مەزارگەی نەبی یونس و گەڕەكێكی تری شاری موسڵ رزگاركران

‌هێزەكانی ئەمنییەكان ئاڵای عیراق لەسەر ناوچە رزگاركراوەكان بەرزدەكەنەوە

وێستگە نیوز- 

شانەی میدیای جەنگی، رزگاركردنی مەزارگەی نەبی یونس و گەڕەكی شورتەی لە بەری چەپی شاری موسڵ راگەیاند. 

ئەمڕۆ دوو شەممە 16ی كانوونی دووەمی 2017، شانەی میدیای جەنگی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "هێزەكانی دژە تیرۆر تووانیان گەڕەكی نەبی یونس و مەزارگەی نەبی یونس و گەڕەكی شورتە لە چنگی چەكدارانی داعش رزگاربكەن و ئاڵای عیراق لەسەر تەلار و خانووەكانی ئەو ناوچانە بەرزبكەنەوە". 

بەپێی بەیاننامەكە، هێزە عیراقییەكان توانیویانە ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارانی داعش بكوژن و گورزی گورچكبڕ لە رێكخراوەكە بوەشێنن. 

پێشتر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی "قادمون یا نینوی"، رزگاركردنی گەڕەكی جەماسەی لە بەری چەپی شاری موسڵ راگەیاند و ئاماژەی بە بەرزكردنەوەی ئاڵای عیراق لەسەر تەلار و باڵەخانەكانی ئەو گەڕەكە. 

لە 29ی كانوونی یەكەمی 2016، دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی رزگاركردنی شاری موسڵ لە چنگی داعش راگەیەندرا و هێزە هاوبەشەكان لە هەموو میحوەرەكانەوە دەستییان بە پرۆسە سەربازییەكان كردەوە و و تائێستاش توانراوە نزیكەی لە 90%ی بەری چەپی شاری موسڵ لە چەكدارانی داعش پاكبكرێتەوە.  
     
دوای ئەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق  لە 17ی مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شاری موسڵی راگەیاند، هێزە هاوبەشەكان بە پاڵپشتی فڕۆكەكانی سوپا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامن لەسەر هەڵمەتەكانیان بۆ رزگاردنی شاری موسڵ لە چنگی رێكخراوی داعش كە بە دوایین مۆڵگەی ئەو رێكخراوە لە عیراقدا دادەنرێت. 

   


PM:05:51:16/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 2381 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت