بۆچی "کەر" و "فیل"، بوونەتە لۆگۆی دیموکرات و کۆمارییەکان؟


وێستگه‌ نیوز ـ
بۆ یەکەمین جار دیموکراتەکان لە ساڵی 1828 لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆك کۆماری لە ئەمریکادا کە "ئەندرۆ جەکسۆن 1767-1845" پاڵێوراو بوو، سودیان لە هێمای "کەر" وەرگرت.


هەر لەو سەردەمدا و دوای سەرکەوتن لە شەڕی ساڵی 1828دا، هاوڵاتیانی ئەمریکی "ئەندرۆ جەکسۆن"یان پێ قارەمانی شەڕ بوو و دیموکراتەکانیش بە دروشمی "ڕێگە بدەن خەڵک حوکمڕانی بکەن"، لە هەڵبژاردندا بەشدارییان کرد.

بەرهەڵستکارانی ئەندرۆ جەکسۆن، ئەویان بە سیاسەتوانێکی پۆپۆلیست دەزانی و ناوی "کەر"یان لێ نا. بەڵام بەرامبەر بەو بێڕێزییەی کە بەو کرا، "جەکسۆن"یش کەڵکی لەو شوپهاندنە وەرگرت و "کەر"ی وەکوو هێمایەک لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەکار هێنا.

بەڵام لە ڕەوتی مێژوودا، هیچ کەس بە ڕادەی "تۆماس ناست 1840-1902"ی کاریکاتێریست، دەوری لە جێگریکردنی هێمای "کەر" بە دیموکراتەکاندا نەبووە. تۆماس ناست بۆ یەکەمین جار لە گۆڤاری "هارپێڕ ویکلی" لە ساڵی 1870دا بۆ رەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی دژی شەڕیی دیموکراتەکان، بە وێنەی "کەر"ێک و، چەند ساڵ دواتر ناڕاستەوخۆ بە ئاماژە بە ململانێ نێوخۆیییەکانی کۆمارییەکان، کەڵکی لە وێنەی "فیل"ێک وەرگرت. لە ڕوانگەی "ناست"ەوە، درێژەی ململانێکان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بە زیانی ئەو حزبە تەواو دەبێت.

لەگەڵ ئەوەیشدا، هێمای "کەر" و "فیل" تا سەردەمی کارە بەناوبانگەکەی "تۆماس ناست" لە (7-11-1874)دا، نەببوونە هێمای ئەو دوو حزبە. لەو ڕێکەوتەدا، گەڵاڵەی "کارتۆن"ێک بە ناوی "ترس لە قۆناغی سێیەم" لە لایەن "تۆماس ناست"ەوە بڵاو کرایەوە، کە بۆ هەمیشە "کەر" و "فیل"ی کردە هێما (لۆگۆ)ی ئەو دوو حزبە.

ئەو کارتۆنە مێژوویییە، باس لە ڕووداوی "ئۆلیسس سیمۆن گرێنت" دەکات، کە لە دوو خولدا سەرۆك کۆمار بووە، دەنگۆی ئەوەیش هەبوو کە خەریکە پاڵێوراوێتیی خۆی بۆ خولی سێیەم، تاووتوێ دەکات. لە کارتۆنی "ترس لە قۆناغی سێیەم"دا، "کەر"ێکی تێدایە کە لە کەوڵی شێردا ئاژەڵی تر دەترسێنێت و لەسەر کەوڵەکەیشی زاراوەی "سێزاریزم" نووسراوە. هەر لە هەمان کارتۆندا "فیل"ێکی گەورەی تێدایە، کە وەکوو دەنگی "کۆمارییەکان" دەیناسێنێت. لە شیکردنەوەی کارتۆنەکەدا هاتووە: "کەرێک لە کەوڵی شێر، کە لە ناو لێڕەواردا پیاسە دەکات، ئاژەڵەکانی تر دەترسێنێت."

وتە ناڕاستەوخۆکانی "تۆماس ناست" سەبارەت بەو زنجیرە وتارانە بوو، کە لە رۆژنامەی "نیۆیۆرک هێڕاڵد" چاپ كرابوون و، لەبەر ئەو بڕیارەی كه‌ بۆ جاری سێیەم پاڵێوراوێتیی خۆی بۆ گەییشتن و پاراستنی دەسەڵات هێنابوویە گۆڕێ، ڕەخنەی له ‌"ئۆلیسس سیمۆن گرێنت" گرت. دەستەواژەی "سێزاریزم"یش، به‌ مانای "هەوڵدانێکی نادیموکراتیک بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات" بوو.

لە ڕواڵەتدا، دیمەنی لێڕەوارەکەیش باسی لە حیکایەتی "کەرێک لە کەوڵی شێر"دا دەکرد، کە لە "ئیسۆپ"، حیکایەتبێژی کۆنی یوونانەوە وەری گرتبوو.

دەرەنجامی ئەخلاقیی ئەو حیکایەتە، ئەوە بوو کە لەوانەیە گەمژەیەک بتوانێت رواڵەتی خۆی بە چەشنێک پیشان بدات کە ئەو نییە، بەڵام لە کۆتاییدا، قسەکانی، سروشتی راستەقینەی ئەو لەقاو دەدەن.

دوای ئەوە، "تۆماس ناست" لە تەواوی کارەکانیدا "فیل"ی بۆ پێشاندانی دەنگی "کۆمارییەکان" بەکار دێنا. وردە وردە وێنەی ئەو ئاژەڵە زلە (فیل)، بوو بە هێمای کۆمارییەکان.

دواتر کارتۆنیستەکانی تریش پێشوازییان لە گەڵاڵەی هاوکاره‌كه‌یان "تۆماس ناست" کرد. تا ئەمڕۆکەیش دیموکراتەکان، "کەر" وەک لۆگۆی حزبەکەیان بەکار دێنن و، کۆمارییەکانیش کەڵک لە لۆگۆی "فیل" وەردەگرن.


PM:03:22:22/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 6263 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت