بارزانی: زۆر گرنگە پارتی و یەكێتی رێككەوتنیان هەبێت


وێستگە نیوز- 

مەسعود بارزانی  لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووری جیهان، لە داڤۆس، بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، 2016 ساڵی سەركەوتنی كوردستان بوو، سەبارەت سەربەخۆیی كوردستانیش دووپاتیكردەوە كە هەرگیز واز لە پرۆسەی سەربەخۆیی ناهێنن، بەپێویستیشی زانی یەپارتی و یەكێتی رێككەوتنیان هەبێت. 

بارزانی كە بیرورٍِای جیاواز هەیە لەسەر پۆستەكەی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بە هەڵوێستی سەركردەكانی جیهان كرد و رایگەیاند، ئەوان بە ڕێزەوە سەیری خەباتی كورد دەكەن و وڵاتانی جیهانیش ئامادەن هاوكاری گەلی كورد بكەن.

سەبارەت بە شەڕی دژی داعش و ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕڵكردنەوەی مووسڵ، بارزانی رایگەیاند، تێكشكانی داعش لە مووسڵ مانای لەناوچوونی یەكجارەكی داعش نییە و شەڕ لە دژی ئەو رێكخراوە، درێژخایەن دەبێت.

 بارزانی لە داڤۆسەوە راشیگەیاند، لە بارەی سەربەخۆیی گفتوگۆیان لەگەڵ بەغدا كردووە و گوتی: "دەكرێ لەگەڵ بەغدا دوو دراوسێی باش بین" و ئاماژەی بەوەشكرد، كە ناتوانن كاتێكی دیاریكراو بۆ سەربەخۆیی دەستنیشان بكەن.

لە بارەی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەولێر و بەغدا، مەسعود بارزانی وتی، هەماهەنگی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا زیاتر سەربازییە.

سەبارەت بە چارەنووسی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا بارزانی رایگەیاند، ھێشتا كاتی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا نەھاتووە و، ھەموو ھەوڵێك بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەدەن.

بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا بۆ رۆژنامەوانان لە داڤۆس، لە بارەی رەوشی ناوخۆی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، زۆر گرنگە پارتی و یەكێتی رێككەوتنیان هەبێت.

هەروەها رایگەیاند، ئومێد هەیە گفتوگۆكان بگەنە ئەنجام و دەبێ تەواوی لایەنەكانی كوردستان بەشداری رێككەوتن بن.

بارزانی وێڕای ئەوەی دووپاتیكردەوە، كە ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەرزە، جەختی لەوەشكردەوە، ھەموو ھەوڵێك دەدەن قەیرانی دارایی چارەسەر بكەن و راشیگەیاند, ئێستا رەوشەكە لەبارە بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان

بارزانی تێڕوانینی تایبەتی خۆی بۆ ئیدارەی نوێی ئەمەریكا دەربڕی و رایگەیاند، رەنگە ئیدارەی نوێی ئەمریكا ھاوكاری زیاتری كوردستان بكات.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان، تایبەت بە رەوشی رۆژئاوای كوردستان، رایگەیاند ئیرھابێكی گەورە لە رۆژئاوای كوردستان ھەیە و "گەشبین نیم بە داھاتووی رۆژئاوای كوردستان".

لە بارەی رێككەوتنی نوێی رووسیا و توركیا، بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی هاوبەش لە سووریا، بارزانی رایگەیاند، رێككەوتنەكە نییە و لە بارەی داهاتوو سووریاش، گوتی: "زۆر رەشبینم بە داھاتووی سووریا".

سەبارەت بە كشانەوەی هێزی پێشمەگە لە ناوچە تازەئازادكراوەكان، بارزانی دووپاتیكردەوە كە پێشمەرگە لە شوێنە ناوچە تازە رزگاركراوەكان ناكشێتەوە.

بۆ پرسی شنگال و بوونی هێزەكانی پەكەكە، رایگەیاند، رێگە نادەن پەكەكە چوارچێوەیەكی دیاریكراو بەسەر شنگال بسەپێنێت.


PM:06:44:19/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 2242 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو