نیازی ئۆغڵو: هه‌وڵ بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی دابه‌شكردنی عیراق هه‌یه‌


وێستگه‌ نیوزـ

بڕیارده‌ری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ كه‌ چه‌ند هه‌وڵێك بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی "پرۆژه‌ی دابه‌شكردن" هه‌یه‌ و كۆنگره‌كه‌ی جنێفیش كه‌سایه‌تیی وای تێدایه‌ كه‌ به‌ نوێنه‌ری پێكهاته‌ی سوننه‌ هه‌ژمار ناكرێن و ئه‌وانه‌ ته‌نها نوێنه‌ری خۆیانن.

نیازی معماری ئۆغڵو، بڕیارده‌ری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق كه‌ سه‌ربه‌ كوتله‌ی مواتن-ی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامییه‌ به‌ سۆمه‌رییه‌ نیوز-ی راگه‌یاند: لێره‌ و له‌وێ گوێمان له‌ به‌ستنی كۆنگره‌ ده‌بێت كه‌ هه‌ندێكجار له‌ وڵاتانی كه‌نداو و هه‌ندێكی دیكه‌ له‌ ئوردن و دواجاریش باس له‌ كۆنگره‌یه‌ك ده‌كرێت كه‌ له‌ جنێف ده‌به‌سترێت كه‌ گوایه‌ بۆ پشتیوانیكردنه‌ له‌ پێكهاته‌ی سوننه‌.

ئۆغڵو ته‌ئكیدی كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و كۆنگرانه‌ چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كیان له‌ پشته‌وه‌یه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی پێكهاته‌ی سوننه‌ ناكه‌ن، به‌ڵكو زیاتر نوێنه‌ری خۆیان و ئه‌جینداكانیانن كه‌ مه‌به‌ست لێی دابه‌شكردنی عیراق و گه‌یشتنه‌ به‌ ده‌ستكه‌وتی شه‌خسی.

بڕیارده‌ری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاندووه‌: "شوره‌ییه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ له‌ هۆتێله‌ گرانبه‌هاكاندا به‌ناوی پێكهاته‌ی سوننه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی گوماناوی باس له‌ نه‌هامه‌تیی خێزانه‌ ئاواره‌ سوننه‌كان ده‌كه‌ن و ئاگاشیان له‌ حاڵیان نییه‌، ئه‌و كه‌سه‌ گوماناویانه‌ش هه‌وڵی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه‌ی جۆ بایدن، جێگری پێشووی سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌ده‌ن بۆ دابه‌شكردنی عیراق."

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 16ی شوباتی 2017، عالیه‌ نه‌سیف، په‌رله‌مانتاری ئیئتلافی ده‌وڵه‌تی قانون كه‌سایه‌تییه‌ عیراقییه‌كانی به‌شداربووی كۆنگره‌كه‌ی جنێف-ی به‌ خه‌ڵكی گوماناوی وه‌سفكرد كه‌ به‌وته‌ی ناوبراو هه‌وڵی ده‌ستكه‌وتنی پاره‌ی ده‌ره‌كی و جێبه‌جێ:ردنی پرۆژه‌كانی خۆرئاوا بۆ دابه‌شكردنی عیراق ده‌ده‌ن.

رۆژی چوارشه‌ممه‌ 15ی شوباتی 2017، كه‌سایه‌تییه‌ سوننه‌كانی عیراق كۆنگره‌یه‌كیان له‌ شاری جنێف بۆ تاوتوێكردنی قۆناغی دوای رزگاركردنی عیراق له‌داعش سازكرد و به‌پێی هه‌واڵێكی رۆژنامه‌ی شه‌رقلئه‌وسه‌تیش شه‌ش سه‌ركرده‌ی سوننه‌ به‌شدارییان تێدا كردووه‌، له‌وانه‌ رافع عیساوی، وه‌زیری پێشوتری دارایی عیراق و خه‌میس خه‌نجه‌ر-ی بازرگانی سوننه‌ی عیراق.


PM:07:14:16/02/2017


ئه‌م بابه‌ته 1932 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت