عەبادی: وادەی سەركەوتنی تەواوەتی لە موسڵ نزیكبووەتەوە

‌حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق

وێستگە نیوز- 

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، بەدیهاتنی بەڵێن و وادەی رزگاركردنی كۆتایی و سەركەوتنی تەواوەتی لە شاری موسڵ نزیكبووەتەوە، رونیشكردەوە كە لەئێستادا چەند ناوچەیەكی كەم لە غابات و كۆشكەكان و لە میحوەری باكوور ماون رزگاربكرێن. 
 
ئەمڕۆ چوار شەممە 18ی كانوونی دووەمی 2017، عەبادی لە بەیاننامەیەكدا راگەیاند: "بەڵێنی رزگاركردنی كۆتایی و سەركەوتنی تەواوەتی لە موسڵ نزیكبووەتەوە و پلانی هێزە سەربازییەكانیش لە پاككردنەوەی بەری چەپی شاری موسڵ بە سەركەوتوویی ئەنجامدرا و لەئێستاشدا پاشماوەی ئەو ناوچانەی لە غابات و كۆشكەكان پێكدێت كە چەند ناوچەیەكی كەمن لە میحوەری باكووری موسڵ رزگاردەكرێن و بەوپەڕی هێز و تواناشەوە كار بۆ رزگاركردنی بەری راستی شارەكە دەكرێت". 

 بە وتەی سەرۆك وەزیراتنی عیراق، هێزە چەكدارەكان جوانترین نمونەی نەبەردی و فیداكارییان لە مامەڵەی مرۆیی لەگەڵ مەدەنییەكان تۆمار كرد و سەركەوتنی گەورەیان لەماوەی چەند رۆژی رابردوو بەدەستهێنا و ناوچەیەكی زۆرییان لە گروپە تیرۆریستەكان پاككردەوە و ژماریەكی زۆریشیان لە چەكدارە توندڕەوەكان كوشت و بەردەوامیش دەبن لە ئۆپەراسیۆنەكان بۆ رزگاركردنی تەواوەتی شاری موسڵ". 

رێكخراوی داعش لە 10ی حوزەیرانی ساڵی 2014، شاری موسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوای كۆنترۆڵ كرد و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراقیش  لە 17ی مانگی تشرینی یەكەمی 2016 دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شاری موسڵی راگەیاند، هێزە هاوبەشەكان بە پاڵپشتی فڕۆكەكانی سوپا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامن لەسەر هەڵمەتەكانیان بۆ رزگاردنی شاری موسڵ لە چنگی رێكخراوی داعش كە بە دوایین مۆڵگەی ئەو رێكخراوە لە عیراقدا دادەنرێت. 

لە 29ی كانوونی یەكەمی 2016، دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی رزگاركردنی شاری موسڵ لە چنگی داعش راگەیەندرا و هێزە هاوبەشەكان لە هەموو میحوەرەكانەوە دەستییان بە پرۆسە سەربازییەكان كردەوە و و تائێستاش توانراوە تەواوی بەری چەپی شاری موسڵ لە چەكدارانی داعش پاكبكرێتەوە.  

هەر ئەمڕۆ  هێزەكانی دژە تیرۆری عیراق كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی بەری چەپی موسڵیان رایاگەیاند. 

فەرماندەیی هێزەكانی دژە تیرۆری عیراق رایگەیاند: هێزەكانانیان نزیكبوونەتەوە لەوەی بە تەواوەتی كۆنترۆڵی بەشی رۆژهەڵاتی شاری موسڵ بكەن و لە ئێستاشدا دەسـتیانكردووە بە پـێشڕەوییكردن بە ئاڕاستەی رۆژئاوای شارەكەدا.

ئاماژەی روخانی تەواوەتی ورەی چەكدارانی داعش و سەركەوتوویی و ئۆپراسیۆنی رزگاركردنی شاری موسڵ كرد و ئەو دەنگۆیانەشی رەتكردەوە كە هەڵسەنگاندنی پـێچەوانەیان بۆ ئۆپراسیۆنەكە كردبوو.


PM:04:56:18/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 1623 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو