بەڤیدیۆ: هاوڵاتییەكی موسڵ ئۆتۆمبێلێكی سەربازی رادەگرێت و ماچی ئالای عیراق دەكات


وێستگە نیوز- 

دوای نزیكەی سێ‌ ساڵ لە داگیركردنی چەكدارانی داعش بۆ شاری موسڵ، هاوڵاتییەكی ئەو شارە لەپاش رزگاركردنی ناوچەكەیان ئۆتۆمبێلێكی حەشدی شەعبی رادەگرێت و ماچی ئاڵای عیراق دەكات. 

بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە لەلایەن پەیجی فەرمی حەشدی شەعبی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "تویتەر" بڵاوكراوەتەوە، هاوڵاتییەكی شاری موسڵ لەپاش نزیكەی ساڵ لە داگیركردنی ناوچەكەیان لەلایەن چەكدارانی رێكخراوی داعش، ئۆتۆمبێلێكی حەشدی شەعبی رادەگرێت و ماچی ئاڵای عیراق دەكات. 

ئەو هاوڵاتییە، ستایشی هێزە عیراقییەكان دەكات و سوپاسی خوداوەند دەكات كە لە چنگی داعش رزگاريكردن و جارێكی تر گەڕانەوە ژێر سایەی ئاڵای عیراق. 

لە 29ی كانوونی یەكەمی 2016، دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی رزگاركردنی شاری موسڵ لە چنگی داعش راگەیەندرا و هێزە هاوبەشەكان لە هەموو میحوەرەكانەوە دەستییان بە پرۆسە سەربازییەكان كردەوە و و تائێستاش توانراوە نزیكەی لە 90%ی بەری چەپی شاری موسڵ لە چەكدارانی داعش پاكبكرێتەوە.  
     
دوای ئەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق  لە 17ی مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شاری موسڵی راگەیاند، هێزە هاوبەشەكان بە پاڵپشتی فڕۆكەكانی سوپا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامن لەسەر هەڵمەتەكانیان بۆ رزگاردنی شاری موسڵ لە چنگی رێكخراوی داعش كە بە دوایین مۆڵگەی ئەو رێكخراوە لە عیراقدا دادەنرێت. 


 


PM:11:14:16/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 3568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت