فەرماندەیەكی سەربازی عیراق: زۆربەی سەركردەكانی داعش كوژراون

‌عەبدولغەنی ئەسەدی فەرماندەی دەزگای دژە تیرۆری عیراق

وێستگە نیوز- 

فەرماندەی دەزگای دژە تیرۆری عیراق رایگەیاند، زۆربەی سەركردەكانی رێكخراوی داعش لە شەڕەكانی بەری خۆرهەڵاتی موسڵ كوژراون كە 3 مانگە بەردەوامن.  

ئەمڕۆ پێنج شەممە 19ی كانوونی دووەمی 2017، عەبدولغەنی ئەسەدی فەرماندەی دەزگای دژە تیرۆری عیراق رایگەیاند: "رزگاركردنی بەری خۆرئاوای شاری موسڵ، كە تائێستاش لەژێر چنگی چەكدارانی رێكخراوی داعشە، قورستر نابێت لە رزگاركردنی تەواوەتی بەری خۆرئاوای شارەكە"، ئاماژەی بە كوژرانی زۆربەی سەكردەكانی رێكخراوەكەش كرد لە شەڕەكانی بەری خۆرهەڵاتی موسڵ. 

سەبارەت بە وادەی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی بەری خۆرئاوای موسڵیش  ئەسەدی رایگەیاند: "لە چەند رۆژی داهاتوو كۆبوونەوەیەكی فراوان دەكەین كە هەموو فەرماندە سەربازییەكان ئامادەی دەبن و تێیدا وادەی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە تاوتوێ‌ دەكرێت". 
بە وتەی فەرماندەكەی دەزگای دژە تیرۆری عیراق،" لەم چەند رۆژەی دواییدا كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی بەری خۆرهەڵاتی موسڵ رادەگەیەنرێت، چونكە تائێستاش شەڕوپێكدادان لە گەڕەكی عەرەبی كە دوایین گەڕەكە لەژێر دەستی چەكدارانی داعشدا ماوە، بەردەوامن". 

پێشتر فەرماندە سەربازییەكان لە بەغدا، كۆنترۆڵًكردنی ئوتێلی "نەینەوا ئۆپروی" گەورەترین ئوتێلی موسڵ و ناوچەی "كۆشكەكانی سەرۆكایەتی" لە بەری خۆرهەڵاتی دیجلە راگەیاند، وێڕای رزگاركردنی شارۆچكەی تلكێفی مەسیحی نشین لە باكووری موسڵ. 

وەك بەرپرسانی سەربازی ئەمریكایی و عیراقی ئاماژەیان پێكردووە، هۆكاریی پێشڕەوییە سەربازییەكانی دوو هەفتەی رابردوو بۆ باشبوونی شێوازی شەڕكردن و هەماهەنگی نێوان هێزە ئەمنییەكانی وەك دەزگای دەزگای تیرۆر و پۆلیسی عیراقی، دەگەڕێتەوە. 
لە 29ی كانوونی یەكەمی 2016، دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی رزگاركردنی شاری موسڵ لە چنگی داعش راگەیەندرا و هێزە هاوبەشەكان لە هەموو میحوەرەكانەوە دەستییان بە پرۆسە سەربازییەكان كردەوە، تائێستاش توانراوە نزیكەی بەری چەپی شاری موسڵ لە چەكدارانی داعش پاكبكرێتەوە. 
    
دوای ئەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق  لە 17ی مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شاری موسڵی راگەیاند، هێزە هاوبەشەكان بە پاڵپشتی فڕۆكەكانی سوپا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامن لەسەر هەڵمەتەكانیان بۆ رزگاردنی شاری موسڵ لە چنگی رێكخراوی داعش كە بە دوایین مۆڵگەی ئەو رێكخراوە لە عیراقدا دادەنرێت. 






PM:07:59:19/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 2111 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت