هه‌فته‌ی داهاتوو غازی سروشتی ئێران ده‌گاته‌ عیراق


وێستگه‌ نیوز ـ
حکومەتی ئێران ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو ناردنی گازی سروشی ئێران لەڕێگەی بۆریەوە دەگاتە عێراق، دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا هەردولا لەسەری ڕێککەوتن.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران ئەمڕۆ ٢١ کانونی دووەمی ٢٠١٧ بڵاویکردەوە، ڕۆژی سێ شەممەی داهاتوو ٢٤ کانونی دووەمی ٢٠١٧ بە ئامادەبوونی بێژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران، دەست بە هەناردەکردنی گازی سروشتی ئێران دەکرێت بۆ عێراق.

پێشتر هەردوو لایەنی ئێرانی و عێراقی لە ساڵی ٢٠١٣ ڕێککەوتنێکیان ئیمزاکرد، بۆ ناردنی گازی سروشتی ئێران بۆ عێراق، بە ئامانجی کارپێکردنی ٣ وێستگەی کارەبا لە بەغدا و دیالە، بەڵام ڕێککەوتنەکە نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا، عێراق و ئێران ڕێککەوتنێکی نوێیان لە نێوان خۆیاندا ئیمزاکرد، سەبارەت بە هەناردەکردنی گازی سروشتی ئێران بۆ عێراق.

لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاردرا  بڕی ٢٥ بۆ ٤٠ ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی هەناردەی عێراق بکرێت، بەمەبەستی دابینکردنی سوتەمەنی بۆ وێستگەی (شەتی بەسرە)ی تایبەت بە بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە لە عێراقدا، پرۆسەی دروستکردن و تەواوکردنی پرۆژەکە ڕاگیرا.

ئامانجی سەرەکی لە ناردنی گازی سروشتی بۆ عێراق لە ئێرانەوە، کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبایە کە گازی سروشتی کاردەکەن، بە تایەبت لە وەرزی هاویندا خواست لەسەر کارەبا لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە.


PM:04:41:21/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 1765 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت