ئەنجامدەری پەلامارەكەی ئەستەنبوڵ وردكاریی رووداوەكە ئاشكرا دەكات


وێستگە نیوز- 

ئەنجامدەری پەلامارەكەی سەر یانەی شەوانەی "رینا" لە ئەستەنبوڵ كە لە شەوی سەری ساڵدا ئەنجامدرا  رایگەیاندووە، بەشێوەیەكی راستەوخۆ فەرمانی لە رێكخراوی داعشەوە پێگەیشتووەتەوە لە رقەوە، لە سەرەتاشەوە پیلانەكەیان وابووە پەلامارەكە لە گۆڕەپانی تەقسیمی ناوەڕٍاستی شارەكە ئەنجامبدات، بەڵام دواتر بەهۆی رێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵەوە، ئامانجەكە گۆڕدراوە. 


میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە، ئەنجامدەری پەلامارەكەی شەوی سەری ساڵ لە ئەستەنبوڵ لەدوای دەستگیركردنی و لەكاتی لێپێچینەوە لەگەڵیدا رایگەیاندووە، هێرشەكەی دوای ئەوەی جێبەجێ‌ كردووە كە لە شاری رقە مۆڵگەی رێكخراوی داعش لە سوریا، رێنمایی پێگەویشتووە.   

رۆژنامەی حورییەت و كەناڵی "سی ئێن ئێن تورك"، چەند وەڵامێكی عەبدولقادر مشاریبۆڤ ئەنجامدەری هێرشەكەی شەوی سەری ساڵی ئەستوبوڵیان بڵاوكردەوە كە لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا ئاماژەی پێكردووە. 

بەو وتەی عەبدولقادر مشاریبۆڤ كە ئۆزبەكییە، لە سەرەتاوە بەنیازبووە لە شوێنێكی قەرەباڵغی ئەستەنبوڵ هێرشەكە ئەنجامبدات، بەڵام بەهۆی رێوشوێنی ئەمنی توندەوە، ئامانجەكەی گۆڕیوە. 

روپێو و وێنەگرتن 

عەبدولقادر مشاریبۆڤ  كە شەوی دوو شەممە لەسەر سێ‌ شەممە دەستگیركرا دەڵێت: "رێنماییم لە رقەوە پێدەگەیشت، فەرمانی ئەوەم پێكرا لە شەوی سەری ساڵدا لە گۆڕەپانی تەقسیم هێرشەكە ئەنجام بدەم". 

بۆ ئەو مەبەستە رویكردووتە گۆڕەپانی تەقسیم تا لە سەرەتاوە ناوچەكە شارەزاببێت، چەند وێنەیەكی لەوێ‌ گرتووە و ناردویەتی بۆ چەند كەسێك لە رقە. 

بەپێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییەش بێت كە لەلایەن میدیاكانی توركیا بڵاوكرایەوە كە وێنەی خۆی گرتووە لە گۆڕەپانی تەقسیم،  عەبدولقادر مشاریبۆڤ  لەو كاتەدا بەنیازی ئەنجامدانی هێرشەكە بووە لەو شوێنە. 
مشاریبۆڤ دەڵێت: "لە شەوی سەری ساڵ چوم بۆ گۆڕەپانی تەقسیم، بەڵام رێوشوێنێكی ئەمنی توند گیرابووەبەر، هیچ بوارێك نەبوو تا هێرشەكە ئەنجام بدەم، بۆیە پەیوەندیم كردەوە بەو كەسەی فەرمانەكانی بۆ دەردەكردم. 

دوای ئەوەی رێنمایی پێگەیشتووە تا ئامانجێكی تر لە ناوچەكە بدۆزێتەوە، تاكسییەكی گرتووە و بە درێژایی كەنارئاوەكان سوڕاوەتەوە و یانەی شەوانەی رینای دیاریی كردووە كە "ئامانجێكی گونجاو بووە بۆ ئەنجامدانی هێرشەكە". 

رووداوەكانی هێرشەكە ئاشكران، لەدوای نیوەشەو چووەتە نێو دەروازەی یانەی شەوانەی رینا و پۆلیسی پاسەوانی كوشتووە و چووەتە نێو هۆڵەكەوە، دواتر دەستدڕێژی گوللـەی بەنێو خەڵكەكەدا كردووە، ئەوەش بووە مایەی كوژرانی 39 كەس كە زۆربەیان بیانی بوون.  


چەند كەسێكی تر دەستگیركران 

هێرشبەرەكە هەڵات و لە شەوی دوو شەممە لەسەر سێ‌ شەممە لە ئەستەنبوڵ لەپاش پرۆسەیەكی دووردرێژ كە سەدان پۆلیس  بەشدارییان تێدا كرد، لەگەڵ چوار كەسی تردا دەستگیرا. 

دەستگیركردنەكەی دوای زیاتر لە دوو هەفتە بوو لە روودانی هێرشەكە، ئەوەش بە وتەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا "بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە تا چ ئەندازیەك پۆلیسی توركیا بەهێز و چاوكراوەیە". 
بە وتەی دەسەڵاتدارانی توركیا ، عەبدولقادر مشاریبۆڤ  لە ئەفغانستان مەشقی كردووە و دانی بەوەداناوە كە ئەنجامدەری هێرشی سەر یانەی شەوانەی رینای ئەستەنبوڵە. 
نەعمان كورتوڵموش جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیاش لای خۆیەوە رایگەیاند: "ئەو هێزە راستەقینەیە كێیە كە لە پشت هێرشەكە و دەستدرێژیكەر و دەستدرێژیكەرانەوە بووە؟ لەئێستادا هیواخوازین ئەو راستیانە ئاشكراببن". 
   
هەر لەو چوارچێوەیەدا، 27 كەسی تر دەستگیراون كە گومانیان لێدەكرێت سەر بە رێكخراوی داعش بن و پەیوەندییان بە هێرشەكەی بورسەوە هەبێت و لەئێستاشدا وەك ئاژانسی ئەنادۆڵ ئاماژەی پێكردووە، لێكۆلًَینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت. 


  



PM:08:31:18/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 5864 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت