داعش مەڕ و ماڵاتی‌ گوندە عەرەب نیشینەكانی‌ دیالە دەبات


وێستگه‌ نیوزـ

بەرپرسی‌ پێشمەرگە و هێزە كوردیەكان، دەڵێن چەكدارانی‌ داعش لە ناوچەی‌ عوزێم و گوندەكانی‌ سنوری‌ حەمرینی‌ پارێزگای‌ دیالە، مەڕ و ماڵاتی‌ ئەو گوندنیشینانە دەبەن كەگومان دەكرێت پەیوەندیان لەگەڵ هێزە ئەمنیە عیراقییەكان هەبێت.

محەمەد عومەر، بەرپرسی‌ كۆمیتەی‌ قەرەتەپەی‌ یەكێتی‌، بەدەنگی‌ ئەمریكای‌ راگەیاند" داعش نزیكەی‌ 800 سەر مەڕی‌ ژمارەیەك گوندنیشینی‌ عەرەبی‌ ناوچەی‌ عوزێمی بردووە ."

بەرپرسی‌ كۆمیتەی‌ قەرەتەپەی‌ یەكێتی‌، ئاماژەی‌ بەوەشكرد داعش بەشێك لەو مەڕانەی بەرەو دەریاچەی‌ حەمرین بردووە و لەوێ‌ لەگەڵ سوپای‌ عیراق دا پێكدادان لەنێوانیاندا ڕوویداوە.

بردنی‌ مەڕ و ماڵاتی‌ ئەو گوندنیشینانەی‌ گومانی‌ هاوكاری‌كردنی‌ هێزە ئەمنیەكانیان لێدەكرێت، لەكاتێكدایه‌ كه‌لەچەند مانگی‌ رابردوودا داعش ژمارەیەك گوندنیشینی‌ عەرەبی‌ لەدەوروبەری‌ ناحیەی‌ قەرەتەپە كوشت كە گومانی‌ ئه‌وه‌ی لێكردوون هاوكاریی هێزی پێشمه‌رگه‌یان كردبێت.

عەقید كاوە مەحمود، فەرماندەی‌ پێشمەرگە لەپارێزگای‌ دیالە، هۆكاری‌ بردنی‌ مەڕ و ماڵاتی‌ گوندنیشینەكانی‌ لەلایەن داعشەوە بۆ ئەوە گێرایەوە كه‌ داعش به‌و كاره‌ ده‌یه‌وێت گوندنشینه‌كان ناچار بكات هاوكاریی ئه‌و رێكخراوه‌ بكه‌ن.

عه‌قید كاوه‌ وتی‌شی"جێگەی‌ داعش سنوری‌ گوندە عەرەب نیشینەكانە، بۆیە ئه‌و رێكخراوه‌ چاودێریی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ دەكەن تا پەیوەندی‌ لەگەڵ هێزە ئەمنییە عیراقیەكان دروست نەكەن."

فشارخستنە سەر گوندنیشینە عەرەبەكان لەلایەن داعشەوە، لەكاتێكدایە كه‌ ئه‌و رێكخراوه‌ زۆربەی‌ شار و شارۆچكەكانی‌ لەدەستداوە و پلانی‌ داهاتووی‌ ئەو رێكخراوەش بەكارهێنانی‌ گوندەكانە بۆ هێرشكردنەسەر ناوه‌ندی شاره‌كان.


PM:05:17:17/02/2017


ئه‌م بابه‌ته 3333 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت