‌ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی: هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ نه‌مانی په‌رله‌مان‌
PM:07:31:11/01/2017

وێستگه‌ نیوز -
سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ نه‌مانی په‌رله‌مان‌ و ده‌نگی ئازاد.

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕی‌ حزبه‌كه‌ی‌ وتی‌: "رێگریكردن له‌ په‌رله‌مانتاران بۆ نه‌هێشتنی‌ چاودێرییه‌ به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌".

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "له‌ دوای 23ی حوزه‌یرانی 2015 هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ نه‌مانی په‌رله‌مان ‌و ده‌نگی ئازاد و ئیهانه‌ی په‌رله‌مانتاران، ئامانج له‌و كاره‌ش بۆ نه‌مانی چاودێریكردنی په‌رله‌مانه‌ به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران‌ و درێژه‌دانه‌ به‌ حوكمی‌ تاكڕه‌ویی‌‌و سته‌مكاریی‌‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ میلیشیایی".

وتیشی: "هه‌تا هێزه‌ چه‌كداره‌كان به‌ده‌ست حیزبه‌وه‌ بن دووباره‌بوونه‌وه‌ی رووداوی له‌و شێوه‌یه‌ چاوه‌ڕانكراوه‌".
سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو  جه‌ختی‌ له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ "هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش قوربانین، چونكه‌ له‌لایه‌ن حیزبه‌وه‌ فه‌رمانیان پێ ده‌كرێت ئه‌و جۆره‌ كارانه‌ بكه‌ن".

شه‌وی رابردوو له‌ بازگه‌ی پردێ رێگه‌ نه‌درا هه‌ریه‌كه‌ له‌ سۆران عومه‌ر، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی و عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی كوردستان بچنه‌ ناو شاری هه‌ولێره‌وه‌.

پێشتریش له‌ 12ی تشرینی یه‌كه‌می 2015، له‌ هه‌مان بازگه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ رێگری له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرا بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر و له‌و كاته‌شه‌وه‌، هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجام نه‌دراوه‌، هه‌روه‌ها هیچ یه‌كێك له‌ كێشه‌كانی هه‌رێم چاره‌سه‌ر نه‌كراون.




ئه‌م بابه‌ته 1132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


هەواڵی زیاتر

Copyright 2016. westga.net. All Rights Reserved.