عادل موراد: 30ی حوزه‌یران دووباره نابێته‌وه
وێستگه نیوز –
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه 30ی حوزه‌یران دووباره نابێته‌وه.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست وێستگه نیوز كه‌وتووه، عادل موڕاد سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند كه "ئه‌وه‌ی جێگه‌ی دڵخۆشیه ئێستا كادر و ئه‌ندامانی حزبه‌كان بێ ئاگا له پڕۆسه‌ی سیاسی دوای فه‌رمانی سه‌ركرده‌كانیان ناكه‌ون و راوبۆچوون و سیاسه‌تی حزبه‌كانیان هه‌ڵده‌سه‌نگێنن و هه‌ڵویستی خۆیان ده‌بێت له‌سه‌ری زۆر به‌ڕاشكاوانه".
ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه كه "هه‌روه‌ها رای گشتی رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌یه له ئاراسته‌كردن و ره‌فتاری سه‌ركردایه‌تی و چۆنیه‌تی گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی تردا".
عادل موڕاد ده‌ڵێت: "پاش گۆڕانكاری له كاری حزبی و هاوكێشه نێوخۆییه‌كان، ئه‌وه‌ی روونه، هه‌موو كه‌س له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه نه 30 حوزه‌یرانێكی تر به‌ئاسانی دووباره ده‌بێته‌وه، له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی و، نه‌ش رێككه‌وتنی حزبی به پشتكردنه به‌رژه‌وه‌ندی باڵای میلـلـه‌ت ئیمزا ده‌كرێت".
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه "خه‌ڵك هۆشیاره و وای لێهاتووه كه به‌سندوقی ده‌نگه‌كان سزای حزبه‌كان ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه بكه‌ن، بۆیه دانوستانكاران زۆر له فه‌رمان و كار‌و بۆچونی فه‌ردی سڵ ده‌كه‌نه‌وه، هیچ كه‌سێك له‌م رێره‌وه به‌ده‌رنابێت. چونكه له دواییدا سزای میلـله‌ت زۆر قورس ده‌بێت".
له 30ی حوزه‌یرانی 2013دا و دوای كۆتاییهاتنی ماوه‌ی یاسایی مه‌سعود بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ ویلایه‌تی مه‌سعود بارزانی-یان وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم درێژكرده‌وه كه له 18ئابی 2015دا ویلایه‌ته‌كه‌ی كۆتایی بێت.
به‌وته‌ی مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان "(30) حوزه‌یران كاریگه‌ری باشی بۆ ھه‌رێمی كوردستان ھه‌بوو به‌وه‌ی رێگه‌ی له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك كێشه‌دا داخست، به‌ڵام زیانی بۆ ده‌نگه‌كانی یه‌كێتی ھه‌بوو".
PM:06:20:19/02/2017
ئه‌م بابه‌ته 3052
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت