حكومه‌تی عیراق وه‌زیری خوێندنی باڵای كرده‌ وه‌زیری دارایی به‌ وه‌كاله‌ت


وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار
حكومه‌تی عیراق پۆستی وه‌زاره‌تی دارایی عیراق به‌ وه‌كاله‌ت ده‌داته‌ وه‌زیری خوێندنی باڵا و په‌رله‌مانتارێكی پارتیش له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ره‌خنه‌ له‌و بڕیاره‌ ده‌گرێت و ده‌ڵێت: "ئه‌و پۆسته‌ پشكی پارتییه‌و ده‌بوو حكومه‌تی عیراق داوای لێبكردنایه‌ كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ ده‌ستنیشان بكه‌ین".


حاكم سه‌رحان سلێڤانه‌یی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق وه‌زیری خوێندنی باڵای به‌وه‌كاله‌ت كردووه‌ به‌ وه‌زیری دارایی، له‌كاتێكدا بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی كه‌ كورده‌ و كه‌سێكی ئه‌زموونداره‌ و دكتۆرای هه‌یه‌ پێویستبوو تا پارتی كاندیدێكی ده‌بێت ئه‌و به‌ وه‌كاله‌ت بكرایه‌ به‌ وه‌زیر.

وتیشی: "گومان هه‌یه‌ كه‌ به‌غدا ئه‌و پۆسته‌ش وه‌ك پۆستی سوپاسالاری عیراقی لێبكات كه‌ پشكی كوردبوو كه‌چی عه‌ره‌بێكی به‌وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ی ده‌بات".

راشیگه‌یاند: "ده‌بوو سه‌رۆك وه‌زیران داوای له‌ پارتی بكردایه‌ كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ ده‌ستنیشان بكات، جا به‌ فه‌رمیی بێ یان وه‌كاله‌ت نه‌وه‌ك راسته‌وخۆ به‌بێ ئه‌وه‌ی پرس، كه‌سێكی به‌وه‌كاله‌ت بۆ ده‌ستنیشان بكرێت".

وتیشی: "دیاره‌ حكومه‌تی عیراق ده‌یه‌وێت سیاسه‌تی نه‌هێشتنی كورد له‌ به‌غدا بگرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی شه‌راكه‌ت به‌جارێك نه‌مێنێ و هاوسه‌نگی عیراق تێك چێت".

له‌ ماوه‌ی رابردوودا به‌ تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی و به‌ هه‌رده‌دانی سامانی گشتی، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بانگهێشتی هۆشیار زێباری، وه‌زیری دارایی عیراقی كرد بۆ لێپرسینه‌وه‌ كه‌له‌ پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌، دواتر به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ متمانه‌ی لێوه‌رگیرایه‌وه‌.


PM:04:18:18/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 2451 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو