بارزانی: پارتی ناگەڕێتەوە ئەو كۆبوونەوانەی پێی دەڵێن پێنج قۆڵی


وێستگە نیوز-  

مەسعود بارزانی لە رایگەیاند: "رێككەوتنی پارتی و یەكێتی دەبێت هەبێت و كاتیش لەبارە بۆ چارەسەری قەیرانەكان، رەتیشكردەوە پارتی جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ ئەو كۆبوونەوەیەی كە "پێی دەڵێن كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی". 

مەسعود بارزانی كە بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر پۆستەكەی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە داڤۆسەوە رایگەیاند: "رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی زۆر گرنگە و كاریگەریی دەبێت لەسەر حزبەكانی دیكەیش، بەڵام پارتی بە دڵنیاییەوە ناگەڕێتەوە ئەو كۆبوونەوانەی كە پێی دەڵێن پێنج قۆڵی، هەموو حزبەكان دەبێت بەشدار بن لەگەڵ یەكێتی و هەموو حزبەكان، نەك لەگەڵ یەكێتی و چوار حزبەكە كە پێیان دەڵێن پێنج حزبی سەرەكی".

بە وتەی بارزانی: "من نە ئەو موستەڵەحەم قبوڵە و نە جارێكی دیكەیش پارتی كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی ئەنجام دەدات، كۆبوونەوەكە دەبێت فراوانتر بێت، بەلانیكەمیەوە ئەو حزبانەی لە حكومەت و پەرلەمان بەشدارن، ئەوانەی حكومەت دەبێت بەشدار بن و ئەوانی دیكەش دەبێت راوێژیان پێبكرێت، من شەخسی خۆم رێگر نیم لەوەی هەموویان بەشداربن لە كۆبوونەوەكە، بەڵام پێنج قۆڵی تەواو".

سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی هەرێم كوردستان و ریفراندۆم، بارزانی وتی: "من كە چوومە بەغدا ئەم بابەتەمان لەگەڵ بەغدا باسكردووە و ئەگەر ئێمە لەگەڵ بەغدا بگەینە تەفاهوم رێگا خۆشدەكات بۆ زۆر لە وڵاتانی دیكەش كە بەبێ كێشە ئیعترافمان پێبكەن، لەبەر ئەوە ئێمە بەردەوام دەبین و تا ئەو جێگەی كە مەجالی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا هەبێت و بگەینە ئەنجامێكی ئەرێنی، پێویست ناكات ئێمە هەنگاوی دیكە بنێین، بەڵام ئەگەر لەوە نائومێد بوین بەدڵنیاییەوە هەنگاوی دیكە دەنێین".

هەروەها وتی: "ئێمە واز لەم پرۆسەیە ناهێنین و دەتوانین لەگەڵ عیراقی داهاتوو دوو دراوسێی باش بین، بەڵام وەك شەریك نەمانتوانی ببینە شەریكی باش، ئەوە حەقیقەتێكە و ئەوەیش ئیعترافی پێ نەكات نایەوێت راستییەكان ببینرێت".

سەبارەت بەو ناوچانەش كە پێشتر لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە لە شەڕی رووبەڕبوونەوەی رێكخراوی داعش رزگاركران، مەسعود بارزانی رەتیكردەوە هێزەكانی پێشمەرگە لەو ناوچانە پاشەكشەبكەن.


PM:09:30:19/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 3072 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو