هۆشیار عه‌بدوڵا: ئایا بارزانی ماڵئاوایی له‌ تره‌مپیش ده‌كات؟


وێستگه‌ نیوزـ

په‌رله‌مانتارێكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق مه‌راسیمی سوێندخواردنی دوناڵد ترامپ ، چلوپێنجەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا-ی به‌ستووه‌ته‌وه‌ به‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ڵێت: " ئایا لە هەرێمەکەی ئێمە کە بارزانی ، بەشێکی زۆری ماوەی سەرۆکایەتی بۆشی کوڕ و هەشت ساڵی ئۆبامای بەڕێکرد و وا ترامپیش سوێندی خوارد تاکەی بەردەوام ئەبێت؟"

له‌ لاپه‌ڕه‌ی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك، هۆشیار عه‌بدوڵا، په‌رله‌مانتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق نوسینێكی به‌ ناونیشانی " ئایا بارزانی ماڵئاوایی لە ترامپیش دەکات ؟!" بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و نوسیویه‌تی: لە تێفکرین بە دیار دەستپێکردنی سەردەمی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەمریکا کە پرسیاری زۆر لەسەر کەسایەتی و عەقڵیەت و بەڵێن و هەڕەشە و بۆچونەکانی هەیە ، مرۆڤ سەرنجی بۆ زۆر پرس ئەڕوات گرنگترینیان ئەوەیە ، ئایا جیهان لە سەردەمی ئەو پیاوە شەعبەویە پارەدارە بێ ئەزمونە هەڵەشەیە لە سیاسیەتدا بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت ، بە تایبەت لە ستراتیژی ئەودا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئێجگار نائارام و پڕ کێشەیە بەرەو کوێ مل دەنێ ؟!"

هۆشیار عه‌بدوڵا ده‌شڵێت: بۆ تاکێکی کوردستانی کاتێک بە دیار مەراسیمێکی مێژویی ئاڵوگۆری دەسەڵات لە ئەمریکا ، ڕۆیشتنی سەرۆکێک و هاتنی یەکێکی تر دائەنیشێ ، ئەو پرسیارەی لا دروست دەبێت ، ئایا لە هەرێمەکەی ئێمە کە بارزانی ، بەشێکی زۆری ماوەی سەرۆکایەتی بۆشی کوڕ و هەشت ساڵی ئۆبامای بەڕێکرد و وا ترامپیش سوێندی خوارد تاکەی بەردەوام ئەبێت؟ ئایا ترامپیش بە یەکێکی تر دەگۆڕێ و ئەو هەر لە کورسی و پۆست و دروشم و بەڵێنەکانی بێ هاتنەدی تاکە یەک دانەشیان بەردەوام ئەبێت؟"

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئه‌وه‌ی به‌بیرهێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ "بارزانی کە لە ساڵی 2005ەوە لەو پۆستەدابوە کەسی هەرە باڵای دەسەڵاتی جێبەجێکردن بوە، لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا چی بەدەست هاتوە ؟ سەرە ڕای دەیان ملیار دولاری ساڵانەی بودجەی عێراق کە بە مۆڵی هاتۆتە هەرێم ، سەرەڕای فرۆشتنی نەوت لەساڵی 2008 ەوە بەشێوەی فراوان و جیا جیا تا گەیشتە فرۆشتنی نەوت بە بۆڕی و ئێستا زیاتر لە ملێۆنێک بەرمیلی ڕۆژانە ، کەچی هاوڵاتیەکانی موچەیەکی ئاساییان نیە ، گەنجەکانی وڵات جێدەهێڵن ، ماف و ئازادیەکان تەواو هاتونە دواوە ، ڕۆژنامەنوسەکانی ئەکوژرێن ، پەرلەمان بە کودەتا پەکخراوە ، بێئومێدیەکی زۆر بڵاوبۆتەوە ،تەنانەت باس لە دەیان ملیار دۆلار قەرز لەسەر هەرێم دەکەن ،سەرەڕای هەموو ئەوانەش هێشتا هەوڵی لە باربردنی خەونی دوڵەتێکی سەربەخۆ و سەرکەوتو کە دەوڵەتی هاوڵاتیبون بێت نەک شەخس و بنەماڵەکان و حزبەکان لە هەموو کات تۆخترە ."

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی نوسینه‌كه‌یدا، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وتویه‌تی: "بەدیار مەراسیمی سوێند خواردنی ترامپەوە، هەموو ساتێک زیاتر هۆشمان لای ئەوە بوو ، ئایا نیشتیمانەکەی ئێمە و هاوڵاتیەکانی ، ڕۆژێک دێت ئاڵوگۆڕی دەسەڵات ئاشتیانە ببینن؟ دەوڵەتێکیان هەبێت هاوڵاتیان تیایدا یەکسان بن لە بەردەم یاسادا ؟ دەوڵەتێک ماف و ئازادیەکان دابین بکات ، خێر و بێر دادپەروەرانە دابەش بکات ، نیشتیمانێک دور لە هەموو تعصبێکی قەومیی و دینی و سیاسی تەنها مرۆڤی لا پیرۆز و مەبەست بێت؟!"

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ : "لە بینینی بۆنەی لەو شێوەیەدا هۆشمان لای ئەوەیە ئایا aبنەماڵەکان بەردەوام ئەبن لەوەی هەموو خەونێکمان لەبار بەرن ، خەونی ژیانێکی شەرەفمەندانە و خەونی هەبونی کیان و دەسەڵات و نیشتیمان و دەوڵەتێکی سەرکەوتوو کە تیایدا لە ماف و ئەرکدا یەکسان بین ، یا قوڵتر و زیاتر نغرۆدەبین لە دەسەڵاتی ناشیرینی بنەماڵەکاندا کە هەموو باشیەکیان بۆ خۆیان بە ناشەرعی دەستەبەرکردوە و بەدبەختی دونیاشیان بەسەر خەڵکی هەرێمدا هێناوە ."

به‌وته‌ی هۆشیار عه‌بدوڵا: "هاتنی ترامپ وسەردەمی ئەو لە سەرۆکایەتیکردنی ئەمریکا ، بۆ وڵاتان جێگەی چاوەڕوانیە ، مایەی تێڕامان و چاوەڕوانیکردنی کۆمەڵێک جوڵە و ئاکاری سیاسی چاوەڕوان نەکراوە، لە 2017 کە ساڵی هەڵبژاردنە لە زۆر وڵاتی ئەوروپا و جێگەی تریش سەرۆکی نوێ و دەموچاوی نوێی تریش دێنە سەر شانۆی سیاسی ، ئایا لای ئێمە دەگات بەچی ؟!"

له‌ كۆتایی نوسینه‌كه‌شیدا پرسیاری ئه‌وه‌ی كردووه‌: "ئایا دەبێت چاوەڕێ بین بزانین بارزانی کە لە ساڵی 2013ەوە ویلایەتەکەی تەواو بوە و دونیایەک بێنە و بەردە و گرفت و کودەتا و کێشەی ناوەتەوە، لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا هەرێم نغرۆی ئەو هەموو بەدبەختیە بوە ، کەی بە فعلی نەک بە قسە کورسیەکەی جێدەهێڵێ ؟!"


PM:09:05:20/01/2017




ئه‌م بابه‌ته 5830 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت