‌كۆمەڵی ئیسلامی لەسەر رێگریكردن لە دوو پەرلەمانتارەكە هاتەدەنگ
PM:06:41:11/01/2017

وێستگە نیوز- 

كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بەتوندی ئیدانەی رێگریكردن لە سۆران عومەر و عەلی حەمە ساڵح دەكات و  داوا دەكات ئیجرائات لەگەڵ ئەنجامدەرانی رووداوەكە بكرێت .

رێبوار حەمەد وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند :" كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان زۆر نیگەرانە و ئیدانەی رێگریكردن لە سۆران عومەر و عەلی حەمەساڵح ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان دەكات و داوا دەكات ئیجرائات لەگەڵ ئەنجامدەرانی رووداوەكە بكرێت" .

وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی وتیشی :" ئەم جۆرە كارانە خزمەت بە دەستپێكردنەوەی كفتوگۆی لایەنەسیاسیەكان نەكات و ئەو لێكترازانەی قوڵەی لە هەرێمی كوردستان هەیە قوڵتری دەكاتەوە" .

بە وتەی رێبوار حەمەد، "ئەوان چاوەڕێی ئەوەبوون پەرلەمانی كوردستان كارابكرێتەوە كەبۆتە پەڵەیەكی رەش بە حوكمڕانی هەرێمەوە و ئەنجامدانی كاری لەو جۆرە دووبارە نەبێتەوە" .

شەوی رابردوو لە بازگەی پردێ رێگە نەدرا هەریەكە لە سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی و عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان بچنە ناو شاری هەولێرەوە.

دوای گەڕانەوەیان بۆ سلێمانی، لەسەر رێگری كردنیان لە بازگەی پردێ بۆ چوونە ناو هەولێر، عەلی حەمە ساڵح، لە پەیجی تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی "فەیسبوك" بڵاویكردەوە: "كاتژمێر هەشت و نیوی ئەم شەو لەگەڵ خێزانم دەگەڕاینەوە بۆ هەولێر، كاك سۆران عومەرو خێزانەكەشی بۆ هەولێر دەهاتن".

بە وتەی عەلی حەمە ساڵح: "لە بازگەی پردێ، كە ئۆتۆمبێلی سۆران عومەر پێش ئۆتۆمبێلی من بوو، دوای ئەوەی دوای هەویەی لێدەكەن، هەویەكەیان پێدەدات، دواتر پێیدەڵێن: ئۆتۆمبێلەكە لادە، پاشان دەبێت بەدەمە قاڵەو ژمارەیەكی زۆری چەكدار لەدەوری ئۆتۆمبێلەكان كۆبونەوەو میلی تفەنگیان هێنایەوەو كاك سۆرانیش میلی دەمانچەی هێنایەوە ( بۆ زانینی رووداوەكە وەك خۆی كامێرەی سەیتەرەكە هەیە كێ دەستپێشخەری كردوە)".

ئەوەشی نووسیبوو: "پاش ئەوەی نزیكەی یەك كاتژمێرو نیو رایانگرتین و من بەشێوەی دیالۆگ و لێكتێگەشتن زۆر هەوڵمدا گرفتەكە چارەسەر بكەم، بەڵام بێ ئەنجام بوین و لەو ماوەیەدا نە دەیانهێشت بگەڕێینەوە سلێمانی و نەدەیانهێشت داخڵبین".

وتیشی: "دواتر كاتژمێر 10 بەرپرسی بازگەكان رایگەیاند: دەبێت هەردووكتان بگەڕێنەوە بۆ سلێمانی".

یپَشتریش لە 12ی تشرینی یەكەمی 2015، لە هەمان بازگە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رێگری لە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كرا بگەڕێتەوە بۆ هەولێر و لەو كاتەشەوە، هیچ كۆبوونەوەیەكی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام نەدراوە، هەروەها هیچ یەكێك لە كێشەكانی هەرێم چارەسەر نەكراون.




ئه‌م بابه‌ته 953 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


هەواڵی زیاتر

Copyright 2017. westganews.com. All Rights Reserved.