هێرشبەرەكەی ئەستەنبوڵ بۆ پۆلیس: منداڵەكەم بۆ بدۆزنەوە داعشتان بۆ ئاشكرا دەكەم


وێستگە نیوز- 

میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە كە عەبدولقادر ماشاریبۆڤ، ئەنجامدەری هێرشە خوێناوییەكەی شەوی سەری ساڵ لە ئەستەنبوڵ بە پۆلیسی راگەیاندووە، سێ‌ ئەندامی داعش كوڕەكەیان بردووە تا لەمپەر لەبەردەم هەڵاتنی دروست نەكات، لەكاتێكدا هەموو هێزە ئەمنییەكان لە ئەستەنبوڵ بەدوایدا دەگەڕان.    

ماشاریبۆڤ بە پۆلیسی وتووە: "كاتێك لە سیلڤری (یەكێك لە ناوچەكانی ئەستەنبوڵ) بووم، سێ‌ ئەندامی رێكخراوی داعش هاتنەلام و پێیان وتم، هەموان لە هەموو شوێنێك بەدواتدا دەگەڕێن، منداڵەكەت بارگرانیت بۆ دروست دەكات، لەگەڵ خۆمان دەیبەین و كاتێك ئەستەنبوڵت بەجێهێشت بۆت دەگەڕێنینەوە". 

بەپێی راپۆرتەكان، ماشاریبۆڤ لەكاتی لێكۆڵینەوە نا فەرمییەكاندا، داوای لە دەسەڵاتدارانی توركیا كردووە، زانیاریی لەبارەی منداڵەكەیەوە پێببەخشن، هەموو پەیوەندییەكانی لەگەڵ داعشدا ئاشكرا دەكات". 

پێشتر لێكۆڵینەوەكانی دەسەڵاتدارانی توركیا لەگەڵ عەبدولقادر ماشاریبۆڤ جەلادەكەی شەوی سەری ساڵ لە ئەستەنبوڵ، زانیاریی سەیریان ئاشكرا كردبوو، سەیرترینیشیان ئەوەبوو كە رێكخراوی داعش لەبەرانبەر هێرشەكەدا كە 39 كەسی تێدا كوژراو و 65 كەسی تریش برینداربوون،  سێ‌ ژنی بە دیاریی پێشكەش كردووە. 

بەپێی زانیارییەكان، ئەو دیارییە بووەتە مایەی توڕەبوونی ژنەكەی ماشاریبۆڤ، دایكی دوو منداڵە ئۆزبەكییەكانی. 

زانیارییەكان، رۆڵی گرنگی ژنەكەی مشاریبۆڤ ناسراو بە (ئەبو محەمەد خوراسانی) ، لە دەستگیركردنیدا خستبووەڕوو، ئەویش دوای ئەوەی ژنەكەی بیستبووی كە مێردەكەی لەگەڵ 3 ژندا دەژی كە میسری و سەنیگالی و سۆماڵین و لە ناوچەی ئیسینیۆرتن، تا بەدووربێت لە هەموو گومانێك، ئەوەش وای لێكردووە غیرە بكات و هەوڵبدات دەستی پێبگات. 
   
پێشتر رۆژنامەی "خەبەر تورك" ی توركی بڵاویكردبووەوە كە ماشاریبۆڤ ئەو سێ‌ ژنەی وەك خەڵات لە داعش وەرگرتووە، دوا ئەوەی بە سەركەوتووویی كارە تیرۆریستییەكەی سەر یانەیەكی شەوانەی لە شەوی سەری ساڵدا لە ئەستەنبوڵ ئەنجامدا، هاوكات رۆژنامەی "حورییەت" بڵاویكردبووەوە، ماشاریبۆڤ بەشێوەیەكی نافەرمی هاوسەرگیریی لەگەڵ ئەو سێ‌ ژنە كردووە (بەبێ‌ ئەوەی لای دەسەڵاتداران تۆماریان بكات)، بە پیرۆزبایی یەكێك لە ئیمامەكانی داعش مارەی كردوون. 

پێشتر رۆژنامەكانی توركیا باسیان لەوەكردبوو كە لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس ئاشكرایان كردووە، ئەو ژنانەی لەگەڵ ماشاریبۆڤ دەستگیركراون، دۆسێی بەدڕەوشتییان هەبووە، ئەوەش لەلایەن دەزگا فەرمییەكانی ئەو وڵاتەوە تەئكیدی لەسەرنەكراوەتەوە. 

   







  


AM:10:12:21/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 11412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت