کاردانەوەی خەڵکی جیهان لە سەر دهستبهكاربوونی دۆناڵد ترهمپ
وێستگه نیوزـ
سەدان هەزار کەس لە ڕۆژی هەینی لە ناوچەی واشنتۆن ماڵ ئامادە بوون لە کاتێکدا دۆناڵد ترهمپ بوو بە 45 هەمین سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، و ژمارەیەکی زۆر زیاتری خەڵکیش لە سەرانسەری وڵاتەکە و تەواوی جیهانەوە بە ڕێگای کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ مەڕاسیمەکەیان دەبینی. دەنگی ئەمریکا لەگەڵ خەڵکی لە سەرانسەری جیهانەوە گفتوگۆیان کردووە تا بزانن بیروڕایان چییە لەسەر بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئهو وڵاته.
روسیا
لە مۆسکۆ دوکانێکی جلوبەرگی سوپای روسی، وێنەی ترهمپی دانابوو و داشکاندنی بۆ هاوڵاتیان ئەمریکا دەکرد و لە سەر شەقامیش کاردانەوەکان جیاواز بوون.
لیدیا ڤۆرۆنۆڤای بەساڵاچوو، وتی " ئێمە هیوادارین پەیوەندییەکانی نیوان روسیا و ئەمریکا باش بێت بۆ ئەوەی بتوانن زەمینەیەکی هاوبەش بڕەخسێنن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سوریا."
سەرنوسەرێکی گەنج کە تەنها ناوی یەکەمی خۆی بە سەرگێ ڕاگەیاندووە وتی " ترهمپ سەرۆکێکی مشتومڕ لەسەر دەبێت لە مێژووی ئهمریکادا بەڵام هیوادارم بتوانێت متمانەی خەڵکی ئەمەریکا بەدەست بهێنێت."
مەکسیک
وتەکانی ترهمپ ژمارەیەک خەڵکی لە مەکسیک ترساندووە ، گۆڤارێکی بەناوبانگی هەفتانە گۆڤاری Proceso هۆشداری داوە " شەڕ بەڕێوەیە."
هۆزێ لیوز لۆپێز ئاگویر، شارەزایەکی راگەیاندن لە زانکۆی پان ئەمریکا لە شاری مەکسیکۆ دەڵێت بەکارهێنانی تویتەر و تۆڕەکانی تری کۆمەڵایەتی لەلایەن ترهمپ بۆ ڕاگەیاندنی دیدوبۆچوونەکانی بووە بەهۆی دابەشبوونێکی زۆر لە ناو ئەمریکا.
ئاگویر وتیشی لەبەر ئەوەی ئەو شتانەی کە دەیڵێت مەرج نییە هەموی ڕاست بێت ئەو کۆمەڵگایەک دروست دەکات کە ڕەفتارە شەڕانگێزەکانی وەردەگرن و ئەمەش دەبێتە هۆی دابەشکردنی کۆمەڵگای ئەمریکا.
بەڵام هاوکارێکی تری لە هەمان زانۆ شارەزای بواری پەیوەندییەکان مارییا لۆپێز گۆترێز دیدوبۆچوونێکی تری هەیە و دەڵێت " بە بڕوای من ئەوەی کە ترهمپ ڕەنگە ببێتە هەڕەشە گەورە کراوەتەوە یان زیادە ڕەوی تێدا دەکرێت پێویستە ئێمە چاوەڕان بکەین ئێمە پەیوەستین بە پەیوەندییەوە بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بخەینە ڕوو نەک تەنها ڕووکەشی شتەکان."
ئەفریقای باشور
لە ئافریکای باشوریش دەنگی ئەمریکا قسەی لەگەڵ دانیشتوانی نایجیریا و نایجر کردووە کە لە زۆر باردا وا دیارە گەشبینن بەرامبەر ئەم بەڕیوەبەرایەتییە نوێیە.
محەمەد ئەبو موسا لە مەیدوگوری نایجیریا دەڵێت " ئەمریکا زۆر شتیان هەیە بینوسنەوە لەسەر بەڕێوەبەرایەتی ئۆباما. ئێمە دوعای بۆ دەکەین و ئێمە دوعا بۆ ترهمپیش دەکەین کە لە حکومەتەکەیدا سەرکەوتووبێت.
ئوما ئیساکا لە هەمان ناوچەی نایجیر زیاتر نیگەرانە ئەو دەڵێت " لێدوانەکانی دۆناڵد ترهمپ لەسەر قەدەغەکردنی ئیسلام لە چوونە نێو وڵاتەکەوە گرفتێکی گەورەیە.. بە تایبەتی نابێت بەو شێوەیە جیاوازی بخرێتە نێوان موسوڵمان و کرستیانەوە چونکە پەیوەندی نێوان ئەم دوانە مێژوویەکی هەیە لە سەردەمی پێغەمبەرەکانەوە. ئەو دەبێت زیاتر وریابێت لەوەی کە چی دەڵێت ئێستا ئەو سەرۆکی مەزنترین وڵاتە."
ئەفغانستان
لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان، عەبدولهادی ئاریز پارێزەرێکی خانەنشین دەڵێت، ئەو لەو بڕوایەدایە کە ترهمپ ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی زۆر دەبێتەوە لە سیاسەتی دەرەوەییدا. " لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردووهوە ئەفغانستان دابەشبووە لە شەڕی بە وەکالەتی ناوچەکەدا" ئەو دەڵێت ئەمە لەم ماوەیەی دواییدا زیاتریش دەرکەوتووە چونکە "ئێمە دەبینین ڕوسیا، چین و ئێران دەست وەردەدەنە کاروباری ئەفغانستان لە دژی ئەمریکا."
عمران خان خوێندکارێک لە کابول نیگەرانی ئەوەیە کە بە هاتنی سەرۆکی نوێی ئەمریکا ئەفغانستان هاوکارییەکانی ئەمەریکا لە دەستبدات. ئەو دەڵێت هیوادارە ئەمریکا لە هەوڵەکانی بۆ بنبڕکردنی تالیبان پاشگەز نەبێتەوە وەک دەڵێت " لەبەر ئەوەی بەڵێنەکانی ئەمەریکا گرنگە بۆ ئاسایشی ئێمە."
کۆریای باشور
چۆی سێۆی تەمەن 22 ساڵان کە لە کۆمپانیایەکی دارایی سیئۆل کار دەکات دەڵێت لەوەتهی دەستی بەهەڵمەتەکان کردووە ئێمە گوێمان لە ڕێبازی " ئەمریکا یەکەمە"ی ترهمپ بووە و ئەو ڕەفتارە توندڕەوانەی نیگەرانمان دەکات لەمەڕ داهاتومان.
هەرچەندە سێۆ دەشڵێت " هیوادارم یان دەمەوێت بڕوا بەوە بکەم کە لە بری ئەوەی ڕەتیبکەمەوە بڕوام بە هاوپەیمانێتی نێوان ئەمریکا و کۆریای باشور هەبێت، ترهمپ پەڕەیەکی نوێ هەڵدەداتەوەو هاوپەیمانێتییەکە بەرەو پیشتر دەبات."
کۆریای باکور
بەرهەڵستكارێکی تەمەن 50 ساڵانی کۆریای باکور کە ئێستا لە شیکاگۆ دەژی و داوایکرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، هیوادارە ترهمپ ئابوریی وڵاتەکەی بەرەو پێش ببات بۆ ئەوەی ئەو خەڵکەی لەوێ دەژین بتوانن ژیانێکی باشتر بەسەر بەرن.
وتیشی لە کاتێکدا ترهمپ هەوڵ دەدات ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بەهێز بکات بۆ پاراستنی ئەمریکاییەکان پێویستە ئەو فشارەکانیش زیاد بکات لەسەر پیونگیانگ بە دانانی سزایەکی سەختتر بۆ سەر کۆریای باکور.
بەرهەڵستێکی تری کۆریای باکور کە تەمەنی 50 ساڵە کیم چانگ هۆ لە لۆس ئانجلس وتی " ژمارەیەک خەڵكی کۆریای باکور لێرەن کە بە ڕێگای وڵاتی سێهەمەوە گەیشتوونەتە ئێرە و هیچ بەڵگە نامەیەکی یاساییان نییە هیوادارم ئەمریکا دەرفەتی مانەوەیان پێ بدات."
PM:11:25:21/01/2017
ئهم بابهته 2071
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت