نرخی كۆكردنه‌وه‌ی زبڵ و خاشاك دیاریكرا


وێستگه‌ نیوز ـ
وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نرخی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی زبڵ و خاشاكی ماڵانی دیاریكرد كه‌ بڕی سێ هه‌زار دیناری مانگایه‌ بۆ گه‌ڕه‌كه‌كان.

نه‌ورۆز مه‌ولود، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 18ی كانوونی دووه‌می 2017، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ هه‌ولێر رایگه‌یاند: له‌سه‌ر پێشنیازی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی كه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاره‌، بڕی سێ هه‌زار دینار له‌ گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژاره‌كان و تا پێنج هه‌زار دینار له‌ گه‌ڕه‌كه‌ مامناوه‌ند و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان دیاریكراوه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زبڵ و خاشاكی ماڵان.

راشیگه‌یاند: له‌ دانانی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌دا ره‌چاوی باری گوزه‌رانی هاوڵاتییان و قه‌یرانی دارایی هه‌رێم كراوه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ره‌وشی حكومه‌ت باشبوو له‌ رووی داراییه‌وه‌، ره‌نگه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ر بڕی پاره‌كه‌دا بێت.

له‌ باره‌ی دابه‌شكردنی زه‌وییه‌وه‌ وتی: "ئێمه‌ له‌ماوه‌ی دوو مانگدا توانیمان ئه‌و داتایه‌ی كه‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌كانمان داواكردبوو بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی سودمه‌ندنه‌بوون له‌ وه‌رگرتنی زه‌وی، ده‌ركه‌وت ژماره‌كه‌ زۆربوو، بۆیه‌ داوامان له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌و ناوانه‌دا بكات و وردتر دیراسه‌ی بكات، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ وه‌رگرتنی زه‌وی سودمه‌ندبن كه‌ زۆر موسته‌حه‌قن".

راشیگه‌یاند: ئێستا پرسه‌كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌و له‌وێ دیراسه‌ ده‌كرێت.

له‌ باره‌ی دانانی پێوه‌ری ئاوی ماڵانه‌وه‌ وتی: "دانانی پێوه‌ری ئاوی ماڵان له‌ سلێمانی و هه‌ولێر ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ماڵان به‌ستوویانه‌و له‌ دهۆكیش نزیكه‌ی سه‌دا 70ی ماڵان پێوه‌ره‌كه‌یان داناوه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ش بكه‌وێته‌كار".

ئه‌وه‌شی وت: "140 ملیار دینار ده‌درێته‌ كۆمپانیاكانی كۆكردنه‌وه‌ی زبڵ و خاشاك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كان".


AM:11:19:18/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 8303 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت