سوپای عیراق حه‌وت گوندی كۆنتڕۆڵ كرده‌وه‌


وێستگه‌ نیوز ـ
له‌ چوار چێوه‌ی قۆناغی سێیه‌می ئۆپراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ، سوپای عیراق حه‌وت گوندی له‌ ژێر چنگی داعش ده‌رهێناو پێشڕه‌وی هێزه‌ عیراقییه‌كانیش به‌رده‌وامه‌.

غه‌یاس سورچی، لێپرسراوی راگه‌یاندنی مه‌ڵبه‌ندی موسڵی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: له‌ درێژه‌ی قۆناغی سێیه‌می ئۆپراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ، هێزه‌ عیراقییه‌كان توانیویانه‌ حه‌وت گوند له‌ ژێر چنگی داعش ده‌ربهێنن.

وتیشی: "هێزه‌ عیراقییه‌كان به‌رده‌وامن له‌ پێشڕه‌وی كردن و داعیش توانای به‌رگری نه‌ماوه‌، له‌ ریزی هه‌ردوو لاشدا كوژراو و بریندار هه‌یه‌".

ئه‌مڕۆ 19ی شوباتی 2017 حه‌یده‌ر عه‌بادی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق، ده‌ستپێكردنی به‌شی راستی رۆژئاوای شاری موسڵی راگه‌یاند، و چه‌ند كاتژمێرێك دوای وته‌كانی عه‌بادی، سوپای عیراق كۆنتڕۆڵكرنده‌وه‌ی وێستگه‌یه‌كی كاره‌با و چه‌ند گوندێكی راگه‌یاند.

دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی به‌ری رۆژهه‌ڵاتی موسڵ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا، له‌ ئێستادا چه‌كدارانی داعش له‌ به‌ری رۆژئاوای شاره‌كه‌ گه‌مارۆدراون، هاوكات چاوه‌ڕێی شه‌ڕێكی سه‌خت ده‌كرێت له‌ قۆناغی سێیه‌می ئۆپراسیۆنه‌كه‌دا كه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی به‌ری رۆژئاوای شاره‌كه‌یه‌، ئه‌ویش به‌هۆی ته‌سكی كۆڵانه‌كانی و له‌به‌رچاوگرنتی پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی.

به‌ری ڕۆژئاوای موسڵ نزیكه‌ی 650 هه‌زار كه‌سی تێدایه‌ و به‌ وته‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش، له‌ ئه‌نجامی ئۆپراسیۆنه‌كه‌دا ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ نزیكه‌ی 400 هه‌زار كه‌سی دیكه‌ بێ ماڵوحاڵ ببن.



PM:02:57:19/02/2017


ئه‌م بابه‌ته 868 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو