کورد لە کەرکوک داوای‌ هەڵبژاردن دەکات


وێستگه‌ نیوز ـ

لایەنی‌ کوردی‌ مەترسی‌ دواخستنی‌ هەڵبژاردنی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ کەرکوکی‌ هەیە ، لەکاتێکدا حکومەتی‌ عیراق رۆژی‌ 16 ی‌ ئەیلولی‌ ئەمساڵی‌ دیاریکردووە بۆ ئەوەی‌ هەڵبژاردنی‌ پارێزگاکانی‌ تێدا ئەنجام بدرێت.

جوان حەسەن، ئەندامی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ کەرکوک، بەدەنگی‌ ئەمریکای‌ راگەیاند"دواخستنی‌ هەڵبژاردن لە کەرکوک قەبوڵ ناکرێت و پیشێلکردنی‌ مافی‌ کەرکوکیەکانە."

لەماوەی‌ 14 ساڵی‌ رابردوودا تەنها یەکجار و لەساڵی‌ 2005 هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ کەرکوک کراوە ، بەڵام لەوکاتەوە تائێستا حکومەتی‌ عێراقی‌ تایبەتمەندی‌ بە کەرکوک داوە و هەرجارەو بەپاساوێک هەڵبژاردن لەو پارێزگایە دوادەخات.

ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ کەرکوک لە 41 کورسی‌ پێکهاتوە ، کورد خاوەنی‌ 26 کورسی‌ و تورکمان 9 کورسی‌ و عەرەبی‌ سونەش بەو پێیەی‌ ساڵی‌ 2005 بایکۆتی‌ هەڵبژاردنی‌ کرد تەنها خاوەنی‌ 6 کورسی‌ یە.

نازم کەهیە، رێکخەری‌ پەیوەندیەکانی‌ نێوان کورد و تورکمانی‌ شیعە لە کەرکوک، ئاماژەی‌ بەوەکرد ژمارەی‌ تورکمان لە کەرکوک زۆر کەمترە بەراورد بەو 9 کورسیەی‌ کە لەنێو ئەنجومەندا هەیەتی‌ ، وتی‌شی:"تورکمانی‌ شیعە ترسیان هەیە لەوەی‌ لەهەڵبژاردن زەرەرمەند بن و ژمارەی‌ کورسیەکانیان کەم بکات."

پاساوی‌ عەرەبی‌ سوننە بۆ رەتکردنەوەی‌ هەڵبژاردن ئاوارەبوونی‌ دەنگدەرەکانیان و چۆڵبونی‌ ناوچەکانیانە، بەڵام تورکمانی‌ شیعە داوای‌ رێککەوتنی‌ پێشوەخت لەسەر پۆستەکانی‌ کەرکوک و پشت بەستن بەتۆمارەکانی‌ پێش ساڵی‌ 2003 دەکات بۆ هەڵبژاردن.

عەبدولباست دەروێش وتەبێژی‌ کۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ سەربەخۆی‌ هەڵبژاردنەکانی‌ کەرکوک، رایگەیاند"تائێستا هیچ بریارێکیان پێنەگەیشتوە سەبارەت بە ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردن لەمانگی‌ ئەیلولی‌ ئەمساڵ یان ئەنجامنەدانی‌."

وادەی‌ یاسایی‌ ئەنجومەنی‌ ئێستای‌ پارێزگای‌ کەرکوک ماوەی‌ 8 ساڵە و لەساڵی‌ 2009 ەوە تەواو بووە ، نەجمەدین کەریم-ی‌ پارێزگاری‌ کەرکوکیش هەڕەشەی‌ رێگەنەدان بەدانانی‌ سندوقی‌ هەڵبژاردنی‌ لەپارێزگاکەی‌ کرد بۆ دەنگدانی‌ ئاوارەکان گەر هەڵبژاردنی‌ پارێزگای‌ کەرکوک دوابخرێت.


PM:04:50:20/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 2231 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت