غه‌یاس سورچی: داعش له‌ به‌ری راستی موسڵ وره‌ی رووخاوه‌ و به‌رگری كه‌مه‌


وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار
به‌رپرسێكی یه‌كێتی له‌ موسڵ باس له‌ پێشڕه‌وی هێزه‌  عیراقییه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر به‌و جۆره‌ پێشڕه‌وی بكه‌ن ئه‌مڕۆ چه‌ند گه‌ڕه‌كێك له‌ به‌ری راستی موسڵ كۆنتڕۆڵ ده‌كرێت".


ئه‌مڕۆ 19ی شوباتی 2017 حه‌یده‌ر عه‌بادی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق، ده‌ستپێكردنی به‌شی راستی رۆژئاوای شاری موسڵی راگه‌یاند، و چه‌ند كاتژمێرێك دوای وته‌كانی عه‌بادی، سوپای عیراق كۆنتڕۆڵكرنده‌وه‌ی وێستگه‌یه‌كی كاره‌با و چه‌ند گوندێكی راگه‌یاند.

غه‌یاس سورچی، لێپرسراوی راگه‌یاندنی مه‌ڵبه‌ندی موسڵی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: سوپای عیراق به‌ خێرایی پێشڕه‌وی ده‌كات و داعش به‌رگری زۆر لاواز بووه‌و له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌.

وتیشی: "ئه‌گه‌ر پێشڕه‌وی سوپای عیراق به‌و جۆره‌ی ئێستا به‌ هه‌ڵمه‌ت بێت، ئه‌مڕۆ چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی به‌ری راستی موسڵ كۆنتڕۆڵ ده‌كرێته‌وه‌".

له‌ باره‌ی ئه‌و هێزانه‌ی به‌شداری له‌ قۆناغی سێیه‌می ئۆپراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ ده‌كه‌ن، غه‌یاس سورچی وتی: "ئه‌وه‌نده‌ی زانیاریمان هه‌بێت، هێزی پۆلیسی فیدراڵی، هێزی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی خێرا، حه‌شدی شه‌عبی و  فیرقه‌ی نۆی زرێپۆش و چه‌ند لیواو فیرقه‌یه‌كی دیكه‌ به‌شدارن له‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر داعش".

ئه‌وه‌شی وت: "داعش ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆر چه‌كداری كوژراوه‌ و وره‌ی رووخاوه‌و له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌، له‌ به‌رانبه‌ریشدا سوپای عیراقیش كوژراو و برینداری هه‌یه‌".

دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی به‌ری رۆژهه‌ڵاتی موسڵ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا، له‌ ئێستادا چه‌كدارانی داعش له‌ به‌ری رۆژئاوای شاره‌كه‌ گه‌مارۆدراون، هاوكات چاوه‌ڕێی شه‌ڕێكی سه‌خت ده‌كرێت له‌ قۆناغی سێیه‌می ئۆپراسیۆنه‌كه‌دا كه‌ بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی به‌ری رۆژئاوای شاره‌كه‌، ئه‌ویش به‌هۆی ته‌سكی كۆڵانه‌كانی و له‌به‌رچاوگرنتی پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی.


PM:04:11:19/02/2017


ئه‌م بابه‌ته 2405 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو