ناوەڕۆکی وتارەکەی دۆناڵد ترەمپ دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا


وێستگە نیوز -

دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمەریکا دەستبەکاربوو، پاش ئەوەی سوێندی یاسایی خوارد و بووە ٤٥ مین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

لەدوای ئەوەی سوێندی یاسایی خوارد، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند "هەوڵێکی گەورەمان دا پێشخستنی وڵاتەکەمان و متمانەمان بۆ گەلی ئەمەریکا گێرایەوە".

وتیشی هەموو چوار ساڵێک کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات ئەنجام بدەن.

هەروەها سوپاسی باراک ئۆباما و خێزانەکەی کرد و وتی "ئێمە گۆڕانکاری دەسەڵات دەکەین و لە واشنتن دیسیەوە دەیدەینەوە بە گەلی ئەمەریکا".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ئەوان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ بنیات نانەوەی ئەمەریکا و وتیشی "دیارە ئێمە ڕووبەڕوی ڕێگری و کێشە دەبینەوە، بەڵام بەردەوام دەبین لە کارەکانمان".

دۆناڵد ترەمپ جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە کە "ئەوانەی لەم وڵاتەدا لەبیرکراون، لەمەو دوا لەبیر ناکرێن، ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش خزمەتی هاوڵاتییەکانی خۆی دەکات".

سەرۆکی نوێی ئەمەریکا لە وتارەکەیدا لەدوای دەستبەکاربوونی وتی "لەمەو دوا بۆچوونێکی نوێ سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەکات".

لەبارەی زیادبوونی ڕێژەی بیکاریشەوە ترەمپ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە بە ملیارەها دۆلاریان لە دەرەوە خەرجکردوە بەڵام لە ناوخۆدا بێکاری زیادیکردوە و سیاسەتی ئەمەریکا ئیتر بریتی دەبێت لە کڕینی کەلوپەلی ئەمەریکا و دامەزراندنی ئەمەریکییەکان".

هەر لە پەیامەکەیدا ترەمپ وتی "بەجیهانی دەرەوە دەڵێین کە سەردەمێکی نوێ لە وڵاتەکەماندا دەستی پێکردووە و تێڕوانینەکانمان یەکەمجار بۆ ئەمەریکا دەبێت و لە پێناوی ئێوەدا کاردەکەم و بەهیچ شێوەیەک دوچاری سەرشۆڕیتان ناکەم".

هاوکات ترەمپ ئەوەشی ڕاگەیاند، کە دژایەتی بیری توندڕەوی ئیسلامی دەکات و هەوڵیش دەدەن کە داعش بە تەواوی لەناو بەرن.

ئەمڕۆ ٢٠ ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەنێوان باراک ئۆباما و دۆناڵد ترەمپدا لە مەراسیمێکدا ئەنجامدرا و ترەمپ وەک ٤٥ مین سەرۆکی ئەمەریکا دەسەڵاتی گرتە دەست.


PM:08:33:20/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 1108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو