ئه‌و گه‌مارۆ سه‌ربازییانه‌ی مێژوو له‌بیری ناكات


وێستگه‌ نیوزـ

گه‌مارۆدانی شاره‌كان كۆنترین ته‌كتیكی سه‌ربازییه‌ له‌ مێژوودا، هه‌تا چه‌قی هێزی ده‌وڵه‌ت په‌یوه‌ست بێت به‌ شارێكه‌وه‌، كه‌واته‌ كه‌وتنی ئه‌و شاره‌، كۆتایی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یه‌.

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ دیارترین گه‌مارۆدانه‌ سه‌ربازییه‌كانه‌ كه‌ زۆربه‌یان توندبوون و قوربانیی زۆریان لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ به‌جۆرێك كه‌ مێژوو ناتوانێت له‌بیریان بكات:

1- گه‌ماری سیكتوار – ساڵی 1566 – 33 هه‌زار كوژراو
شاری سیكتوار ده‌كه‌وێته‌ به‌شی خۆرهه‌ڵاتی ئیمپراتۆریه‌تی رۆمانی و دوای شه‌ڕی سلێمانی قانونیی یه‌كێك له‌ سوڵتانه‌كانی عوسمانیی تێدا كرا، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی نیكۆلا زیفنسكی ، حاكمه‌ كرواتییه‌كه‌ی ئه‌وشاره‌ ره‌تیكرده‌وه‌ گوێڕایه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی بێت، هه‌ربۆیه‌ به‌خۆی و سێ هه‌زار سه‌ربازه‌وه‌ ویستی ببێته‌ دوایین به‌رگریكار له‌ ڤییه‌نا.
گه‌مارۆكه‌ زیاتر له‌ مانگێكی خایاند و عوسمانییه‌كان رازی بوون به‌وه‌ی زیفنسكی ببێته‌ فه‌رمانڕه‌وی ئه‌و شاره‌ ئه‌گه‌ر خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ بدات، به‌ڵام زیفنسكی ئه‌و پێشنیازه‌ی ره‌تكرده‌وه‌، كاتێك زانیشی شكست نزیكبووه‌ته‌وه‌، فه‌رمانی به‌ سه‌ربازه‌كانی كرد ژن و منداڵه‌كانی خۆیان سه‌ربڕن، سه‌ربازه‌كان به‌رده‌وامبوون له‌ شه‌ڕكردن تا دواجار چوونه‌ناو شاره‌كه‌ و 30 هه‌زار سه‌ربازی عوسمانی له‌و شه‌ڕه‌دا كوژران، ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ عوسمانییه‌كان سڵ له‌ داگیركردنی ئه‌وروپا بكه‌نه‌وه‌.


2- گه‌مارۆی نۆرمبێرگ – ساڵی 1632 – 40 هه‌زار كوژراو
یه‌كێك بوو له‌ به‌ناوبانگترین شاره‌كان كه‌ په‌یڕه‌وی مه‌زهه‌بی مه‌سیحیی پرۆتستنیان ده‌كرد له‌و سه‌رده‌مه‌دا، له‌ ماوه‌ی "جه‌نگی 30 ساڵه‌"دا گه‌مارۆیه‌كی خوێناویی به‌خۆوه‌بینی، چونكه‌ هێزه‌كانی سوید به‌ سه‌رۆكایه‌تیی گۆستاف ئه‌دۆڵف تیایدا جێگیر ببوون كه‌ سوپای رۆمانی به‌دوایانه‌وه‌ بوو، ئه‌دۆڵف 150 هه‌زار سه‌ربازی له‌گه‌ڵ بوو، به‌ڵام كه‌لوپه‌لی پێویستی بۆ دابین نه‌ده‌كردن.
رۆمانییه‌كان سودیان له‌و كه‌لێنه‌ بینی و نه‌یانده‌هێشت هیچ شتێكیان بۆ بڕوات، ئه‌مه‌ش زیانی به‌ خودی سوپای رۆمانی گه‌یاندن، له‌ماوه‌ی 80 رۆژی گه‌مارۆدا برسێتی و په‌تا و نه‌خۆشی بڵابووه‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ 40 هه‌زار له‌ سه‌ربازه‌كانی ئه‌دۆڵف گیانیان له‌ده‌ستدا و خۆی و پیاوه‌كانیشی هه‌ڵاتن.


3- گه‌مارۆی كیێڤ – ساڵی 1240 – 48 هه‌زار كوژراو
ئێستا كه‌ پایته‌ختی ئۆكرانیایه‌، یه‌كێكه‌ له‌ كۆنترین شاره‌كانی ئه‌وروپا، دوای ئه‌وه‌ی ره‌تیانكرده‌وه‌ خۆیان راده‌ست بكه‌ن، مه‌غۆله‌كان گه‌مارۆیاندا چونكه‌ له‌ كیێڤ ئه‌و نێردراوه‌ی مه‌غۆڵ له‌سێداره‌ درا كه‌ باتۆ خان بۆی ناردبوو، بۆیه‌ ئه‌ویش بڕیاری گه‌مارۆدانی دا.
دوای داگیركردنی شاره‌كه‌ له‌لایه‌ن مه‌غۆله‌كان، له‌كۆی 50 هه‌زار كه‌س ته‌نها دوو هه‌زار رزگاریان بوو، مه‌غۆله‌كان شاره‌كه‌یان وێران كرد و دواتر لێی كشانه‌وه‌.


4- گه‌مارۆی ئۆستیند – ساڵی 1061 – 65 هه‌ار كوژراو
ئێستا ئه‌و شاره‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌لجیكا، ئه‌م شاره‌ شایه‌تی درێژترین گه‌مارۆی مێژووه‌ كه‌ سێ ساڵی خایاند، ئینگلیز و هۆڵه‌ندییه‌كان به‌رگرییان لێكرد و ئیسپانییه‌كان گه‌مارۆیان دا، ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی شه‌ڕێكدا بوو كه‌ 80 ساڵی خایاند و بووه‌ هۆی كوژرانی زیاتر له‌ 65 هه‌زار كه‌س.
دوای گه‌مارۆیه‌كی درێژ، هێزه‌كانی هۆڵه‌ند و ئینگله‌ته‌را خۆیان راده‌ست كرد و ئیسپانییه‌كان چونه‌ ناو شاره‌كه‌ و گه‌مارۆكه‌ی سه‌ر ئه‌و شاره‌ ئه‌وه‌نده‌ توند بوو وایكرد كه‌ هه‌ردوولا ئاگربه‌ستێك بۆ ماوه‌ی 122 ساڵ رابگه‌یه‌نن.


5- گه‌مارۆی سه‌ر به‌غدا – ساڵی 1258 – 200 هه‌زار كوژراو
مه‌غۆله‌كان شارستانیه‌تی ئیسلامییان به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر خۆیان ده‌زانی، ئه‌مه‌ش وای له‌ هۆلاكۆ-ی نه‌وه‌ی جه‌نگیزخان كرد به‌ 100 هه‌زار سه‌ربازه‌وه‌ به‌وه‌ر به‌غدا بكشێ و گه‌مارۆی بدات و بیڕوخێنێت، چونكه‌ موعته‌سه‌م-ی خه‌لیفه‌ی عه‌باسی خۆڕاده‌ستكردنی ره‌تكرده‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ مه‌غۆله‌كان چوونه‌ شاره‌كه‌ و ئه‌وه‌ی پێیان كرا له‌ سه‌ربڕین و كوشتن كردیان.
ده‌وترێت كه‌ خه‌لیفه‌ موعته‌سه‌م له‌ فه‌رشێك ئاڵێندراوه‌ و له‌ به‌رده‌م كتێبخانه‌ی حیكمه‌ له‌ به‌غدا كه‌ یه‌كێك بوو له‌ گرنگترین كتێبخانه‌كانی جیهان له‌وكاته‌دا، به‌ ئه‌سپ شێلرا و كتێبه‌كانیش خرانه‌ روباری دیجله‌، هه‌ندێك ده‌ڵێن كتێبه‌كان ئه‌وه‌نده‌ زۆربوون كه‌ پردێكی په‌ڕینه‌وه‌ی لێ دروست بووه‌ و ئه‌سپ ده‌یتوانی به‌سه‌ریدا بڕوات.


6- گه‌ماری سابستیپول – ساڵی 1854 – 200 هه‌زار كوژراو
گه‌مارۆی سه‌ر ئه‌م شاره‌ی روسیا 11 مانگی خایاند و سێ سوپا (فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی و عوسمانی) دژی ئیمرتۆریه‌تی روسیا به‌رگرییان لێكرد، توندیی گه‌مارۆكه‌ زیانێكی زۆری به‌ هه‌ردوولا گه‌یاند به‌تایبه‌ت له‌ وه‌رزی زستانی ناوچه‌یه‌كی وه‌ك روسیا كه‌ بووه‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی، سوپای فه‌ره‌نسا زۆرترین زیانی به‌ركه‌وت و زۆرینه‌ی سه‌ربازه‌كانی به‌ نه‌خۆشی گیانیان له‌ده‌ستدا، دواجار سوپای روسیا پاشه‌كشه‌ی كرد و هاوپه‌یمانان سه‌ركه‌وتنیان راگه‌یاند.


7- گه‌مارۆی قرتاج – ساڵی 149ی پێش زایین – 460 هه‌زار كوژراو
شاری قرتاج-ی تونس گه‌مارۆیه‌كی خوێناویی به‌هۆی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی به‌خۆوه‌بینی، جه‌نگه‌كه‌ دابه‌ش بوو بۆ سێ جه‌نگ، قرتاج له‌ گه‌مارۆی سێیه‌مدا شكستی هێنا كه‌ رۆمانییه‌كان به‌ 80 هه‌زار سه‌ربازه‌وه‌ هێرشیان بۆ كرد كه‌ قرتاجییه‌كان ژماره‌یان 90 هه‌زار سه‌رباز و 400 مه‌ده‌نی بوو، گه‌مارۆكه‌ش كاتێك ده‌ستپێكرد كه‌ رۆمانییه‌كان مه‌رجه‌كانیان بۆ راده‌ستكردنی ئه‌و شاره‌ ره‌تكرده‌وه‌.
شه‌ڕه‌كه‌ سێ ساڵی خایاند و دواتر رۆمانییه‌كان چونه‌ شاره‌كه‌ و زۆرێكیان كوشت و سوتاند و ته‌نها 50 هه‌زار كه‌س مانه‌وه‌ كه‌ دواتر وه‌ك كۆیله‌ فرۆشران.

8- گه‌مارۆی قودس- ساڵی 70ی پێش زایین – 10 هه‌زار كوژراو
له‌پای شۆڕشێك كه‌ جوله‌كه‌كانی قودس به‌رپایان كرد، رۆمانییه‌كان بڕٍیاریاندا دانیشتوانه‌كه‌ی سه‌ركوت بكه‌ن و وانه‌یه‌كی باشیان دابده‌ن، تایتۆس فلافیۆس به‌ 70 هه‌زار سه‌ربازه‌وه‌ گه‌مارۆی قودسی دا كه‌ ته‌نها 40 هه‌زار كه‌سی تێدابوو ئاماده‌بن به‌رگری له‌ شاره‌كه‌ بكه‌ن.
فلافیۆس ویستی دانوستان له‌گه‌ڵ شۆڕشگێڕه‌كان بكات، به‌ڵام ئه‌وان ره‌تیانكرده‌وه‌ و نێردراوه‌كه‌یان به‌ برینداری نارده‌وه‌، ئه‌ویش بڕیاریدا شاره‌كه‌ بپڕوكێنێ و برسیی بكات، دواجار رۆمانییه‌كان چونه‌ ناو شاره‌كه‌ و دانیشتوانه‌كه‌یان وه‌ك كۆیله‌ فرۆشت و ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رستگاكانیشیان خاپور كرد.


9- گه‌مارۆی شاری صور- ساڵی 332ی پێش زایین – شه‌ش هه‌زار كوژراو
گه‌مارۆكه‌ی ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌قدۆنی بۆسه‌ر ئه‌م شاره‌ یه‌كێك له‌ گه‌مارۆ به‌ناوبانگه‌كانی مێژوو، شاره‌كه‌ كه‌وتبووه‌ سه‌ر ده‌ریا و شورایه‌كی به‌رزی هه‌بوو، ئه‌مه‌ش وایكردبوو داگیركردنی سه‌خت بێت، له‌به‌ر پێگه‌ جوگرافییه‌كه‌ی ئه‌سكه‌نده‌ر فه‌رمانی به‌ پیاوه‌كانی كرد پردێك دروست بكه‌ن كه‌ بیداته‌وه‌ له‌ وشكانی، له‌ ئه‌نجامی گه‌مارۆكه‌ كه‌ حه‌وت مانگی خایاند، یۆنانییه‌كان گه‌یشتنه‌ ناو شاره‌كه‌ و بنیادنانی پرده‌كه‌ و پڕكردنه‌وه‌ی ئاوه‌كه‌ به‌ گڵ، وایكرد ناوچه‌كه‌ له‌ دوورگه‌وه‌ ببێته‌ نیمچه‌دورگه‌.

درێژترین گه‌مارۆی مێژوو له‌سه‌ر ده‌ستی عوسمانییه‌كان بووه‌ كاتێك كه‌ شاری كاندیه‌-ی ناوچه‌ی كریتیان له‌ ساڵی 1648 و گه‌مارۆكه‌ 21 ساڵی خایاندا و دواجار چوونه‌ ناو شاره‌كه‌وه‌.


PM:08:27:15/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 6922 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو