پنتاگۆن كوژرانی سەركردەیەكی قاعیدە رادەگەیەنێت

‌پیتەر كوك وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا

وێستگە نیوز- 

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن)، كوژرانی سەركردەیەكی رێكخراوی قاعیدەی لە سوریا لە هێرشێكی ئاسمانی راگەیاند. 

پیتەر كوك وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا رایگەیاند: " محەمەد بوسەعدونی تونسی كە هاوڵاتییەكی تونسیە و بەشداریی لە كارە تیرۆریستييەكانی دەرەوەدا كردووە و دەستی لە پیلانى پەلاماردانی ئامانجە خۆرئاواییەكان هەبووە، لە هێرشێكی ئاسمانیدا لە نزیك ئیدلب لە سوریا كوژرا". 

بە وتەی پیتەرك كوك، بوسەعدون لە كۆتایی ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیباندا مەشقی كردووە و پەیوەندی كۆن و نوێشی لەگەڵ ئەندامانی رێكخراوی قاعیدەدا هەبووە و ئامادەكاریان بۆ ئەنجامدانی هێرشی دەرەكی كردووە. 

هەر لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، كوژرانی ئەندامێكی تری رێكخراوی قاعیدەی لە 12ی ئەم مانگەدا راگەیاند كە عەبدولجەلیل موسەلەمییە و لە هێرشێكی ئاسمانیدا لە ئیدلب كوژراوە. 

لە 5ی ئەم مانگەش وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا رایگەیاند،" كارەكانمان بەردەوام دەبن بە جۆرێك كە هیچ پەناگەیەك لە سوریادا بۆ قاعيدە ناهێڵینەوە". 




AM:10:02:20/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 1100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت