سەدام حسێن چۆن لیوا بارقی كوشت

‌لیوا بارق حاج حنتە

وێستگە نیوز- 

لیوا بارق حاج حنتە، فەرماندەی لیوای تایبەتی سوپای عیراق كە بە لیوای 66 ناودەبرا، لەكاتی جەنگی عیراق ئێران لە ساڵی 1980 بە دڕندەترین فەرماندە ناوبانگی دەركردبوو، لەگەڵ ئەوەشدا دەستی لە سەرنگومكردنی زۆرێك لە هاوڵاتیانی ناوچەی گەرمیانی كوردستاندا هەبوو كە لەپاش جەنگەوە، لەژێر ناونیشانی شاڵاوەكانی ئەنفال بە یارمەتی و هاوكاریی موستەشارە كوردەكانی ئەو دەمەی سەر بە رژێمی بەعس، ئەنجامدرا. 

چیرۆكی ئەو پیاوە كە ئاوێتەی خوێنڕشتن و ستەم و جێبەجێكردنی فەرمانە سەربازییەكان بوو بەوپەڕی دڕندەییەوە، بە هەمان شێوە كۆتاییەكەشی دراماتیكی و سەرسوڕهێنەر بوو. 

خستنەڕووی چیرۆكی ئەو فەرماندە سەربازییەی سوپاكەی سەدام حسێن، چەند وەبیرهێنانەوەی رابردووە، هێندەش بۆ راچڵەكانی ویژدانەكانە سەبارەت بەوەی كە دەرەنجامی ستەم و چەوساندنەوە و كوشتنی ناهەق، كۆتاییەكەی بەو جۆرە دەبێت و مرۆڤ چی بچێنێت هەر ئەوە دەچنێتەوە. 

لیوا بارق حاج حنتە، بە ئازاترین ئەفسەر لەكاتی جەنگی عیراق ئێران لەنێو سوپای عیراقدا ناوبانگی دەركردبوو، چونكە لە سەرەتاوە پلەی عەقید بوو، پاشان بووە فەرماندەی لیوای تایبەت. 



نتيجة بحث الصور عن صدام فى الكويت
سەدام حسێن لەكاتی بەسەركردنەوەی بەرەكانی جەنگ لەگەڵ ئێران

لە شەڕەكاندا بەردەوام فەرماندە سەربازییەكان، بە تایبەت فەرماندەی لیوا و فەرماندەی فیرقەكان لە هێڵی دواوە بوون، بەڵام ئەو پیاوە بەبەرچاوی سەربازەكانییەوە هێرشی دەكرد و ئەوەش هێندەی تر ورەی سەربازەكانی بەرزدەكردەوە، هەر بۆیە لەو دەمەدا لیواكەی بە (لیوای 66ی پاڵەوان) ناودەبرا. 

ئەندامانی ئەو لیوایە، ئەفسەر و سەربازەكان خەسڵەتێكی تایبەتیان هەبوو، بەوپێیەی مەشقێكی نائاساییان پێدەكرا، لە بەهێزترین ئەو شەڕانەش كە بەشدارییان كرد، شەڕی موحەمەرە بوو لە ساڵی 1982 كە شەڕی شەقامەكان بوو، ئەوەش بۆ یەكەمجار بوو سەربازەكانی سوپای عیراق شەڕی وەها ببینن، بۆیە زۆربەی هەرە زۆری ئەو لیوایە كوژران و تیاچوون، بەڵام دواتر لە پاش شەڕەكە سەرلەنوێ‌ دروستكرایەوە و گەڕایەوە دۆخی سروشتی خۆی. 

نتيجة بحث الصور عن اللواء بارق الحاج حنطة
بارق لەگەڵ ژمارەیەك ئەفسەر و سەربازی سوپای عیراق 

ئەوەی گرنگە لێرەدا، سەرەتای دەستپێكردنی چيرۆكەكەمانە كە لە رۆژی 1ی كانوونی دووەمی ساڵی 1991وە دەستپێدەكات، واتا پێش 15 رۆژ لە ئاگاداركردنەوەی كۆتایی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ عیراق تا لە كوەیت پاشەكشە بكات، هەر لەو رۆژەشدا تەلەفیزیۆنی فەرمی عیراق سەردانەكەی سەدام حسێنی پەخشكرد كە هێزەكانی سوپای عیراقی لە كوەیت بەسەركردەوە و لەگەڵ فەرماندەی لیواكان و فیرقەكانی سوپا كۆبووەوە. 

نتيجة بحث الصور عن اللواء بارق الحاج حنطة
لەكاتی وەرگرتنی میدالی ئازایەتی 

لەو دەمەدا فەرماندەكانی سوپا سەرقاڵی خواردن دروستكردن بوون، سەردانەكەش بەبۆنەی سەرەتای دەستپێكردنی ساڵی 1991ەوە بوو، پاشان سەدام حسێن هەڵدەستێت و بڕێك خوێ‌ دەكاتە یەكێك لەو مەنجەڵانەی كە خرابونە سەر ئاگر و بە گاڵتەوە بە ئەفسەرەكانی گوت، (حتی یغرز) وشەی (یغرز) وشەیەكی عیراقیە و واتای ئەوەیە، كاتێك یەكێك خوێ‌ دەكاتە خواردنی كەسێكی ترەوە و پێی دەڵێت (حتی یغرز)، ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە لەبیری نەكات كە ئەو خواردنی دەرخوارد داوە. 

دوای ئەوەی سەدام و ئەفسەرەكان لە ناخواردن تەواو دەبن، سەدام دەست بە قسەكردن دەكات سەبارەت بە جەنگی داهاتوو لەگەڵ شێوازی فێڵەكانی ئەمریكاییەكان لە جەنگەكان و ئەو قسەیەیان پێدەڵێت كە هەموو عیراقییەكان لەو دەمەدا گوێبیستی بوون نەك هەر تەنیا سوەپا، قسەكەش ئەوەبوو (ئەمە خاكی كوەیتە و خاكی ئێوەیە، پاشەكشەناكەن هەرچییەك روبدات، گەر رۆژێك لە رۆژان لەكاتی جەنگدا گوێتان لێبوو من لەڕێی رادیۆوە پێتان دەڵێم، پاشەكشە بكەن لە كوەیت، بزانن كە ئەمریكایەكان لاسایی دەنگم دەكەنەوە و ئەوە من نیم ئەو قسەیە دەكەم، چونكە من هەرچییەك رووبدات پێتان ناڵێم پاشەكشە بكەن". 

گومانی تێدا نییە، ئەو قسەیە هەموو ئەفسەرەكان گوێبیستی بوون كە لەگەڵ سەدامدا دانیشتبوون و لەنێویشیاندا بارق حاج حنتە، چاوپێكەوتنەكە كۆتایی هات و دوای ئەوەش رۆژی 17ی كانوونی دووەمی 1991 هاتەبەر و جەنگی رزگاركردنی كوەیت دەستیپێكرد كە بۆ ماوەی 40 رۆژ تەنیا لەڕێی بۆردومانەوە بەردەوام بوو، پاشان جەنگی وشكانی دەستیپێكرد. 

لەو دەمەدا لیوای 66 لە كوەیت لە سەنگەرەكاندا بوون،هێرشە ئاسمانییەكان كاریگەرییان لەسەر كەمكردنەوەی تواناكانی لیواكە دروست نەكرد، هەرچەندە كاریگەریی زۆری لەسەر پاشماوەی هێزەكانی تری سوپا هەبوو. 

بەڵام سوپرایزەكە دوای 72 كاتژمێر بوو لەپاش دەستپێكردنی جەنگی وشكانی، بە تایبەتیش كە سەدام لە رۆژی 25ی شوباتدا لە بەیاننامەیەكدا كە لەڕێی رادیۆوە پەخشكرا، داوای لە سوپای عیراق كرد لە كوەیت پاشەكشە بكات، ئەو بەیاننامەیە، پشێوی لەنێو ریزەكانی سوپای عیراقدا دروستكرد، بەشێك لە سوپای وەك جێبەجێكردنی فەرمانەكە پاشەكشەیان و كەوتنە بەرچاوی فڕۆكەكان و بوونە ئامانجی راوكردنی فڕۆكەكان و بەشەكەی تر، بڕیاریدا بمێنێتەوە و تا كۆتایی شەڕ بكات، چونكە سەدام پێشتر خۆی پێی وتوون كە مەسەلەی پاشەكشەكرد، ئەو هەرگیز داوایان لێناكات، لەنێوان ئەوانەی بڕیاریاندا بمێننەوە، لیوا بارق بوو كە وتبووی، هێرشە ئاسمانییەكان كاریگەرییان لەسەر هێزەكەی دروست نەكردووە، بۆیە توانای شەڕكردنی هەیە بۆماوەیەكی دوورودرێژ، بەڵام لەگەڵ هاتنەدەرەوەی بۆ شەڕكردن، بینی زۆربەی هێزەكانی تری سوپای عیراق پاشەكشەیان كردووە و زۆرێك نەماوەتەوە تا پاڵپشتی بكەن، ئەوەش وایلێكرد بشڵەژێت و تەنیا ئەوەی لەبەردەمدا مایەوە كە چەند رووبەڕبوونەوەیەكی ئاسایی ئەنجام بدات، ئەوەش بووە مایەی ئەوەی سێ‌ یەكی هێزەكانی لەناوبچن، بۆیە دواجار ناچار بوو پاشەكشەبكات، ئەوەش بۆ ئەوەی مانای شكستی گەیاند كە لەسەری رانەهاتبوو. 

نتيجة بحث الصور عن بارق الحاج حنطة
بارق لە پشوویەكی كورتدا 

دوای ئەوەی گەڕایەوە بەغدا، توشی داڕمانێكی گەورە بوو، لە ناخدا هەستی بە شەرمەزاریی دەكرد، ئەوەش وایلێكرد بۆ چەند رۆژێك لەماڵەكەی دەرنەچێت و بمێنێتەوە و بەردەوامیش ئەو رووداوەی بەسەر لیواكەی و تەواوی سوپای عیراقدا هات، ئازاری دەدا. 

دوای ماوەیەك، لەلایەن سەدام حسێنەوە لیوا بارق بۆ كۆشكی كۆماری بانگكرا، كەسوكارەكەی پێیان وابوو لەبەر ئازایەتی و چاونەترسی پلەكەی بەرزبكرێتەوە و بكرێت بە فەرماندەی فەیلەق. 

دوای ئەوەی بارق چاوی بە سەدام حسێن دەكەوێت لە كۆشكی كۆماری، سەدام پێی دەڵێت:"لیوا بارق بۆچی پاشەكشەت نەكرد كاتێك داوای پاشەكشەكردنم كرد"، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت:"گەورەم ئێوە پێش جەنگ بەئێمەتان راگەیاند گەر داوای پاشەكشەكردنم كرد، ئەوە من نیم، كەسێكی ترە و لاسایی دەنگی من دەكاتەوە، بۆیە پاشەكشە نەكەن، پاشان لەڕێی رادیۆوە داوات لێكردین پاشەكشەبكەین، بۆیە نەمزانی كام لەو دوو فەرمانە جێبەجێ‌ بكەم، یەكەم یان دووەم". 

بێ‌ گومان ئەو قسەیە لەلایەن سەدامەوە وەك گاڵتەپێكردن و سوكایەتی لێكدانەوەی بۆ كرا، چونكە پێی وابوو بارق مەبەستی ئەوەیە ئەو پیاوێكە خاوەنی قسەی خۆی نییە، بۆیە هەندێك دەمەبۆڵەی ئاسایی لەنێوانیاندا رویدا و پاشان سەدام حسێن پێی گوت: "ئەی ترسنۆك"، بەو قسەیە بارق جڵەوی خۆی لەدەستدا و نەیتوانی خۆی پێبگیرێت، بە تایبەت كە بە پیاوێكی زۆر توڕە دەناسرا، بۆیە وەڵامی سەدامی دایەوە و پێی گوت: "من ترسنۆكم؟ من هەموو گەلی عیراق ئازایەتی من دەزانن، بەڵام چی دەڵێيت بە كەسێك كە قسەیەك دەكات و پاشان لێی پاشگەز دەبێتەوە". 

لەو كاتەدا سەدام توڕە دەبێت و دەمانچەكەی رادەكێشێت و یەك گوللـە دەنێت بە پشت گوێی بارقەوە كە دەبێتە مایەی ئەوەی دەستبەجێ‌ لەو شوێنەدا گیان لەدەست بدات... چیرۆكی بارق حاج حنتە لێرەدا كۆتایی هات. 
   
تێبینی: داوا لە كەسوكاریی بارق حاج حنتە كرا بەبێ‌ ئەوەی پرسەی ماتەمینی فاتیحە خوێندنی بۆ دابنێن، بەخاكی بسپێرن بەبێ‌ دەنگی و دوای ماوەیەكیش لیوای 66ی هێزە تایبەتەكان هەڵوەشێنرا و سەرباز و ئەفسەرەكانی بەسەر فیرقەكانی سوپای عیراقدا دابەشكرا، رێگەش بە ئەفسەرەكانی لیواكەدرا ئەوەی دەیەوێت خانەنشین ببێت، دەتوانێت خۆی خانەنشین بكات. 

   



PM:06:23:12/02/2017


ئه‌م بابه‌ته 41463 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو