە قاڵەو ژمارەیەكی زۆری چەكدار لەدەوری ئۆتۆمبێلەكان كۆبونەوەو میلی تفەنگیان هێنایەوەو كاك سۆرانیش میلی دەمانچەی هێنایەوە ( بۆ زانینی رووداوەكە وەك خۆی كامێرەی سەیتەرەكە هەیە كێ دەستپێشخەری كردوە)".

ئەوەشی نووسیبوو: "پاش ئەوەی نزیكەی یەك كاتژمێرو نیو رایانگرتین و من بەشێوەی دیالۆگ و لێكتێگەشتن زۆر هەوڵمدا گرفتەكە چارەسەر بكەم، بەڵام بێ ئەنجام بوین و لەو ماوەیەدا نە دەیانهێشت بگەڕێینەوە سلێمانی و نەدەیانهێشت داخڵبین".

وتیشی: "دواتر كاتژمێر 10 بەرپرسی بازگەكان رایگەیاند: دەبێت هەردووكتان بگەڕێنەوە بۆ سلێمانی".

پێشتریش لە 12ی تشرینی یەكەمی 2015، لە هەمان بازگە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رێگری لە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كرا بگەڕێتەوە بۆ هەولێر و لەو كاتەشەوە، هیچ كۆبوونەوەیەكی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام نەدراوە، هەروەها هیچ یەكێك لە كێشەكانی هەرێم چارەسەر نەكراون.




ئه‌م بابه‌ته 769 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


هەواڵی زیاتر

Copyright 2016. westga.net. All Rights Reserved.