مەكگۆرك: شه‌ڕی موسڵ كاتی پێویسته‌


وێستگه‌ نیوزـ

نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش لەگەڵ مه‌سعود بارزانی كۆبووه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ باسیان له‌ چه‌ندین خاڵی گرنگ كردووه‌.

برێت مه‌كگۆرك، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش ئاماژه‌ی بە قوناغی ئێستای ئۆپەراسیۆنی موسڵ كرد و به‌وته‌ی ناوبراو "شەڕێكی زۆر سەخت دەبێت و كاتی پێویستە".

مه‌كگۆرك وتیشی "بێ ھەماھەنگی پێشمەرگە و سوپای عیراق ئەم كارە ناكرێت و گفتگۆی وردمان لەبارەی ئەو شەڕە كرد بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەناوبردنی داعش".

لە وەڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ ھاوكاری ئەمریكا بۆ كورد لە شەڕی دژی داعش مەكگۆركوتی: "لە چەندین كەرتی جیاوازەوە ھاوكاری ھەرێمی كوردستان دەكەین، ستراتیژی ئێمە زۆر رونە، لە رووی سەربازی و ئابوورییەوە ھاوكاری ھەرێمی كوردستان دەكەین، لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەو ھاوكارییانەمان تاوتوێ كرد، دەبێ دڵنیا بین لەوەی كە داعش لەناو دەچێت".
 
لە پەراوێزی كۆنفرانسی ئاسایشی میونخ، مەسعود بارزانی لەگەڵ برێت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش كۆ بووەوە.

بارزانی لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونخ لەگەڵ بەرپرسان و نوێنەرانی ژمارەیەكی زۆری وڵاتانی بەشداری كۆنفرانسەكە كۆبووە و شەڕی دژی داعش و رۆڵی پێشمەرگە لەم شەڕەدا و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی ھەرێم لەگەڵ دەرەوە تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكانی بووە.

كۆنفرانسی ئاسایشی میونخ لە سێیەم رۆژو كۆتا رۆژی دایە و بارزانی لەو چەند رۆژەدا كۆمەڵێك دیداری گرنگی لەگەڵ سەركردە و نوێنەری وڵاتانی جیھان ئەنجامداون.

ھەر لەبارەی كۆبوونەوەی بارزانی و مەكگۆرك، فوئاد حسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند "كۆبوونەوەیەكی ئەرێنی بوو باس لە بارودۆخی ئێستای موسڵ و ئیدارەی نوێی ئەمریكا كرا"، وتیشی "پەیوەندی ئیدارەی نوێی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان و رەوشی عیراق بە گشتی تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو".






PM:05:26:19/02/2017


ئه‌م بابه‌ته 1386 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت