سوپای عیراق كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی چه‌ند شوێنێكی له‌ به‌ری راستی موسڵ راگه‌یاند


وێستگه‌ نیوز ـ
سوپای عیراق رایگەیاند، لەمیانی هێرشەکانی ئەمڕۆیان بۆ سەر بەری راستی موسڵ، وێستگەیەکی کارەبا و چەند گوندێکیان کۆنترۆڵکردووەتەوە.


لە بەیاننامەیەکدا، سوپای عیراق رایگەیاند، دوای ئەوەی ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19ی شوباتی 2017، ئۆپراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی بەشی راستی موسڵ دەستیپێکرد، هێزە عیراقییەکان لە پێشرەویدان و وێستگەیەکی کارەبا و چەند گوندێکیان کۆنترۆڵکردووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی سوپای عێراقدا هاتووە، هەر لەمیانی هێرشەکاندا بازگەی عەقرەب لە بەری ڕاستی موسڵ کۆنترۆڵکراوەتەوە، هاوکات داوا لە دانیشتوانی ناوچەکەش دەکەن کەهەماهەنگییان بکەن.

ئەو پێشڕەویکردنەی هێزە عێراقییەکان لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ 19ی شوباتی 2017 حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراق، دەستپێکردنی بەشی راستی رۆژئاوای شاری موسڵی راگەیاند، و چەند کاتژمێرێک دوای وتەکانی عەبادی، سوپای عیراق کۆنتڕۆڵکرندەوەی وێستگەیەکی کارەبا و چەند گوندێکی راگەیاند.

دوای کۆنترۆڵکردنەوەی بەری رۆژهەڵاتی موسڵ لە سەرەتای ئەمساڵدا، لە ئێستادا چەکدارانی داعش لە بەری رۆژئاوای شارەکە گەمارۆدراون، هاوکات چاوەڕێی شەڕێکی سەخت دەکرێت لە قۆناغی سێیەمی ئۆپراسیۆنەکەدا کە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی بەری رۆژئاوای شارەکەیە، ئەویش بەهۆی تەسکی کۆڵانەکانی و لەبەرچاوگرنتی پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی.

بەری ڕۆژئاوای موسڵ نزیکەی 650 هەزار کەسی تێدایە و بە وتەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکەدا ئەگەری هەیە نزیکەی 400 هەزار کەسی دیکە بێ ماڵوحاڵ ببن.


AM:11:51:19/02/2017


ئه‌م بابه‌ته 1807 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت