ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی رۆژئاوای موسڵ ده‌ستیپێكرد


وێستگه‌ نیوز ـ
به‌ فه‌رمانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان، هێزه‌كانی سوپای عیراق و حه‌شدی شه‌عبی ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی به‌شی رۆژئاوای شاری موسڵیان ده‌ستپێكرد.


بەرەبەیانی ئەمڕۆ 19ی شوباتی 2017، حەیدەر عەبادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان دەستپێکی کۆنترۆڵکردنەوەی بەری راستی موسڵ (رۆژئاوا)ی لەلایەن هێزە عیراقییەکانەوە راگەیاند.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی عیراق ملیۆنان نامیلکەیان بەسەر رۆژئاوای شارەکەدا فڕێدایە خوارەوە و هۆشدارییان دایە دانیشتوانەکەی لەبارەی دەستپێکردنی هێرشەکەوە.

هاوکات لە نامیلکەکاندا ئەوە هاتووە، کە هێزە عیراقییەکان بەرەو بەری راستی شاری موسڵ لە پێشڕەویدان، هەروەها داوا لە دانیشتوانەکەی کراوە کە هەماهەنگی هێزە عیراقییەکان بکەن.

لەلایەکی دیکەوە لیز گراند هەماهەنگکاری مرۆیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، دەبێت هێزە عیراقییەکان دڵنیایی بدەن کە پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی کاری لە پێشینە دەبێت لەو هێرشەدا.

دوای کۆنترۆڵکردنەوەی بەری رۆژهەڵاتی موسڵ لە سەرەتای ئەمساڵدا، لە ئێستادا چەکدارانی داعش لە بەری ڕۆژئاوای شارەکە گەمارۆدراون، هاوکات چاوەڕێی شەڕێکی سەخت دەکرێت لە قۆناغی سێیەمی ئۆپراسیۆنەکەدا کە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی بەری رۆژئاوای شارەکەیە، ئەویش بەهۆی تەسکی کۆڵانەکانی و لەبەرچاوگرنتی پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی.

بەری رۆژئاوای موسڵ نزیکەی 650 هەزار کەسی تێدایە و بە وتەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکەدا ئەگەری هەیە نزیکەی 400 هەزار کەسی دیکە بێ ماڵوحاڵ ببن.

ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ رۆژی 17ی تشرینی یەکەمی 2016 بە بەشداری هێزە عیراقییەکان و پێشمەرگە دەستیپێکرد، هاوکات تا ئێستا بەری چەپی شارەکە لەگەڵ چەندین گوند و ناوچە کۆنترۆڵکراوەتەوە.


AM:08:38:19/02/2017


ئه‌م بابه‌ته 1712 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت