بارزانی: لەسەر موسڵ لەگەڵ بەغدا رێكەوتوین

‌مەسعود بارزانی لە كۆڕبەندی جیهانی داڤۆس

وێستگە نیوز- 

بارزانی ڕایگەیاند، لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتن هەیە بۆ چارەسەركردنی هەر كێشەیەك، كە لە موسڵ ڕوو بدات، پێشبینیشی كرد لەپاش دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، گۆڕانكارییەكی وەها لە سیاسەتەكانی دەرەوەی ئەمریكادا روونەدات. 

ئەمڕۆ هەینی 20ی كانوونی دووەمی 2017، مەسعود بارزانی لە كۆڕبەندی جیهانی داڤۆس لە سویسرا لەبارەی ئۆپراسیۆنەكانی  رزگاركردنی موسڵەوە ڕایگەیاند، ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ لە ١٧ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٦ەوە و بەپێی ڕیككەوتنێك لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و حكومەتی عیراق و هاوپەیمان دەستپێكرد، پێشمەرگەش لە هەندێك لە بەرەكانی پێشەوەی جەنگ پێشڕەوییان كرد و لە دوای ئەوەش سوپای عێراق چووە نێو شارەكە.

بە وتەی بارزانی: "پێویستە لە دوای كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ خەڵكی موسڵ خۆیان ئیدارەی شارەكەیان بەڕێوەببەن و  ڕێككەوتنیشیان لەگەڵ بەغدا هەیە، ئەگەر كێشەیەك لە موسڵ ڕوویدا پێكەوە چارەسەری بكەن".

لە بەشێكی تری قسەكانیدا بارزانی وتی "بەپێی ئەو پەیوەندییانەی ئەنجاممانداوە لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمەریكا و بەپێی ئەوەی بیستومانە و ئەوەی وتویانە، ئەوەیە كە بە بەردەوام دەبن لە پشتیوانیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە جەنگی دژ بە داعشدا. پێشبینی ئەوەش دەكەین ئەو ئیدارەیە زیاتر و توندتر بە بەراورد بە ئیدارەی پێشووتر درێژە بە جەنگی دژ بە داعش دەدات، بەڵام دەبێت چاوەڕێی ئەوەش بكەین بزانین چی ڕوو دەدات".

مەسعود برزانی كە بۆچوونی جیاواز لەسەر پۆستەكەی هەیە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان  راگەیاند:"وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمەریكا دەناسین و پێشتریش سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و یەكتریمان بینیوە. ئەو باش دەزانێت لە هەرێمی كوردستان و هەروەها لە عیراق چی ڕوو دەدات، بەڵام پێشبینیی ئەوەش ناكرێت گۆڕانكاریی زۆر لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكادا ڕوو بدات". 

كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس لە ١٧ی كانوونی دووەمی ٢٠١٧ەوە لە سویسڕا دەستی بەكارەكانی كردووە و تا ئێستا بەردوامە، بارزانی لە هەرێمی كوردستانەوە لە ڕۆژی ١٦ی كانوونی دووەمی ٢٠١٧ لە شاری هەولێرەوە بەرەو ئەوروپا بەڕێكەوتووە تا لەو دیدارانەدا بكات.  


PM:02:34:20/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 1581 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو