لێدوانی‌ وته‌بێژی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ له‌سه‌ر گرته‌ی‌ ڤیدیۆیی ئه‌شكه‌نجه‌دانی‌ ئاواره‌كان


وێستگه‌ نیوز -

وته‌بێژی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ گرته‌ی‌ ڤیدیۆیی ئه‌شكه‌نجه‌دانی‌ ئاواره‌كان پێشێلكردنی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤه‌ و گرته‌ ڤیدیۆكه‌ به‌ نووسراوی‌ ره‌سمی‌ ئاراسته‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان ده‌كه‌ن، تا لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌باره‌وه‌ بكه‌ن.

محه‌مه‌د گۆمه‌شینی‌ وته‌بێژی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ وێستگه‌ نیوز رایگه‌یاند كه‌ ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌ی‌ كه‌ تیایدا كه‌سێك كه‌ وه‌ك پێشمه‌رگه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، ئه‌شكه‌نجه‌ی‌ ژماره‌یه‌ك ئاواره‌ ده‌دات، له‌ ماڵپه‌ڕی‌ عیراقیه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ پێكه‌وه‌ بینه‌ری‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ بوون بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌دواداچوونی‌ بۆ بكه‌ن.

محه‌مه‌د گۆمه‌شینی‌ وتی‌: "سبه‌ینێ‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ به‌ نووسراوی‌ ره‌سمی‌ ئاراسته‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ هه‌رێم كه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمه‌ ده‌كه‌ین".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "هیچ یاسایه‌ك رێگانادات ته‌نانه‌ت چه‌كدارانی‌ داعشیش له‌ ناو به‌ندیخانه‌كان ئه‌شكه‌نجه‌ بدرێن چ جای‌ هاوڵاتییه‌ك، چونكه‌ دیار نییه‌ چییه‌ و گه‌ر كه‌سێكی‌ گومانلێكراوه‌ پێویست به‌ لێدان ناكات و ده‌بێت ده‌ستگیر بكرێت و راده‌ستی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و ئاسایش بكرێت و گه‌ر شتێكی‌ له‌سه‌ره‌ بۆ به‌ره‌ڵا كرا و په‌ڕێنرایه‌وه‌".
 
وته‌بێژی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وتیشی‌: "ئێمه‌ داوا له‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان ده‌كه‌ین كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌ بكه‌ن و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ ئاگادار بكه‌نه‌وه‌ له‌و رێنماییانه‌ی‌ پێشتر ده‌ریان كردبوو سه‌باره‌ت به‌ مامه‌ڵه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ‌ دیله‌كان و ئه‌و ناوچانه‌ی‌ ئازادیان ده‌كه‌ن".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ ناوبانگێكی‌ جوانی‌ هه‌یه‌ ره‌نگه‌ تاك تاك خه‌ڵك ئاوا بكات، به‌ڵام كاره‌ساته‌كه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌سێك ئاوا ده‌كات، ئه‌م گرته‌ ڤیدیۆییه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی‌ خراپی‌ ده‌بێت و كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناوبانگی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت بۆیه‌ ده‌بێت وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌م وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌ و هه‌م ئیدانه‌شی‌ بكه‌ن".

محه‌مه‌د گۆمه‌شینی‌ روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌گه‌ر گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ راست بێت و ده‌ربكه‌وێت كه‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ن، ده‌بێت وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ ئیدانه‌ی‌ بكات، لیژنه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ دروست بكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ حاڵه‌ته‌كه‌ به‌ ئاسانی‌ تێنه‌په‌ڕێت و واده‌ربكه‌وێت كه‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكی‌ كوردستان بێ‌ باكن به‌رامبه‌ر ئه‌و رووداوه‌، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ش نییه‌ و هه‌ر حاڵه‌تێكی‌ دیكه‌یه‌، پێویسته‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ و لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندیدار به‌زوویی‌ وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌".

وته‌بێژه‌كه‌ی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ راشیگه‌یاند كه‌ "راستی‌ و دروستی‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌مان به‌جێهێشتووه‌ بۆ لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندیدار كه‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ بیستوومانه‌ ناوچه‌ی‌ حه‌ویجه‌یه‌".



PM:08:03:19/02/2017


ئه‌م بابه‌ته 3087 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت