بەرەی توركمانی پشتیوانی لە بارزانی دەكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكان


وێستگە نیوز-ئیدریس جەبار 

بەرەی توركمانی عیراقی پشتیوانی لە لێدوانەكانی مەسعود بارزانی دەكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی كۆبوونەوە پێنج قۆڵًییەكان كە پێنج حزبە سەرەكییەكەی هەرێمیان لەخۆدەگرت و لەگەڵ بەشداریی هەموو لایەنە سیاسییەكانە لەو وتوێژانەدا. 

ئەمڕۆ ئایدن مەعروف سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو بەرەیەشە بە وێستگە نیوزی راگەیاند: "ئێمە لەگەڵ قسەكانی مەسعود بارزانین سەبارەت بە پێویستی بەشداریی هەموو لایەنە سیاسییەكانی تر لە وتوێژەكاندا كە پێشتر پێنج حزبەكە تێیدا شكستخواردووبوون لە گەیشتن بە بڕیسارێك بۆ دەرچوون لە تەنگژەكان". 

دوای ئەوەی مەسعود بارزانی لە مانگی تشرینی دووەمی 2016، پایەمێكی وەك دەستپێشخەری بۆ چارەسەری تەنگژە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان راگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان لە 19ی كانوونی یەكەمی رابردوو، وەفدێكی بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی پێكهێنا و سەردانی شاری سلێمانی كرد. 

وەفدەكە دوای ئەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆبووەوە، بەڵام بەپێی  لێدوانەكانی بەرپرسانی لایەنەكان لەو بارەیەوە، دانوستانەكان درەنجام و ئاكامی ئەوتییان نەبوو كە ببێتە مایەی چارەسەر، یان لانی كەم دۆزینەوەی درەچەیەك بۆ ئەم تەنگژە سیاسییەی لە هەرێمی كوردستاندا دروست بووە. 
  
بە وتەی ئایدن مەعروف: "پێنج حزبەكە كۆبوونەوەكانی ئەم دواییەیان بۆخۆیان قۆرخ كردبوو، پرۆژەكانیشیان سەری نەگرت، بۆیە پێویستە توركمان و مەسیحییەكانیش لەو كۆبوونەوانەدا بەشداربن". 
 
ئەو ئەندامەی مەكتبەی سیاسی بەرەی توركانی عیراقی وتیشی: "پێویستە پێكهاتەی توركمان و مەسیحییەكانیش راوبۆچونیان هەبێت لە پرۆژەی سیاسی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەو پێكهاتانە لایەنێكی گرنگن لە هەرێمی كوردستان". 

پێشتر مەسعود بارزانی رایگەیاند: "رێككەوتنی پارتی و یەكێتی دەبێت هەبێت و كاتیش لەبارە بۆ چارەسەری قەیرانەكان"، رەتیشكردەوە پارتی جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ ئەو كۆبوونەوەیەی كە "پێی دەڵێن كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی". 

مەسعود بارزانی كە بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر پۆستەكەی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوێنێ‌ پێنج شەممە لە داڤۆسەوە رایگەیاند: "رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی زۆر گرنگە و كاریگەریی دەبێت لەسەر حزبەكانی دیكەیش، بەڵام پارتی بە دڵنیاییەوە ناگەڕێتەوە ئەو كۆبوونەوانەی كە پێی دەڵێن پێنج قۆڵی، هەموو حزبەكان دەبێت بەشدار بن لەگەڵ یەكێتی و هەموو حزبەكان، نەك لەگەڵ یەكێتی و چوار حزبەكە كە پێیان دەڵێن پێنج حزبی سەرەكی".

بە وتەی بارزانی: "من نە ئەو موستەڵەحەم قبوڵە و نە جارێكی دیكەیش پارتی كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی ئەنجام دەدات، كۆبوونەوەكە دەبێت فراوانتر بێت، بەلانیكەمیەوە ئەو حزبانەی لە حكومەت و پەرلەمان بەشدارن، ئەوانەی حكومەت دەبێت بەشدار بن و ئەوانی دیكەش دەبێت راوێژیان پێبكرێت، من شەخسی خۆم رێگر نیم لەوەی هەموویان بەشداربن لە كۆبوونەوەكە، بەڵام پێنج قۆڵی تەواو"




PM:12:11:20/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 1507 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت